راپۆرتی بەڕێوەچوونی پلینۆمی پێنجەمی کومیتەی ناوەندی حیزبی کونیستی ئێران  بەشی (٥)

گوزارشی سیاسی کومیتەی ئیجرایی بۆ پلینۆم و قسە و باسەکانی سەبارەت بە بارودۆخی عێراق جەختی لەسەر ئەوە بوو کە سیاسەتی ده‌خاڵەتگەرانەی کۆماری ئیسلامی بە بیانوی بەرەنگار بوونەوەی داعش، ئامانجی درێژماوەتری لەپشتەوەیە. میلیشیای شیعەی ناوسراو بە “حەشدی شەعبی” ئێستا لە ئەرتەشی عێڕاق گەلێک تەیار تر و زیاترە. ئەم هێزە کە لە لایەن سپای قودسی پاسدارانی کۆماری ئیسلامیەوە ئاموزش دراوە، تەیار کراوە و فەرماندەییش دەکرێت. ئاشکرایە کە ئەم هێزە بەتایبەت ئەگەر لە بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ داعشدا سەرکەتوو بێت، ئیتر قەرار نییە بە ئاسانی چەک دابنێت و بگەڕێتەوە ماڵەوە. رژیمی کۆماری ئیسلامی ئەگەر بێت و بتوانێ حەسایەتەکانی ئامریکا لە بواری دەستێوەردانەکانی لە عێڕاقدا پوچەڵ بکاتەوە، هەوڵ ئەدات کە ئەم هێزە وەک بەسیج و سپای پاسدارانی ئێران لە پەڕاوێزی ئەڕتەشی عێڕاقدا کە گەندەڵی و ناکاراییەکانی لای هەمووان ئاشکرایە، درێژە بە حەیاتی خۆی بدات. کۆماری ئیسلامی دەیەوێ بە مانەوەی ئەم هێزە، دەستێوەردانەکانی بانتر لە نفوزی سیاسی بەسەر ئەحزاب و هێزە شیعەکانەوە، پشت بە هێزێکی رێکخراوی چەکدار ببه‌ستێت و لەم ڕێگایەوە ئامانجە درێژماوەترەکانی بەرێتە پێش. کۆماری ئیسلامی به‌نیازه‌ بە پشت بەستن بەم هێزە، هاوسەنگی هێز بەشیوەیەکی هەست پێکراو بە زیانی سونیه‌كان، بە زیانی خەڵکی کوردستانی عێڕاق بگۆڕێت و هەر کاتێک بە پێویستی زانی، ئەم هێزە بۆ وەرگرتنەوەی شاری کەرکوک و باقی ناوچە ناکۆکی لەسەرەکان، لە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەکار بێنێ. کۆماری ئیسلامی هەروەها لەم هێزە بۆ باڵادەستی خۆی بەسەر ڕەقیبە ناوچەییەکانیدا وەک عەرەبستان، قەتەر و تورکیە لە عێڕاق کەڵک وەردەگرێت.402

گومانی تێدا نییە کە کۆماری ئیسلامی بە مەوقعیەتێکی نوێ کە لە عێڕاقدا بەدەستی هێناوە و بە پشتیوانی کردن لە جەریانی شیعە حه‌وسیەکان لە یەمەن کە لەم هه‌فتانه‌ی دواییدا بە داگیر کردنی سەنعا پێتەختی ئەم وڵاتە و شاری عەدەن لە هەوڵدان بۆ زاڵ بوونی تەواو بەسەر یەمەندا، ئاستێکی نوێی داوەتە سیاسەتی مداخڵە جویانەی خۆی لە وڵاتانی ناوچەکەدا. بەڵام ئەم سیاسەتە هێرشبەرانەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا بە چەندین هۆکاری عەینی كورت و شکەننەندەیە. لەبەر ئەوەی یەکەم، ئەم دەستێوەردانانە و سیاسەتی هێرشبەرانەی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکەدا بەو هەزینە قورسانەی کە هەیەتی، لەگەڵ تەنگ و چەڵەمە و بارودۆخی شپرزەی ئابووری ئەم رژیمە لەنێوخۆی ئێراندا کە بە هۆیەوە زیاتر لە ٦٠ لەسەدی خەڵکی ئەم وڵاتەی بەرەو ژیانبەسەر بردن لەژێر هێڵی هەژاریدا پاڵپێوەناوە و زەمینەی ناڕەزایەتی جەماوەری فەراهەم کردوە، نایەتەوە. دووهەم، دەبێتە هۆی دەخاڵەتی بەپێچەوانەی نیزامیی عەرەبستانی سعودی، کە ماناکەی تێکرار بوونەوەی سیناریۆکانی سوریە و لیبییە لە وڵاتی یەمەن. حزوری بەرینی رژیمی کۆماری ئیسلامی کە وەک پێگەی سیاسی شیعەکان لە ناوچەکەدا ناسراوە لە شەڕی نێوخۆی عێڕاقدا، کەلێنی نێوان شیعە و سونی لە عێڕاق و سەرجەم ناوچەکەدا قوڵ تر دەکاتەوە و قین و نەفرەت و شەڕی مەزهەبی بڵێسەدار تر دەکات. ئەم سیاسەتە هێرشبەرانەی کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق و یەمەندا ئەو جۆرەی کە پێش بینی دەکرا و تەجروبەش