راگەیاندنی كومیته‌ی ناوەندی حێزبی کومونیستی ئێران بۆ مەحکوم کردنی زنجیرە چالاکیە تیرۆریستیەکان لە پاریس

ئێوارەی رۆژی جومعه‌ ١٣ی مانگی نوامبر بەرانبەر لەگەڵ ٢٢ی مانگی خەزەڵوەر، هێزەکانی سەربە گروپی دەوڵەتی ئیسلامی داعش لە جەریانی زنجیرەیەک كرده‌وه‌ی تیرۆریستی بەرنامە بۆدارێژراو و هاوئاهەنگدا لە شاری پاریس، زیاتر لە ١٣٠ کەسیان کوشت و بەسەدان کەسی دیکەشیان بریندار کرد. نزیکەی ١٠٠ کەس لە قوربانیەکانی ئەم کارەساتە لە جەمعیەتێک بوون کە بۆ تماشا کردنی کۆنسێرتێکی مۆسیقی لە ساڵۆنی “باتاکلان”ی پاریس کۆبوونەوە. ئەو تیرۆریستە ئیسلامیانەی کە ئەم جەمعیەتەیان بە بارمتە گرتبوو، لەوپەڕی وەحشیگەریدا بە دانی دروشمی “اللە اکبر” خەڵکی بێدیفاعەیان دایەبەر ده‌ستڕێژی گوللە و کۆمەڵکوژیان کردن. هاوکات لەگەڵ ئەم کردارەدا بە هۆی دوو تەقینەوەی گەورە لە نزیک یاریگای میللی فەرانسە، ژمارەیەک لە شارۆمەندان کوژران و بریندار بوون. ماوەیەک دواتر لە ئاکامی تیرئەندازی هێرشبەران بۆسەر رێستورانی “پتی کاموج” و دوو رێستورانی تر و هەروەها لە ناوچەی پڕ لە هاتووچۆی شەقامی شارونی پاریس، لانیکەم ٣٠ کەس گیانیان لەدەستدا و ژماره‌یه‌كی زۆریش بریندار بوون. بە وتەی پۆلیسی فەرانسە لە جەریانی ئەم زنجیرە کردەوە تیرۆریستەیەدا ٨ کەس لە هێرشبه‌ران کوژراون. بەدوای ئەم هێرشە تیرۆریستیەدا زیاتر لە ١٥٠٠ کەس لە هێزەکانی پۆلیس و یەگانی ئەمنیەتی فەرانسە لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی پاریس جێگیر کران. مەدرەسە و ناوەندە گشتیەکان داخران. پۆلیسی فەرانسە بەڕێوەچوونی هەموو جۆرە کۆبونەوەیەکی لە پاریس و دەوروبەری قەدەغە کردووە و داوای لە خەڵک کرد لە ماڵەکانیان نەیەنە دەرێ. دوای ئەم کارەساتە تیرۆریستیە کە لە دوای شەڕی جیهانی دووهەمەوە لە مێژووی فەرانسەدا بێ وێنە بووە، سەرۆک کۆماری ئەم وڵاتە لە سەرتاسەری فەرانسەدا بارودۆخی نائاسایی راگەیاندوە، سنورەکانی داخستوە و رێوشوێنی ئەمنیەتی لە فرۆکەخانە و خاڵە سنورییەکاندا بەشێوەیەکی بێ وێنە توند کردۆتەوە.582
ئەم هێرشە جەنایەتکارانەیە کە ئەمجارە شارۆمەندانی بێ دیفاعی پاریسی کردە ئامانج و خەڵکی فەرانسەی نوقمی خەم و وەحشەت کرد، قین و تووڕەیی خەڵکی ئازادیخوازی لە سەرتاسەری دنیادا هەڵخراندوە. ئەم جەنایەتە تیرۆریستیە لە هەمانحاڵدا بەشێوەیەکی ئاشکراتر خەڵکی فەرانسە و باقی وڵاتانی ئوروپایی لە ئاستی کارەساتێک ئاگادار کردەوە کە رۆژانە لە لایەن دەوڵەت و رەوتە ئیسلامیەکانەوە لە وڵاتانی رۆژهەڵاتی نێوەڕاست، باکوری ئافریقا و هێندێک لە شوێنەکانی تری دنیادا روو ئەدەن. هیچ رۆژێک نییە کە لە یەکێک لە وڵاتانی سوریە، عێڕاق، ئەفغانستان، تورکیە و لیبیدا دەیان و سەدان ئینسانی بێ دیفاع نەبنە قوربانی تیرۆریزمی گروپە ئیسلامیەکان یان تیرۆریزمی دەوڵەتانی حاکم. کارەساتی ئینسانی سەرچاوەگرتوو لە عەمەلیاتە تیرۆریستیەکان لە عێڕاق و سوریە و ئەفغانستان بە شێوەیەک رۆژانە و ئاسایی بۆتەوە کە هەواڵنێریەکان هەواڵەکانی پێوەندیدار بەم رووداوانەوە بە پارێزەوە دەخەنە ڕیزی هەواڵەکانی خۆیانەوە. رۆژ نییە کە لاوانی فەلەستینی نەبنە خۆراکی تیرۆریزمی هاری دەوڵەتی رەگەزپەرستی ئیسرائیل. چەند مانگە کە دەوڵەتی تورکیە بە بیانووی بەرەنگار بوونەوەی پ. کا. کا شارەکانی کوردستانی تورکیەی یەک بەدوای یەکدا گەمارۆداوە و یاساوڕێسای حکومەتی نیزامی تێدا دامەزراندون و بە دەست تێکەڵ کردن لەگەڵ داعش و ئەنجامدانی عەمەلیاتی تیرۆریستی لە “سوروچ” و ” ئانکارا”، فەزای حاکم بەسەر کۆمەڵگایدا تیرۆریزە کردووە.