دەورو نەخشی کۆماری ئیسلامی لە پەرەگرتنی بێکاری کەسانی خوێندەواردا

هەواڵنێری حکومەتی مێهر رۆژی یەکشەممە ٢٧ ی مانگی گوڵان ڕاپۆرتێکی بڵاو کردەوە لەژێر ناوی: “٥ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار تەحسیل کەردە لە گۆشەی ماڵەوە/ دەرس بخوێنن تا بێکاربن!”ئەم هەواڵنێریە لە زمان کوروش پەرەند جێگری وەزیری کارەوە، نووسی:” بەپێی ئاخرین ئامار، نرخی بێکاری فارغ التەحسیلانی وڵات لە ئێستادا ١٨،٩ لەسەدە و لەم ژمارەیە ١٢،٩ لەسەدیان پیاو و ٣١،٣ لەسەدیشیان ژنن، هەروەها ١١ ملیۆن و ٢٠٠ هەزار خوێندکاری تەحسیل کەردەی وڵات، ٥ ملیۆن و ٧٠٠ هەزار کەسیان نا چالاکن و هیچ نەخشێکیان لە بەرهەمهێنان و زێدەبایی ئابووریدا نییە.”هەڵبەت دەبێ ئەوەش بزانین کە لە ستانداردی ئامارگیری ئێراندا، کەسێک بە بێکار دەزاندرێت کە لە حەفتەی کاتی ئامارگیریدا بێکار و لە ٣ حەفتە بەر لەو تاریخەوە بەشوێن کارەوە بووبێت. بەپێی ئەم تەعریفە، کەسێک کە لە ماوەی حەفتەیەکدا لانیکەم سه‌عاتێك کاربکات، وەک شاغڵ پێناسە دەکرێت.بە لەبەرچاو گرتنی ئەم چاوبەستنە لە ئامارگیریدا کوروش پەرەند وتویەتی کە زۆرترین رێژه‌ی بێکاری لە ڕشتەکانی کامپیوتێڕ، شیلات، جەنگەڵداری و ژینگە دایە. لە ڕشتەی کامپیوتێڕدا ئەم نرخە ٢٧،٢ لەسەد و کەمترین نرخ لە خزمەتگوزاری گواستنەوە و گەیاندن بە ڕێژەی ١،٧ لەسەدە. پەرەند بە راگەیاندنی ئەوەیکە ٤ ملیۆن و ٥٠٠ هەزار خوێندکاری لە حاڵی خوێندن لە وڵاتیشدا هەن، وتویەتی: لەم ژمارەیە ٦٦ لەسەدیان لە دەورەی کارناسیدا دەخوێنن کە لە داهاتویەکی نزیکدا بۆ بردنە سەر کاریان توشی گرفتێکی گەورە ده‌بین.434

هەواڵنێری مێهر بە ڕەواڵی جاران بێ تەوەجوهی دەوڵەتەکان و سیاسەت گوزاران بە نیازەکانی بازاڕی بە هۆکاری قەیرانی کارەسات باری داسەپاو بەسەر ژنان و پیاوانی تەحسیل کەردە و بنەماڵەکانیاندا دەزانێ. مێهر لەمبارەیەوە نووسی: “بێ تەوەجوهی دەوڵەتەکان و سیاسەت گوزاران سەبارەت بەم خاڵە بوو کە ئەگەر ئەمرۆ لاوان بۆ چوون به‌ره‌و دانیشگاكان هان ئەدەن، سبەینێ دەبێ وڵامدەرەوەی داواکاریە پیشەییەکانیان بن. غافڵ بوون لەم بابەتە گرنگە لە ماوەی ساڵانێکی دوور و درێژدا بۆتە هۆی کەڵەکە بوونی داواکاری لاوانی تەحسیل کەردەی دانیشگاكان بۆ چوونە سەرکار لە لایەکەوە و درێژەی پەزیرشی هەزاران کەسی تر لە زاکۆکان؛ لە ئاکامدا ئەمرۆ وڵات گەیشتوەتە جێگایەک کە نازانێ چی لەگەڵ ئەو هەموو لاوە تەحسیل کەردەی زانکۆکاندا بە داواکاری جۆراوجۆری شوغڵیەوە بکات.”

