راپۆرتێك سه‌باره‌ت به‌ ناڕه‌زایه‌تی سه‌رتاسه‌ری موعه‌لیمانی ئێران

1q
له‌ درێژه‌ی كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی موعه‌لیمان له‌ شار و ئۆستانه‌ جیاجیاكانی ئێران كه‌ رۆژی رابردووش هه‌واڵه‌كه‌یمان به‌ ئاگاداری گه‌یاندن، موعه‌لیمانی خه‌باتكار هه‌ر له‌و رۆژه‌دا واته‌ رۆژی ١٦ی ره‌زبه‌ر، سه‌ره‌ڕای كه‌ش و هه‌وای توندی ئه‌منیه‌تی، هه‌روه‌ها له‌ باقی ئۆستانه‌كانی دیكه‌ له‌وانه‌ گیلان، بوشێهر، زه‌نجان، ئه‌لبۆرز، قه‌زوین، هه‌مه‌دان، خوراسانی ره‌زه‌وی، ئۆستانی مه‌ركه‌زی، كرماشان، ئازه‌ربایجانی غه‌ربی و شه‌رقی و شاره‌كانی كوردستان وێڕای موعه‌لیمانی سه‌رتاسه‌ری وڵات، ده‌نگی عه‌داڵه‌تخوازی و ئازادیخوازیان هه‌ڵبڕی و به‌ بارودۆخی خراپی به‌ڕێچوونی ژیان و مافه‌كانیان و ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی موعه‌لیمان، ناڕه‌زایه‌تیان ده‌ربڕی.
موعه‌لیمان به‌ كۆبوونه‌وه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئیداره‌ی ئاموزشی و په‌روه‌رشی شار و ئۆستانه‌كان، خوازیاری جێبه‌جێ كردنی ماف و مه‌زایاكانیان، كۆتایی هێنان به‌ سه‌ركوت و ئازادی زیندانیانی سیاسی و موعه‌لیمانی به‌ندكراو بوون. له‌ جه‌ریانی ئه‌م كۆبوونه‌وانه‌، بڕیارنامه‌ی كۆتایی موعه‌لیمان له‌ نێو شادی و خۆشحاڵی به‌شداربووان خوێندرایه‌وه‌ و په‌سه‌ند كرا. فه‌رهه‌نگیان له‌م بڕیارنامه‌یه‌دا داخوازییه‌گه‌لێكان مه‌تره‌ح كرد. له‌وانه‌: “مافی خوێندنی به‌خۆڕایی بۆ منداڵان و راگرتنی خسوسی سازی مه‌دره‌سه‌كان، زیاد كردنی حقوقی فه‌رهه‌نگیان، ئازادی رێكخراو، ریشه‌كێش كردنی هه‌ڵاواردن له‌چاو كارمه‌ندانی دیكه‌ی ده‌وڵه‌ت، هاوته‌ریب بوونی ئاستی حقوقی خانه‌نشین كراوان له‌گه‌ڵ شاغڵین، بنبڕ كردنی هه‌ڵاواردنی جنسیه‌تی، كۆتایی هێنان به‌ گوشارخستنه‌ سه‌ر موعه‌لیمان و كانونی سنفی فه‌رهه‌نگیان، ئازادی هه‌رچی خێراتری موعه‌لیمانی زیندانی و راگرتنی ئیجرای حوكمی ده‌ركراو له‌دژی ئه‌وان بوون. جێگای وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی موعه‌لیمان، بێزاری سه‌دان موعه‌لیم و هێرش بۆسه‌ر كانونی سنفی موعه‌لیمانی تاران و ده‌ستبه‌سه‌ر كردنی زیاتر له‌ ١٤ كه‌س له‌ هه‌ڵسووڕاوانی سێنفی كانون له‌ رۆژی سێشه‌ممه‌ ١٤ی مانگی ره‌زبه‌ر واته‌ دوو رۆژ پێش له‌ به‌ڕێوه‌چوونی كۆبوونه‌وه‌كان، نه‌یتوانی پێش به‌ ده‌ربڕینی تووڕه‌یی و ده‌نگی عه‌داڵه‌تخوازانه‌ی موعه‌لیمان بگرێت.