راگەیاندنی کومیتەی ناوەندی حیزبی کومونیستی ئێران  بە بۆنەی ٢٥ی نوامبر رۆژی جیهانی به‌ره‌نگار بوونه‌وه‌ی توندوتیژی دژبه‌ ژنان  

 

 توندوتیژی لەدژی ژنان دیاردەیەکی جیهانیە و لە ئاستێکی بەرین و لە شکڵ و شێوەی جۆراوجۆردا درێژەی هەیە. بەپێی راگەیاندنی رەسمی سازمانی جیهانی بێهداشت، ساڵانە ١٥٠ ملیۆن ژن لە دنیادا و نزیکەی ٣ ملیۆن منداڵی ٥ تا ١٠ ساڵان توشی بڕینی ئەندامێکی جەستەیان دەبن. بەوتەی سازمانی لێبوردنی نێونەتەوەیی توندوتیژی لە بنەماڵەدا زیاتر لە گیرۆدە بوون بە سەرەتان و تەسادوفاتی جادەیی دەبێتە هۆکاری مردن یان کەم ئەندام بوونی جەستەیی ژنانی ئوروپایی لە تەمەنی ١٦ بۆ ٤٤ ساڵیدا. بەپێی ئاماری جیهانی ٩٠ لەسەدی قوربانیانی توندوتیژی لە بنەماڵەدا ژنانن. ئاماری خۆکوژی لەنێو ژناندا دوو هێندەی پیاوانە. بەپێی ئاماری سازمانی بێهداشتی جیهانی لە هەر ١٨ چرکەدا ژنێک دەکەوێتەبەر هێرش و یان هەڵسوکەوتی خراپی لەگەڵ ده‌کرێت. لە شوێنە جۆراوجۆرەکانی دنیادا ١٠ تا ٥٠ لەسەدی ژنان بە شێوەیەک لە شێوەکان دەبنە ئامانجی بەدڕەفتاری و هەڵسوکەوتی نەشیاو و فیزیکی مێردەکانیان. بەملیۆن کچی لاو لە هەر پێنج قارەی دنیا بە بێ مافی هەڵبژاردن، لە مێردەکانیان مارە دەکرێن. بە پێی راپۆرتی بەرنامەی گەشە پێدانی سازمانی نەتەوەیەکگرتوەکان زیاتر لە ٢ ملیۆن ژن لە سەرتاسەری دنیادا ناچار بە لەشفرۆشی کراون یان بەرەو فەحشا پاڵ پێوەدەنرێن. ٢٠ هەزار ژن لە ساڵدا دەبنە قوربانی قەتڵە ناموسیەکان. ژنان لە یەکەم قوربانیانی قەیرانە ئابووریەکان و شەڕی ئیمپڕیالیستی، ناوچەیی و نیابەتی و لە یەکەم قوربانیانی توندوتیژی و دەستدرێژی لە لایەن هێزە دەرگیرەکان لە شەڕدان. ئەم ئامارانە تەنیا گۆشەیەکن لە رەچاوکردنی توندتیژی لەدژی ژنان لە پانتایی دنیادا کە نیشانی ئەدات بۆ سڕینەوەی توندوتیژیەکان دەبێ سۆراغی ئەو مناسباتە ئابووری، کۆمەڵایەتی و سیاسیانە بگرین کە هەم زەمینەی ئەم توندوتیژیانە فەراهەم دەکەن و هەم بە پشت بەستن بە فەرهەنگی پیاوسالارانە، سوڵتەی ئابووری و سیاسی خۆی دەپارێزێت.764q

لەم نێوانەدا رژیمی کۆماری ئیسلامی هەم وەک رژیمێکی پشتیوانی بەڕبەریەتی سەرمایەداری و هەم وەک رژیمێک کە دینی کردۆتە ئامرازێک بۆ تووند کردنەوەی ئەم مناسباتە دژی ئینسانیە، کارنامەیەکی گەلێک دزێوی لە مێژوودا هەیە. ئەم رژیمە بە کەڵک وەرگرتن لە مەزهەب وەک ئامرازێکی ئیدئۆلۆژیک و بە یارمەتی فەرهەنگی دواکەوتووانەی پیاوسالارانە، هەڵاواردن