راگه‌یاندنی كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌ له‌ پێوه‌ند له‌گه‌ڵ رووداوه‌كانی ئه‌م رۆژانه‌ی دوایی له‌ شاری مهاباد

خۆپیشاندانی هێمنانه‌ی خه‌ڵكی شاری مهاباد له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌ جه‌نایه‌تێك كه‌ به‌كرێگیراوانی رژیمی كۆماری ئیسلامی سه‌به‌بكاری بوون، له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی رژیمه‌وه‌ به‌ره‌و توندوتیژی برا. خه‌ڵكی خه‌باتگێڕی مهاباد كوژرانی كچێك كه‌ ته‌سلیمی مه‌یلی هه‌وه‌سبازانه‌ی یه‌كێك له‌ ده‌ست و پێوه‌نده‌كانی ئیتلاعاتی رژیم و پیلانی مودیری هوتێلی شوێنی كاره‌كه‌ی نه‌بوو، ته‌حه‌مول نه‌كرد. ئێواره‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ ١٧ی مانگی گوڵان هه‌زاران كه‌س له‌ خه‌ڵكی شاری مهاباد له‌ گه‌ڕه‌كه‌ جیاجیاكانی شار‌ه‌وه‌ به‌ره‌و هوتێلی شوێنی ئه‌م جه‌نایه‌ته‌ كه‌وتنه‌ڕێ. خۆپیشاندانه‌كه‌ هێمنانه‌ بوو. خواستی خه‌ڵكی خۆپیشانده‌ر، روون و عادڵانه‌ بوو. خه‌ڵك ده‌یانهه‌ویست سه‌به‌بكارانی ئه‌م پیلانگێڕییه‌ جه‌نایه‌تكارانه‌یه‌ بناسێندرێن و له‌ زووترین كاتدا دادگایی بكرێن و سزا بدرێن. خه‌ڵك هه‌ر له‌ رۆژی دووشه‌ممه‌ ١٤ی گوڵانه‌وه‌ كه‌ “فه‌ریناز خوسره‌وانی” له‌ هۆتێل تاران ببووه‌ قوربانی پیلانی هاوبه‌شی مودیر و خاوه‌نی هۆتێل و یه‌كێك له‌ ده‌ست و پێوه‌نده‌كانی ئیداره‌ی ئیتلاعاتی ریم له‌ مهاباد، به‌ شێوازی جۆراوجۆر ئه‌م خواسته‌ سروشتییه‌یان نایه‌ به‌رده‌م كاربه‌ده‌ستانی رژیم. 7

