راگه‌یاندن و به‌یانییه‌ به‌ بۆنه‌ی مه‌رگی هه‌ڵسووڕاوی كرێكاری كوروش به‌خشه‌نده‌

739
“كومیته‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ یارمه‌تیدان به‌ پێكهێنانی رێكخراوه‌ كرێكارییه‌كان، سه‌ندیكای خه‌بازانی سنه‌، یه‌كیه‌تی ئازادی كرێكارانی ئێران، كانونی داكۆكیكارانی مافی كرێكاری، كومیته‌ی پشتیوانی له‌ شاهرۆخ زه‌مانی، كومیته‌ی دیفاع له‌ هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری مهاباد، یه‌كیه‌تی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ پشتیوانی له‌ كرێكارانی ئێران، به‌ بۆنه‌ی گیان له‌ده‌ستدانی كوروش به‌خشه‌نده‌ هه‌ڵسووڕاوی به‌ناوبانگی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری ئێران په‌یام و راگه‌یاندنێیان بڵاو كرده‌وه‌ و رێزیان له‌ یادوبیره‌وه‌ری ناوبراو گرت.
له‌ به‌شێك له‌م راگه‌یاندنه‌دا هاتووه‌: “كوروش به‌خشه‌نده‌ ته‌مه‌نی پڕله‌ شانازی خۆی له‌ رێگای رزگاری چینی كرێكار له‌ یوغی چه‌وساندنه‌وه‌ی سه‌رمایه‌داری تێپه‌ڕ كرد. ئه‌م هه‌ڵسووڕاوه‌ كرێكارییه‌ سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌یكه‌ چه‌ندین ساڵه‌ به‌ ده‌ست نه‌خۆشی دڵه‌وه‌ ده‌ناڵێنێت، به‌ڵام هیچ كات ته‌سلیمی نه‌خۆشیه‌كه‌ی نه‌بوو. ناوبراو له‌ ماوه‌ی ساڵانی رابردوودا سه‌ره‌ڕای هه‌ڕه‌شه‌، ئێحزار و بازداشت، له‌م دواییانه‌دا به‌ زیندانی ته‌عزیریش مه‌حكوم كرابوو، به‌ڵام ساتێكیش له ئارمان و‌ ئامانجه‌كانی وازی نه‌هێنا و تا دوایین ساته‌كانی ژیانی، دڵسۆزانه‌، فیداكارانه‌ و په‌یگیرانه‌ بۆ جێبه‌جێ كرانی ئارمانی سوسیالیستی و رزگاری چینی كرێكار چالاكی كرد. به‌م بۆنه‌وه‌ ناوبراو له‌ لایه‌ن رژیمی سه‌رمایه‌داری كۆماری ئیسلامی به‌رده‌وام له‌ژێر گوشار و ئه‌شكه‌نجه‌دا بوو. ئه‌م ئازار و ئه‌زیه‌ت، بازداشت و دادگایی كردنانه‌ له‌ بارودۆخێكدا روویدا كه‌ كوروش به‌خشه‌نده‌ له‌ بارودۆخێكی خراپی جه‌سته‌یدا بوو. مه‌رگی بێده‌نگی كوروش به‌خشه‌نده‌، كه‌ ده‌نگێكی ره‌سا له‌دژی سه‌رمایه‌داری و حكومه‌تی ئیسلامی له‌ ئێران بوو، به راستی بۆ بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری ئێران كاره‌سات بوو. له‌ حاڵێكدا كه‌ هێشتا ماوه‌یه‌ك به‌سه‌ر قه‌تڵی شاهرۆخ زه‌مانی له‌ زیندان و ده‌ركردنی حوكمی قورس له‌دژی هه‌ڵسووڕاوانی دیكه‌ی كرێكاری تێپه‌ڕ نه‌بووه‌ كه‌ مه‌رگی نابه‌وه‌خت و له‌ناكاوی كوروش به‌خشه‌نده‌ هه‌موومانی تاساند و ئازه‌یه‌تبار و خه‌مباری كردین.”