راگیرانی پیشانگای سه‌راسه‌ریی کتێب له‌ ئیلام

824
به‌ پێی راپۆرته‌كان، جارێکی دیکه‌ش پیشانگای سه‌راسه‌ریی کتیب له‌ شاری ئیلام به‌ بیانووی نه‌بوونی بودجه‌ راگیرا.
هه‌ر له‌م پێوه‌نده‌دا به‌ڕێوه‌به‌ریی هه‌فته‌ی کتێب له‌ ئیلام رایگه‌یاند، ساڵی رابردووش هه‌ر به‌هۆی نه‌بوونی بودجه ‌و ته‌رخان‌ نه‌کرانی ئێعتباریی ماڵیی پێویست بۆ پیشانگای سه‌راسه‌ریی کتێب، ئه‌و پیشانگایه‌ له‌ ئیلام نه‌کرایه‌وه‌ و ئه‌وه‌ ماوه‌ی چه‌ند ساڵه‌ ئیلام له‌و چالاکییه‌ فه‌رهه‌نگییه‌ بێبه‌ش کراوه‌. ناوبراو هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: راگیرانی پیشانگای کتێب له‌ ئیلام له‌ حاڵێک‌دایه‌ که‌ له‌ قۆناغه‌کانی پێشووی کردنه‌وه‌ی ئه‌و پیشانگایه‌ له‌ ساڵانی رابردوودا پێشوازی‌یه‌کی زۆر باشی لێ‌کرابوو. ئێستاش راگیرانی له‌ حاڵێک‌دایه‌ که‌ کردنه‌وه‌ی ئه‌و جۆره‌ پیشانگه‌یانه‌ پێویستییه‌کی زۆر سه‌ره‌کیی ئیلام‌ وه‌ک چالاکی‌ و جموجۆڵی فه‌رهه‌نگییه‌. جێگای باسه‌ که‌ پیشانگای گشتیی کتێب بواری ده‌ستڕاگه‌یشتنی ئاسانی خه‌ڵک به‌ کتێب بۆ ئه‌وان ده‌ڕه‌خسێنێ‌ و هۆگرانی کتێب له‌گه‌ڵ چاپکراوه‌ نوێ‌یه‌کان ئاشنا ده‌کا، به‌ڵام ئه‌و بواری فه‌رهه‌نگیش له‌ کوردستان وه‌ک بواری ئابووری به‌بیانووی نه‌بوونی بودجه‌ له‌لایه‌ن ‌دوڵه‌ته‌وه‌ پشتگوێ خراوه‌.