و نایەکسانی ره‌گەزی، توندوتیژی لەدژی ژنانی کردۆتە یاسایی و بەکردەوەی دەرهێناوە. لەژێر حاکمەیەتی رژیمی کۆماری ئیسلامیدا مافە سەرەتاییەکانی ژنان وەک مافی تەلاق، مافی سەرپەرستی کردنی منداڵ، مافی میرات، مافی سەفەر کردن، مافی هەڵبژاردنی جل و بەرگ، مافی هەڵبژاردنی رشتەی تەحسیلی لێ زه‌وت كراوه‌. ژنان مافی هەڵسوکەوت و هاموشۆی ئازادانەیان لەگەڵ پیاواندا نییە. رژیم بە دانی مافی چەند هاوسەری بە پیاوان و رەواجدانی سیغە، رواڵەتێکی یاسایی بەخشیوەتە فەحشا و کڕین و فرۆشتنی ژن وەک کالا. هەڵاواردنی رەگەزی لە هەموو ئۆرگانەکانی کۆمەڵگادا و تەنانەت لە دامەزراوە ئاموزشیەکاندا بۆتە ئەسڵێک کە بەهیچ جۆرێک نابێ دەستکاری بکرێت. لەم ساڵانەی دواییدا لە ئاکامی به‌كرده‌وه‌ ده‌رهێنانی گه‌ڵاڵه‌ی کۆنەپەرستانەی “سەهمیە بەندی جنسیەتی”، کچان لە درێژەدان بە خوێندن لە دەیان رشتەی دانشگاهیدا بێبەش کراون. رژیمی ئیسلامی لە ماوه‌ی ساڵی رابردودا بە پەسند کردنی گەڵاڵەکانی “ئامران بە مەعروف و ناهیان لە مونکەر” و “تەرحی سیانەت و پارێزگاری لە حەریمی عیفاف و حیجاب” و بە ئیختیاراتێک کە دای بە باندە چەکدارەکانی وەک ئەنسار حیزب اللە، گەشتەکانی ئیرشاد و بەسیج و هیتر بۆ به‌كرده‌وه‌ ده‌رهێنانی ئەم گه‌ڵاڵانه‌، بەکردەوە بواری بۆ زیاتربوونی توندوتیژی دەوڵەتی لەدژی ژنان فەراهەم کرد. رەچاو کردنی ئەم بێ مافی و توندوتیژیانە وێنەیەکی روونی لە دۆزەخێک دابەدەستەوە کە تێکەڵەی سەرمایە و دینی لە ئێران دامەزراندووە. لە راستیدا ئەم مەجموعەیە لە توندوتیژی دەوڵەتی لەدژی ژنان نەک هەر یەکێک لە پایەکانی حاکمیەتی کۆماری ئیسلامیە، بەڵکوو بەستێنێکی لەباریشی بۆ توندوتیژی لە کۆمەڵگا و بنەماڵەدا فەراهەم کردووە.
ئەگەرچی مناسباتی دامەزراو لەسەر کۆیلەتی موزدی ئینسان سەرچاوەی هەڵاواردنی رەگەزی و توندوتیژی لەدژی ژنانە لە سەراسەری دنیادا، بەڵام لە وڵاتانی پێشکەوتووی سەرمایەداریدا ژنان بە بەرەکەتی خەباتی ئازادیخوازانە، لە مەیدانە جۆراوجۆرەکانی حەیاتی سیاسی و کۆمەڵایەتی و لەنێو بنەماڵەدا تا رادەیەک یەکسانی حقوقی لە بەرانبەر قانوندا دەستەبەر کردووە و توندوتیژی لەدژی ژنان وەک ئاکارێکی نایاسایی بە حێساب دێت، بەڵام رژیمی کۆماری ئیسلامی بە پشت بەستن بە دینی ئیسلام وەک ئامرازێکی ئیدئۆلۆژیکی و بە یارمەتی فەرهەنگی دواکەوتوانەی پیاوسالاری هەڵاواردن و نایەکسانی رەگەزی و توندوتیژی بەسەر ژناندا تیئۆریزە و نیهادینە کردووە.