حکومەتەکانی عەرەبستان، تورکیە و قەتەر لە هاوپەیمانەکانی ئامریکا، بریتانیا و فەرانسە لە رۆژهەڵاتی نێوەڕاستدان و پشت و پەنای سەرەکی گروپەکانی تیرۆریزمی ئیسلامین لە ناوچەکەدا. رژیمی کۆماری ئیسلامی کە دەوڵەتی فەرانسە خۆی بۆ پێشوازی لە سەر کۆمارەکەی ئامادە دەکات، یەکێک لە پێگە سەرەکیەکانی ئیسلامی سیاسی و تیرۆریزمی دەوڵەتیە لە دنیادا و تیرۆری بە هەزاران کەس لە نەیارانی خۆی لە پەروەندەدایە. ئەگەر سیاسەتە ده‌خاڵەت گەرانەکانی هێزە ئیمپڕیالیستیەکانی دنیا لە ئەفغانستان، عێڕاق، لیبی و سوریە بوارە عەینیەکانی گەشەکردنی گوروپە تیرۆریستیە ئیسلامیەکانی لە ناوچەکەدا فەراهەم کردەوە، پشتیوانی ئەم هێزە سەرمایەداریانە لە حکومەتەکانی پشتیوانی تیرۆریزم لە ناوچەکەدا بۆتە هۆی زەمانەت کردنی مانەوە، ئیدامەکاری و پەرەسەندنی چالاکیەکانی ئەم گروپانە لە ناوچەکە و سەرتاسەری دنیادا. بەمجۆرە خەبات لەدژی تیرۆریزمی گروپە ئیسلامیەکان جیا نییە لە خەبات لەدژی دەخاڵەتگەریە ئیمپڕیالیستیەکان و خەبات لەگەڵ دیپلۆماسی ریاکارانە و خوێناوی ئامریکا و باقی دەوڵەتانی سەرمایەداری لە ئوروپا. هەر ئەو جۆرەی کە جەنایەتی گروپە تیرۆریستیە ئیسلامیەکان هیچ سنورێک ناناسێت، خەبات لەدژی ئەم هێزانە و حکومەتەکانی پشتیوانیان و سیاستی ده‌خاڵەت گەرانەی ئیمپڕیالیستی ئامریکا و باقی هێزە رۆژئاواییەکان، ئەرکی چینی کرێکار و گشت ئینسانە ئازادیخوازەکانە لە سەرتاسەری دنیادا.ئێستا لە بارودۆخێکدا کە شەپۆلێک لە قین و بێزاری لەدژی جەنایەتی تیرۆریستە ئیسلامیەکان بەسەر فەزای سیاسی فەرانسە و باقی وڵاتانی ئوروپاییدا حاکمە، پارێزگاری کردن لە ئەرزشە پێشکەوتووەکان و رۆحی هاوپشتی ئینسانی حوکم دەکات کە سازمان، ناوەند و ئینسانە ئازادیخوازەکان نەهێڵن کە ڕەوتە راسیستی و حیزبە راست گەراکان ئەم جەنایەتە تیرۆریستیە بکەنە بیانوو بۆ توند کردنەوەی سیاسەتی ره‌گەزپەرستانە و دژی پەنابەری خۆیان. خەڵکی ئاسایی لە وڵاتانی موسڵمان نشین رۆژانە قوربانی رەوتە تیرۆریستە ئیسلامیەکانن، نابێ ئیجازە بدرێت شارۆمەندانی موسڵمان لە وڵاتانی ئوروپاییشدا ببنە قوربانی توندوتیژی رەوتە راست گەرا توندڕەوەکان. خەڵکی فەرانسە و باقی وڵاتانی دیکەی ئوروپایی بە لەبەرچاو گرتنی ئەم راستیە سادەیە کە جیاوازی هەیە لەنێوان رەوتە تیرۆریستەکانی ئیسلامی سیاسی و شارۆمەندانی موسڵماندا، نابێ ئیجازە بدەن کە رووداوی تیرۆریستی ئێوارەی ١٣ی نوامبر ببێتە بیانویەک بۆ دروست کردنی نائەمنی و کرداری توندوتیژی ئامێز لەدژی شارۆمەندانی موسڵمانی ئەم وڵاتانە لەلایەن رەوتە رەگەزپەرستەکانەوە.
حیزبی کومونیستی ئێران وێڕای مەحکوم کردنی هێرشە تیرۆریستیەکانی ١٣ی نوامبری پاریس، لەگەڵ ئینسانە ئازادیخوازەکانی سەرتاسەری دنیادا هاوخەمی قوڵی خۆی بە کەسوکاری گیانبەختکردووانی ئەم کارەساتە تیرۆریستیە و خەڵکی پاریس رادەگەیەنێت و هیوای هەرچی زووتر چاک بوونەوەش بۆ برینداران و سەدەمەدیتوانی ئەم کارەساتە دەخوازێت.

كومیته‌ی ناوه‌ندی حێزبی كۆمۆنیستی ئێران

١٤ی نوامبری ٢٠١٥ی زایینی
٢٣ی خه‌زه‌ڵوه‌ری ١٣٩٤ی هه‌تاوی