راپۆرتی بەڕێوەچونی پلینۆمی پێنجەمی کومیتەی ناوەندی حیزبی کونیستی ئێران بەشی (کۆتایی)

کۆبونەوەی کومیتەی ناوەندی لە درێژەی باسەکانیدا چووە سەر ئەوزاعی سیاسی لە سوریە و تورکیە. قەیرانی سوریە کە دوای بە شکست کێشرانی خەباتی ئازادیخوازانەی خەڵک کە بۆ نان و ئازادی هاتبونە مەیدان، بەکردەوە بووە بە مەیدانی شەڕی نێوخۆیی و رقابەتی هێزە ناوچەیی و جیهانیەکان، هەروا درێژەی هەیە. قەیرانی کارەساتباری سوریە نە تەنیا نیشانەیەک لە هێور بوونەوەی نابیندرێت بەڵکوو بە سه‌رنجدان بە توند بوونەوەی کێشمەکێشی هێزە ناوچەییەکانی دەخیل لەم قەیرانەدا، ئەگەری ئەوە هەیە کە شەڕی نێوخۆیی لەم وڵاتەدا ئاستێکی نوێ بەخۆیەوە بگرێت.بە لەبەرچاو گرتنی دەست پێکردنی ئاموزشی بەرنامە بۆداڕێژراوی هێزەکانی ئەڕتەشی ئازادی سوریە لە خاکی تورکیەدا بەپێی تەوافوقی نێوان دەوڵەتی ئەم وڵاتە و ئامریکا و لە به‌رچاو گرتنی ئەوەیكە عەرەبستانی سعودی و ئیمارات و باقی هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکەدا بە زیاد کردنی یارمەتیەکانیان بۆ هێزەکانی ئەرتەشی ئازاد، بەرەی نوسرە و باقی گروپە کۆنەپەرستەکان لە هاوئاهەنگی لەگەڵ دەوڵەتی تورکیەدا بۆ روخاندنی دەوڵەتی بەشار ئەسەد هەوڵئەدەن و لە حاڵێکدا کە پشتیوانی روسیە لە بەرەی هێزەکانی دەوڵەتی سوریە، رژیمی کۆماری ئیسلامی و حێزبۆڵڵای لوبنان لەم شەڕەدا هەروا درێژەی هەیە، ئەم بارودۆخە شەر و خوێنڕشتن لەم وڵاتە توندتر دەکاتەوە.402

درێژەی ئەم شەڕ و خوێن ڕشتنە لە حاڵێکدا کە لە سەرەتای قەیرانەکەوە تا ئێستا ئامارەکان باس لە نزیکەی ٢٠٠ هەزار کوژراو و ٩ ملیۆن ئاوارەی شەڕ دەکەن، هەموو جۆرە درۆیه‌ك بۆ خۆدەرخستن و دەربڕینی ناڕەزایەتی و نیگەرانی لە درێژەی ئەم بارودۆخەی بە توندی داخستووە و شیرازەی ئەم کۆمەڵگایەی تێکداوە. لە ئاوا بارودۆخێکدا مەوداگرتن لە بڵێسەکانی ئەم شەڕە کارەساتبارە و لەقاودانی ماهیەتی کۆنەپەرستانە و رۆشنگەری سەبارەت بەو مەترسیانەی کە درێژەی ئەم بارودۆخە بۆ خەڵکی ناوچەکەی بە دیاری دێنێ بۆ بزوتنەوەی رەوای خەڵکی کوردستانی سوریە خاوەنی گرینگیەکی حەیاتیە. گومانی تێدا نییە لەم شەرایەتە ئالۆزەدا، دەوڵەتی تورکیە و ئامریکا لە لایەکەوە و رژیمی کۆماری ئیسلامی لە لایەکی ترەوە درێژە بە گوشارەکانیان ئەدەن، بۆسەر هێزە سیاسییەکان و رێبەریی کانتۆنە خۆبەڕێوەبەرەکانی کوردستانی سوریە بۆ هاوجیهەت بوون لەگەڵ یەکێک لە بەرەکانی ئەم شەڕە کۆنەپەرستانەیە. لە ئاوا بارودۆخێکدا تەنیا بە پشت بەستن بە هێزی کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و زەمانەت کردنی حزوریان لە مەیدانی سیاسی و ده‌خاڵەتی راستەوخۆیان لە بەڕێوەبردنی کۆمەڵگادایە کە دەتوانن ئەم گوشارانە پوچەڵ بکەنەوە. ئەگەر لە جەریانی بزوتنەوەی خۆراگری کۆبانیدا هێندێک هاوجیهەتی لەگەڵ عەمەلیاتی هەوایی هێزەکانی ئامریکادا لەدژی داعش، ناچاری قابیلی دەرک و شیاوی تەوزیحدان بوو، بەڵام هەموو جۆرە هاوجیهەتیەکی راهبوردی لەگەڵ سیاسەتی هێزە کۆنەپەرستە ناوچەیی و جیهانیەکان چارەنووسی بزوتنەوەی رەوای خەڵکی کوردستانی سوریە دەخاتە مەترسیەوە.