بەمجۆرە ئەم توندوتیژییە لەدژی ژنان وەک کارەساتێکی کۆمەڵایەتی سنورێک ناناسێ و سەرجەم دنیای گرتۆتەوە. لە دنیای ئەمرۆدا نیزامی سەرمایەداری هۆکاری بەرهەم هاتن و دیسان بەرهەم هاتنەوەی ئەم توندوتیژیەیە. بەم ئیعتیبارەوە توندوتیژی لەدژی ژنان بە هەموو موسیبەتەکانیەوە دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیە و وەک هەموو دیاردەیەکی کۆمەڵایەتی تر دەبێ بەستێنی دیسان بوژانەوەکەی بناسرێت و بە پێی تایبەتمەندییەکانی بە شێوەی رێکخراو و لە ئاستی کۆمەڵایەتیدا بۆ خەبات لەدژی هێزی جەماوەری ژنان و پیاوانی کرێکار و زەحمەتکێش و ئینسانە ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەبەکان بەسیج بکرێت. پێوستە وەها گوشارێک بخرێتەسەر دەوڵەتەکان کە قەبوڵی بکەن پەیڕەوکردنی هەر شکڵێک لە توندوتیژی لەدژی ژنان لە ماڵەوە، لە مەدرەسە، لە ناوەندەکانی کار و هەر جێگایەکی تر لە کۆمەڵگادا، سزای قورسی بە شوێنەوە دەبێت. نابێ هیچ کەس ئیجازە بەخۆی بدات توندوتیژی لەدژی ژنان بە ئەمرێکی خوسوسی، خانەوادەگی، قەومی، فەرهەنگی، مەزهەبی و شتی لەم بابەتە بزانرێت و لە سزا و بەدواداچوون بەدوور بێت. هەر کەسێک کە بەهەر شێوەیەک لەدژی ژن توندوتیژی بنوێنێ، بەبێ هیچ ئەملاو ئەولایەک دەبێ سزا بدرێت. نەتەنیا دەبێ هەموو شێوەیەک لە لێدان و ئازاردان و سوکایەتی کردن لە کۆمەڵگادا و هەموو شکڵێک لە توندوتیژی لە شوێنی کاردا بەتەواوی قەدەغە بکرێت، بەڵکو دەبێ کەسێکیش کە توندوتیژی نواندووه‌، بەپێی یاسا سزا بدرێ.
خەبات لە راستای سڕینەوەی توندوتیژی لەدژی ژنان و لەویش واوەتر خەبات لە راستای یەکسانی راستەقینەی نێوان ژن و پیاو و هەڵوەشاندنەوەی ئاپاڕتایدی رەگەزی بەشێکی جیایی هەڵنەگرە لە خەباتی دژی سەرمایەداری. راست لەم گۆشە نیگایەوەیە کە تێکدانی بوارە ئابووری، کۆمەڵایەتی، سیاسی و حقوقیەکانی توندوتیژی لەدژی ژنان لە بەستێنی هێرشی رادیکاڵ بۆسەر رژیمی سەرمایەداری مەزهەبی حاکم لە ئێران و لە مەسیری روخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامیەوە تێدەپەڕێت.
رۆژی ٢٥ ی نوامبر رۆژی جیهانی خەبات لەگەڵ توندوتیژی لەدژی ژنان، بە هەوڵ تێکۆشانی هەرچی بەرینتر بۆ هێنانە مەیدانی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش بکەینە رۆژی خەبات بۆ پاشەکشە کردنی دین لە ده‌خاڵەت کردن لە حایاتی کۆمەڵایەتی ژناندا و لەدژی نیزامی پیاوسالاری سەرمایە.

بڕوخی رژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکومەتی کرێکاری
بژی سوسیالیزم
کومیتەی ناوەندی حێزبی کومونیستی ئێران
٣٠ی خەزەڵوەری ١٣٩٤
٢١ی نوامبری ٢٠١٥