به‌ڵام رژیمی دژه‌ ژنی كۆماری ئیسلامی، له‌باتی وڵامدانه‌وه‌ به‌م داخوازییه‌ ره‌وایه‌ی خه‌ڵكی شاری مهاباد، ده‌ستیكرد به‌ ته‌یار كردنی هێزه‌ سه‌ركوتگه‌ره‌كانی و به‌كرده‌وه‌ بووه‌ هاوده‌ستی ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م جه‌نایه‌ته‌. هه‌ر بۆیه‌ خه‌ڵكی شاری مهاباد رژانه‌ سه‌ر شه‌قام و داخوازییه‌كه‌یان به‌ ده‌نگی به‌رز هاوكار كرد. له‌ به‌رامبه‌ردا رژیم، هێزی سه‌ركوتگه‌ری یارمه‌تیده‌ری له‌ شاره‌كانی نه‌غه‌ده‌ و ورمێیه‌وه‌ هێنایه‌ مه‌یدان و له‌ ناوچه‌ جیاجیاكانی شار جێگیری كردن. ریزی ناڕه‌زایه‌تی هێمنانه‌ی خه‌ڵك درایه‌ به‌ر هێرش. خه‌ڵكی خه‌باتكار له‌ به‌رامبه‌ر توندوتیژی رژیم به‌ ده‌ستی به‌تاڵ به‌ڵام به‌ ئیراده‌ی پۆڵایین، ده‌ستیان كرده‌وه‌. له‌م نێوه‌دا له‌ زۆرێك له‌ شوێنه‌كانی شار، هێزه‌كانی رژیم پاشه‌كشه‌یان پێكرا. شه‌ڕ و تێكهه‌ڵچوون ده‌وروپشتی شوێنی ئه‌م جه‌نایه‌ته‌ی داگرت و ژماره‌یه‌كی به‌رچاو له‌ خه‌ڵكی شار و به‌ تایبه‌ت لاوان بریندار بوون. راپۆرته‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ بارودۆخی جه‌سته‌یی هه‌ندێك له‌ برینداره‌كان زۆر خراپه‌. له‌ درێژه‌ی ئه‌م تێكهه‌ڵچوونانه‌دا بینای هوتێله‌كه‌ ئاگرتێبه‌ردرا. كه‌شوهه‌وای گشتی شار هێشتا گرژ و ئێعترازییه‌. خه‌ڵكی شاری مهاباد هه‌روا له‌سه‌ر خواسته‌كانیان پێداگری ده‌كه‌ن.كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌، هێرش بۆسه‌ر ریزی خۆپیشاندانی هێمنانه‌ی خه‌ڵكی مهاباد به‌ توندی مه‌حكوم ده‌كات و نه‌فره‌تی خۆی له‌و پیلانه‌ جه‌نایه‌تكارانه‌یه‌ كه‌ بووه‌ هۆی گیان به‌ختكردنی فه‌ریناز خوسره‌وانی ده‌رده‌بڕێت. خواستی خه‌ڵكی مهاباد بۆ ناساندن، دادگایی كردن و سزادانی هه‌رچی خێراتری ئه‌نجامده‌رانی ئه‌م جه‌نایه‌ته‌ نه‌ك هه‌ر خواستی خه‌ڵكی ئه‌و شاره‌، به‌ڵكوو خواستی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانیشه‌. خۆبواردنی رژیم له‌ وڵامدانه‌وه‌ی خێرا به‌م داخوازییه‌، نیشانه‌ی خۆڕاگری له به‌رامبه‌ر ئیراده‌ی هه‌موو خه‌ڵكی كوردستانه‌. رژیمی كۆماری ئیسلامی له‌ رابردووشدا هاوپشتی خه‌ڵكی كوردستانی له‌ حاڵه‌تی هاوشێوه‌ی ئه‌م جه‌نایه‌ته‌ ته‌جروبه‌ كردووه‌. بۆ وێنه‌ له‌ ساڵی ١٣٨٤ ئه‌و كاته‌ی كه‌ “شوانه‌ی سه‌ید قادر” ئه‌و لاوه‌ خه‌باتكار و خۆش نێوه‌ی شاری مهاباد كه‌ له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی رژیمه‌وه‌ ئه‌شكه‌نجه‌ درا و كوژرا، بۆ ماوه‌ی یه‌كمانگ سه‌رانسه‌ری كوردستانی ئێران بووبه‌ مه‌یدانی ململانێی خه‌ڵك و رژیم. مانگرتنی سه‌راسه‌ری ١٦ی گه‌لاوێژی هه‌مانساڵ كه‌ له‌ لایه‌ن كۆمه‌ڵه‌وه‌ بانگه‌وازی بۆكرا، لوتكه‌ی هاوپشتی خه‌ڵكی كوردستان له‌م خه‌باته‌ی نیشان دا. دوور نییه‌ كه‌ ئه‌مجۆره‌ دیمه‌نه‌ پڕ له‌ گوڕوتینه‌ی خه‌باتی سیاسی له‌ كوردستان دووپات بێته‌وه‌. به‌ دڵنیایه‌وه‌ خه‌ڵكی كوردستان له‌ هێنانه‌دی ئه‌م داخوازییه‌ ره‌وایه‌، خه‌ڵكی شاری مهاباد به‌ ته‌نیا ناهێڵنه‌وه‌.

كومیته‌ی ناوه‌ندی كۆمه‌ڵه‌
رێكخراوی كوردستانی حێزبی كۆمۆنیستی ئێران
١٧ی گوڵانی ١٣٩٤