لە تورکیە لە حاڵێکدا دەوڵەتی داد و گەشەپێدان بە پەسند کردنی قانونی “ئەمنیەتی نێوخۆیی” و پێداگری لەسەر پێویستی به‌كرده‌وه‌ ده‌رهێنانی وەها یاسایەک وەک پرۆژەیەکی میللی جەخت دەکاتەوە، کە چارەنووسی وتووێژەکان و “پرۆسەی ئاشتی” نێوان دەوڵەتی تورکیە و پ.ک.ک چۆتە قۆناغێکی نادیارەوە. دەوڵەتی تورکیە وێڕای لە ئارادا بوونی ناڕەزایەتی توندی هێزە ئوپوزسیۆنەکان لایەحیەکی لەم چەشنەی بە پەسندی پارلماندا گەیاند. بەپێی ئەم قانونە، بەندەکانی کۆنترۆڵی پۆلیسی بەسەر کەش و هەوای کۆمەڵگەدا توندتر دەبێتەوە. لەسەر ئەساسی ئەم یاسایە ئیختیاراتی پۆلیس بۆ سەرکوتی خۆپیشاندەران و کۆنترۆڵ کردنی کۆبونەوە ناڕەزایەتیەکان زیاتر دەبێت. ئەم قانونە نوێیە ئامادەبوون لە خۆپیشاندانەکاندا بە دەمامک یان تەنانەت داپۆشینی بەشێک لە دەموچاو قەدەغە دەکات و ئیجازە ئەدات بە پۆلیس تەنانەت بەبێ ئەوەی درابنە بەر هێرش، خۆپیشاندەران بدەنەبەر گوللە. ئەم یاسایە هەروەها ئیختیاراتی پۆلیس لە بواری بەداوادا چوون، گرتن و تەفتیش و گەڕانی ماڵی خەڵکی”گومان لێکراو” و بە تەشخیسی پۆلیس ” ئاژاوەگێڕ و توندوتیژیخواز” زیاتر دەکات. لەوێوە کە شارەکانی کوردستانی تورکیە لەم ساڵانەی دواییدا یەکێک لە کانونە گەرمەکانی خەبات، ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی جەماوەری لەدژی سیاسەتەکانی دەوڵەتی تورکیە بوون، خەڵکی کوردستان پەسند کرانی یاسایەکی لەم جۆرە لە دژایەتی لەگەڵ “پرۆسەی ئاشتی”دا دەبینن.لەسەر ناوەرۆکی ئەم بارودۆخە، درێژەدان بە وتووێژە ناڕاستەوخۆکانی دەوڵەتی تورکیە به‌ رێبەریی پ.ک.ک. کە لە دەرەوەی سنورەکانی تورکیەدا جێگیرە و بڵاو کردنەوەی پەیامە ناڕوونەکانی عەبدوڵڵا ئوجەلان رێبەری ئەم حیزبە کە هێشتا لە زیندانی ئەمنیەتی تورکیەدایە زیاتر پەرەی بە ناڕوونی و نیگەرانی سەبارەت بە داهاتووی ئەم وتووێژانە داوە. پەیامە ١٠ مادەییەکەی ئەم دواییەی عەبدوڵڵا ئوجەلان داواکارییە رەواکانی خەڵکی کوردستان بەشێوەیەکی روون و ئاشکرا لە بەرانبەر دەوڵەتی تورکیەدا دەرناخات. لە غیابی دەربڕینێکی روون و ئاشکرای ویست و داواکارییەکانی خەڵکی کوردستاندا دەوڵەتی تورکیە و راگەیەنەرەکانی ئەم وڵاتە ئاگاهانە بانگەوازی ئۆجەلان بۆ چەکدانانی پ.ک.ک لە بەهاری ساڵی داهاتوویان کردۆتە مێحوەری تەبلیغاتی خۆیان.

