راگه‌یاندن و په‌یامی سه‌ره‌خۆشی به‌ بۆنه‌ی مه‌رگی كوروش به‌خشه‌نده‌

752
“كومیته‌ی دیفاع له‌ هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری مهاباد، ژماره‌یه‌ك له‌ كرێكارانی شارۆچكه‌ سه‌نعه‌تییه‌كانی سنه‌ و كرێكارانی فه‌سڵی ناوچه‌ی كه‌ڵاته‌رزان و ژاوه‌رۆ” به‌ ده‌ركردنی راگه‌یاندن و په‌یامی جیاجیا، به‌بۆنه‌ی‌ گیان له‌ده‌ستدانی له‌ناكاوی كوروش به‌خشه‌نده‌ هه‌ڵسووڕاو و سیمای ناسراوی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری ئێران سه‌ره‌خۆشی خۆیان ئاراسته‌ی بنه‌ماڵه‌كه‌ی و كۆمه‌ڵگای كرێكاری كرد.
له‌ به‌شێك له‌ راگه‌یاندنی ژماره‌ ٦٥ی كومیته‌ی دیفاع له‌ هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری مهاباد جه‌خت كراوه‌ته‌وه‌: “مه‌رگی كوروش به‌خشه‌نده‌ هه‌موومانی تاساند و ئازیه‌تباری كردین، ئێمه‌ مرۆڤێكی خه‌باتكارمان له‌ده‌ستدا كه‌ خوازیاری كۆتایی هێنان به‌ هه‌رچه‌شنه‌ زوڵم و چه‌وساندنه‌وه‌ی ئینسان به‌ده‌ستی ئینسان بوو. كوروش خوازیاری بونیاتنانی كۆمه‌ڵگای ئازاد و به‌رابه‌ر بۆ هه‌موو مرۆڤه‌كان بوو. دڵی ئه‌م هه‌ڵسووڕاوه‌ كرێكارییه‌ له‌ حاڵێكدا له‌ لێدان كه‌وت كه‌ چیتر ته‌حه‌مولی گوشاره‌كانی رژیمی كۆماری ئیسلامی نه‌بوو.” له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ كرێكارانی شارۆچكه‌ سه‌نعه‌تییه‌كان ژماره‌ ١ و ٣ی سنه‌ وێڕای سه‌ره‌خۆشی به‌ بنه‌ماڵه‌كه‌ی كوروش به‌خشه‌نده‌، له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌كه‌ی هاوده‌ردیان كرد. كرێكاران له‌ په‌یامه‌كه‌یاندا، هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری و ئه‌ندامانی كومیته‌ی هه‌ماهه‌نگیان به‌ داكۆكیكارانی راسته‌قینه‌ی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری ئێران ناولێبرد و رژیمی كۆماری ئیسلامیان به‌ هۆی گوشار و ئه‌زیه‌ت و ئازاری به‌رده‌وام، به‌ سه‌به‌بكاری مه‌رگی هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری له‌قه‌ڵه‌م دا.
هه‌روه‌ها كرێكارانی فه‌سڵی ناوچه‌ی كه‌ڵاته‌زران و ژاوه‌رۆش به‌ ده‌ركردنی په‌یامێك، گیان له‌ده‌ستدانی هه‌ڵسووڕاوی كرێكاری كوروش به‌خشه‌نده‌ و سه‌بری ئاشناگه‌ر له‌ هه‌ڵسووڕاوانی سیاسی به‌پێشینه‌ و هه‌ڵسووڕاوی مافی ژنان له‌ شاری سنه‌یان به‌ بنه‌ماڵه‌كانیان سه‌ره‌خۆشی وت. كرێكاران به‌ پێداگری له‌سه‌ر درێژه‌ی رێگای ئه‌م هه‌ڵسووڕاوانه‌ له‌ رێگای گه‌یشتن به‌ ئازادی و به‌رابه‌ری و ریفاه بۆ هه‌مووان، ئه‌حكامی ده‌ركراو له‌دژی “مه‌حمود ساڵحی و جه‌عفه‌ر عه‌زیم زاده‌”یان مه‌حكوم كرد. ئه‌وان هه‌روه‌ها داوایان له‌ كرێكاران و خه‌ڵكی ئازادیخواز كرد تا به‌ یه‌كگرتوویی و هاوپشتی خۆیان له‌دژی نیزامی سه‌رمایه‌ری كۆماری ئیسلامی راپه‌رن.