نیشانیداوە، هەوڵەکانی حکومەتی عەرەبستان و باقی حکومەتە عەرەبیەکان لە ناوچەکەدا و دەوڵەتی تورکیەی بۆ پێکهێنانی ئیئتیلاف و هاوکاری بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ پەرەسەندنی نفوزی کۆماری ئیسلامی توندتر دەکاتەوە. هەوڵی عەرەبستانی سعودی و ئیمارات و باقی هاوپەیمانەکانیان لە ناوچەکەدا بۆ بەڕەسمی ناساندنی بەرەی نوسرە وەک یەکێک لە هێزە سەرەکیەکانی ئوپوزسیۆنی دەوڵەتی بەشار ئەسەد و هاندانی بۆ هاوکاری کردن لەگەڵ ئەڕتەشی ئازاد و لە لایەکی ترەوە پێکهێنانی ئیئتیلافێک بە ڕێبەری عەرەبستانی سعودی بۆ بۆمباران کردنی پێگەی حه‌وسیەکان لە یەمەن، ئەم دوو وڵاتە دەکاتە دوو کانونی شەڕی نیابەتی ئەم دوو جەمسەرە کە کارەساتی مەترسیداری ئینسانی بەشوێنەوە دەبێت. زیاد بوونی حزوری کۆماری ئیسلامی لە عێڕاق بە بیانوی بەرەنگار بوونەوەی لەگەڵ داعش هەرچەند بە تەوافوقی تەلویحی ئامریکا بەڕێوەچووە، بەڵام بەدڵی ئامریکا نییە. سیاسەتی ئامریکا لەژێر گوشاری ڕەقیبەکانی کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکە و هاوپەیمانە سوننیەکانی ئامریکا لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدا دەگۆڕێت. بەڵام تێکچونی هاوسەنگی هێزی دەسەڵاتە کۆنەپەرستە جیهانی و ناوچەییە ده‌خاڵەت گەرەکان لە عێڕاقدا، هیچ باش بوونێک لە بارودۆخی ژیان و ئەمنیەتی خەڵکی ئازارچێشتوی عێڕاقدا پێکناهێنێت. زۆربەی خەڵکی ئەم وڵاتە لە داوی ده‌خاڵەتگەری ئامریکا و هێزە کۆنەپەرستە ناوچەییەکان و ئەحزاب و گروپە خوێنڕێژەکان و مافیای مەزهەبیدا گیریان خواردوە. تەنیا ڕێگای دەرچوون لەم بارودۆخە کارەساتبارە، وشیار بوونەوەیەکی گشتییە. ئەگەر ئەم زۆرینە ئازار چێشتووه‌ و نیگەرانەی کە بەرەو بێ تەفاوەتی سیاسی پاڵپێوەنراون، لە پەراوێز بێنەدەر و بە پشت بەستن بە هێزی ئاگاهی و خەباتی سازماندراوی خۆیان، سەرلەنوێ باوەڕبه‌خۆیی بەدەست بێننەوە، دەتوانن بەساتی ئەم گروپە جەنایەتکارە ئیسلامی و حاکمیەتی کۆنەپەرستانەیە تێکەوەپێچن و کۆتایی بە دەخاڵەتگەری هێزە کۆنەپەرستە سەرمایەدارییەکان بێنن. تا کاتێک کە زۆربەی خەڵکی عێڕاق نەبونەتە هێزی ئەم ڕەوتە کۆنەپەرستانە و لە چاوڕوانی کۆتایی هاتنی ئەم بارودۆخەدان، ئەم هیواداریە مومكینه‌. دەبێ ئەم هێزە هیوادار بوون، بکاتە توانایی پیکهێنانی ئاڵوگۆڕ. لەم بارودۆخەدا توند کردنەوەی خەبات بۆ روخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی، دەتوانێ ئاسۆیەکی روون بەڕووی خەڵکی عێڕاقدا بکاتەوە.لە درێژەی ئەم قسە و باسەدا، پلینۆمی کومیتەی ناوەندی بە سه‌رنجدان بە پەرەسەندنی ده‌خاڵەتگەری کۆماری ئیسلامی لە عێڕاقدا و سیاسەتی سازشکارانەی ئەحزابی دەسەڵاتدار لە هەرێمی کوردستانی عێڕاق لە بەرانبەر ئەم ڕژیمەدا، گومان بڵاو کردنەوەیان سەبارەت بە دەورو نەخشی ئەم رژیمە و شاردنەوەی ئامانجە شومەکانی کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە کوردستانی عێڕاق، لەسەر پێویستی رۆشنگەری زیاتر سەبارەت بە ماهیەتی راستەقینەی سیاسەتەکانی کۆماری ئیسلامی و ئاسەوارە مەترسیدارەکانی ئەم سیاسەتانە بۆ خەڵکی عێڕاق و کوردستان جەختی کردەوە. پلینۆم هەروەها لەسەر پێویستی بردنەسەری ئامادەیی بەشی عەلەنی تەشکیلاتی کۆمەڵە لە هەموو بوارەکاندا بۆ بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ ئەگەری هەموو جۆرە مەترسیەک کە لە ئاکامی پەرەسەندنی حزوری کۆماری ئیسلامی لە ناوچەکدا ڕەنگە هەڕەشە لەم بەشەی تەشکیلات بکات، جەختی کردەوە.