مێهر لە درێژەدا ئەنووسێ: “کارناسانی بازاڕی کار پێیان وایە گرنگ ترین لاوازی ئەو کەسانەی وەک خوێندەوار و شارەزا بەشوێن کارەوەن ئەوەیە کە توانایی وڵام دانەوەیان بە داواکاری و پێویستیەکانی بازاڕی کار نییە. بە واتایەکی سادە تر، ئەوان لەبەر ئەوەی خاوەنی مهارەت و شارەزایی نین لە بەڕێوەبردنی کارەکاندا، وڵامدەرەوەی چاوەروانیەکانی خاوەنکار نین تا لە بازاڕی کاردا قەبوڵ بکرێن.گومانێک نییە لەوەیکە ئامرازە کۆمەک ئاموزشیەکان لە ئێران کۆنە و ناقیس و فەرسودەن و لە ئاکامدا ئاستی ئاموزشە فەنی و حیرفەیی و تەخەسوسیەکان زۆر لە خوارەوەن. ئەوەیکە باشترین ساڵەکانی تەمەنی بەرەی لاو لە دانیشگاكانی ئێراندا بە چنگ سیستمێکی ئاموزشی ناکارا و دواکەوتوانەوە بەفیڕۆ دەچێت، راستیەکی حاشاگەڵنەگرە، بەڵام خۆی بەدیهاتن و بەردەوامی ئەم سیستمە ئاموزشیە و بێکاری بەرینی کەسانی خوێندەوار و شارەزا رێشەی لەڕاستیەکی قوڵتردایە. کاری کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی و راگەیەنەرە رەسمیەکانیش شاردنەوە و داپۆشینی ئەم راستیەیە.ئاموزش لە ئێران بە توندی چینایەتییە. خاوەنانی سەروەت و سەرمایە، کاربەدەستانی رانتخۆر، کۆمەڵێک دزی خاوەن پلە و پایە و منداڵەکانیان لە باشترین ناوەندەکانی ئاموزشیدا دەورە دەبینن و بە پشت بەستن بە پوڵ و پارتی و یان ئیمکاناتی کەسوکاریان گەلێک پۆست و پیشەی گونجاو داگیر دەکەن. ئەوانیتریش ئەگەر خاوەنی زۆرترین مهارەت و زانست و شارەزایش بن بەهۆی کەم بوونی لەڕادەبەدەری شوغڵ تەنیا ژمارەیەکی کەمیان دەستیان لە کارێک گیردەبێ.گومان لەوەدا نییە کە بێکاری ریشەی لە نیزامی سەرمایەداری دایە. لەوێوە کە ئەم سیستمە بە قوڵی قەیراناوییە بێکاری لە ئاستی دنیادا زۆرە. بەڵام بەرینایی زۆری بێکاری و لەوانە بێکاری فارغ التەحسیلان لە ئێران ریشەی لە سیستمی ئابووری و حکومەتی سەرەڕۆ و غەرقی قەیرانی کۆماری ئیسلامی دایە. ئەم رژیمە خاوەنی ئابووریەکی مافیایی و سەرتاپا گەندەڵە کە توانایی رەخساندنی هەلی کاری زۆر لاوازە. سەرەڕای ئەم راستیە تاڵە لاوان و بە تایبەت ئەو کچانەی کە جێگایەک بۆ گەشەپێدانی تواناییەکانیان شک نابەن، هەروا و بە ناچار بە شێوەی میلیۆنی روو دەکەنە بەدەستهێنانی ئاموزشی دانیشگایی. بەرگرتن لەم شەپۆلە بۆ رژیم ئیمکان پەزیر نییە و لەم روەوە مل کەچیەتی.

بۆ خەبات لەگەڵ ئاستی بێکاری دەبێ رژیمی سەرمایەداری، زۆردار و گەندەڵی کۆماری ئیسلامی بڕوخێت و بۆ رزگار بوون لە چنگ موسیبەتەکانی بێکاری دەبێ لە جێگای سیستمی سەرمایەداری حکومەتێکی سوسیالیستی دابندرێت. بەڵام تا گەیشتن بەو قۆناغە پێویستە تەرح و بەرنامە و داواکاری دەقیق و رۆشن هەبێت. کار و ئەمنیەتی پیشەیی، یان بیمەی بێکاری کافی، داواکاری و مافی بێ ئەملاوئەولای سەرجەم کرێکارانی لەسەرکار و بێکار و لاوانی بەشوێن کارەوەیە. بەڵام ئەم مافە بە خەباتێکی رێکخراو و سازمانیافتە و دیارە تەنیا بە بەرپا کردنی بزوتنەوەیەک لەدژی بێکاری دەستەبەر دەبێت. بزوتنەوەیەک کە شەرایەتە عەینەیەکەی ئامادەیە. هێزی ئامادە و بیلقوەی ئەم بزوتنەوەیە نەتەنیا خێڵی ملیۆنی کرێکارانی بێکار، بەڵکوو بەملیۆن کرێکاری لەسەرکار و ئەو بنەماڵە کرێکاریانەش کە دێوەزمەی بێکاری ئەمنیەتی کاریی لێ زەوت کردون دەگرێتەوە. بزوتنەوەیەک کە بەهۆی درێژەکێشانی قەیرانی ئابووری، پەرەسەندنی بێکارسازیەکان و داواکاری هاوبەش، دەتوانێ بەخێرایی جەماوەری و بەهێز بێت. ئەم بزوتنەوەیە دەتوانێ شگردی بێکاری کە لە لایەن سەرمایەداران و دەوڵەتەکەیانەوە بۆ دروست کردنی تەفرەقە لە ریزی کرێکاراندا بەکاری دێنن، پوچەڵ بکەنەوە.بەڵام بەرەوپێش بردنی ئەم خەباتە و بردنەسەری تا ئاستی بزوتنەوەیەکی جەماوەری، پێویستی بە هاوپشتی هەڵسوراوان، تۆڕ و مەحفەلە وشیارەکانی مەوجود لە بزوتنەوەی کرێکاریی ئێراندا هەیە. خێڵی بەرینی بێکاران و ئاگادار بوون لە مەترسی خەسارە پڕ ئازارە کۆمەڵایەتیەکان کە لە کەمینی بێکاران و بنەماڵەکانیان دایە، زەرفیەتێکی زۆری ناڕەزایەتی، بەتایبەت لەنێو توێژی خوێندەوارانی بێکاردا، کە هەموو ئارەز و ئاواتەکانیان بە فیرۆچوو دەبینن، بەدی هێناوە. شکڵ گرتنی وشیارانە و هەنگاو بە هەنگاوی ئەم ناڕەزایەتیانە لە عەینی حاڵدا دەبێتە زەمینە سازی بەرپا بوونی تەشەکولی جەماوەری و بەردەوام بوونی کاری کرێکاران.