بەڵام دەوڵەتی داد و گەشەپێدان بە باشیی دەزانێ کە چەکدانانی پ.ک.ک لەم بارودۆخەدا عەمەلی نییە و ئەگەر بێت و پ.ک.ک بۆ چەکدانان بکەوێتە ژێر گوشارەوە، زۆربەی هێزەکانی حازر نین لە بەرانبەر وەعدە ناڕوونەکانی دەوڵەتی تورکیەدا چەک دابنێن. کەوایە ئامانجی یەکەمی دەوڵەتی تورکیە لە وەڕێخستنی هەراوهوریای تەبلیغاتی سەبارەت بە چەکدانانی پ.ک.ک ئەوەیە کە لە بەردەوامی ئاتەش بەس و راوەستانی چالاکی چەکدارانەی ئەم حیزبە دڵنیا بێتەوە. دەوڵەتی تورکیە هەروەها ئەم ئامانجەشی هەیە کە بە دانی وەعدە و وەعیدی نارۆشن سەبارەت بە چارەسەر کردنی مەسەلەی کورد و هاوکات بە زیاد کردنی ئیختیارات و تواناییەکانی پۆلیس و هێزە ئەمنیەتیەکان لە بەرەنگار بوونە لەگەڵ ناڕازییان، خۆی لەژێر گوشاری خۆپیشاندان و نەڕەزایەتیە جەماوەرییەکان لە شارەکانی کوردستانی تورکیە دەربێنێ.دەوڵەتی تورکیە لە بارودۆخێکدا دەرفەتی ئەم مانۆڕە دەغەڵکارانەیەی دەست کەوتوە کە هاوسەنگی هێز لە ئێستادا لەنێوان بزوتنەوەی خەڵکی کوردستانی تورکیە و دەوڵەتدا لەسەر مێزی وتووێژەکان بەشێوەیەکی راستەقینە نوێنەرایەتی ناکرێت. هەر ئەو هاوسەنگی هێزەی کە توانیویەتی دەوڵەتی تورکیە بکێشێتە پای میزی موزاکرات، دەتوانێ بەشێک لە ویست و داواکاریەکانی خەڵکی کوردستانیش بەسەر دەوڵەتی تورکیەدا بسەپینێ. بەڵام داسەپاندنی ئەم داواکاریانە بەسەر دەوڵەتی تورکیەدا بە زیرەکی دیپلۆماتیک لە مەیدانی موزاکراتدا ئیمکانپەزیر نییە. تەنیا بە حزوری هاوکاتی جەماوەری خەڵک لەسەر شەقامەکان و لە مەیدانی سیاسی کۆمەڵگادا و بە ئاتەش بەسی مەرجدار و زەمانبەندی کراوە کە دەکرێ لە مەیدانی وتووێژەکاندا بەرەو پێشەوەچوون دەستەبەر بکرێت. نابێ دەرفەت بە دەوڵەتی تورکیە بدرێت کە بە دەغەڵکاری خۆی لەژێر گوشاری ناڕەزایەتی جەماوەری لە شارەکانی کوردستان دەرکێشێ، پێگە و دەور و نەخشی هێزی چەکدار لە بزوتنەوەی کوردستاندا پوچەڵ بکاتەوە و پێوەندی نێوان بزوتنەوەی رەوای خەڵکی کوردستان لەگەڵ بزوتنەوەی پێشکەتنخوازانەی سەرتاسەری لاواز بکات.راپۆرتی عەمەلکەردی ئۆرگانە جۆراوجۆرەکانی حێزبی لە لایەن بەرپرسانی ئەم ئۆرگانانەوە بەشێکی دیکە بوو لە راپۆرتی ئیرایە دراو بە پلینۆمی کومیتەی ناوەندی. هاوڕێیانی کومیتەی ناوەندی دوای بیستنی راپۆرتی تەشکیلاتی ئۆرگان و بەشە جۆراوجۆرەکانی تەشکیلاتی حیزب، وەک کۆمیتەی نێو شارەکان، تەشکیلاتی دەرەوە وڵاتی حیزب، کۆمەڵە- تەشکیلاتی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران، کاناڵە تەلەویزیۆنیەکانی حیزب و کۆمەڵە، ڕادیۆ دەنگی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، دەفتەری پێوەندی نێنەتەوەیی و نەشریەی جیهانی ئیمروز، بە ئامانجی باشتر کردنی فەعالیەت لە مەیدانە جۆراوجۆرەکاندا، سرنج و تێبینی و پێشنیارەکانیان خستە روو.پلینۆم لە بەشی کۆتایی کارەکانی و لە باسی پێوەند بە ئاڕایش و تەقسیم کاری کومیتەی ناوەندی، لەنێو ئەندامەکانیدا کومیسیۆنێکی ٧ کەسی بە ئامانجی ئامادەکاری سیاسی و تەشکیلاتی بۆ بەڕێوەچوونی کۆنگرەی دوازدەی حیزب کە لە کۆتایی ئەمساڵی زاینیدا بەڕێوەدەچێت هەڵبژارد. کۆبونەوەی کومیتەی ناوەندی هەروەها بە مەبەستی هیدایەت کردنی چالاکیە سیاسی و تەشکیلاتیەکانی حیزب لە مەودای نێوان دوو پلینۆم، کۆمیتەیەکی ئیجرایی پێکهاتوو لە ٧ کەس لە ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی حیزب، هاوڕێیان: هەڵمەت ئەحمەدیان، ڕەئوف پەرستار، نوسرەت تەیمورزادە، شەمسی خوڕەمی، حەسەن شەمسی، ئیبراهیم عەلیزادە و سەلاح مازوجی هەڵبژارد.

کومیتەی ئیجرایی حێزبی کۆمۆنیستی ئێران
١١ی خاکەلیوەی ١٣٩٤
٣١ی مارسی ٢٠١٥