راگەیاندنی کومیتەی ناوەندی حیزبی کومونیستی ئێران بە بۆنەی ١٠ی ئۆکتۆبر رۆژی جیهانی خەبات لەدژی سزای ئێعدام (٢٠١٥)

ئەمساڵ لە حاڵێکدا ١٠ی ئۆکتۆبر رۆژی جیهانی خەبات لەدژی سزای ئێعدام بەڕێوە دەبەین کە رژیمی کۆماری ئیسلامی هەروا لە سەرووی لیستی ئەو حکومەت و دەوڵەتانەدایە کە سزای ئێعدام تێیاندا بەڕێوە دەچێت. ژمارەی ئێعدامەکان لە دەورەی حەسەن رۆحانیدا بە ٣٠ لەسەد چوونه‌سه‌ره‌وه‌، لە ١٥ ساڵی رابردودا بێ وێنە بووە. بەپێی راپۆرتی نوێنه‌ری تایبەتی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان بۆ کاروباری مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لە سه‌رده‌می دەوڵەتی رۆحانیدا لە رێكه‌وتی ١٠ی مانگی پوشپەڕی ساڵی ١٣٩٢ تا ٩ی پوشپەڕی ١٣٩٣ واتە تەنیا لە ماوەی یەکساڵدا، ٨٥٢ کەس ئێعدام کراون.له‌و روانگه‌وه‌ کە ژمارەیەکی زۆر لە ئێعدامەکان بەشێوەی شاراوە بەڕێوەدەچن و هەواڵەکانیان بڵاو نابێتەوە، ئاماری راستەقینەی ئێعدامەکان گەلێک زیاتر لە رەقەمی راگەیەندراوە. رژیمی کۆماری ئیسلامی هێندێک لە ئێعدامە بەکۆمەڵەکان بە بەرچاوی خەڵکەوە و لەبەردەم تماشاچیاندا ئەنجام ئەدات. ئەوە لەحاڵێکدایە کە بزوتنەوەی خەبات لەدژی سزای ئێعدام و ئەفکاری پێشکەوتن خواز لە دنیادا سزای ئێعدام وەک کوشتنی بە ئانقەستی دەوڵەتی و پەرەپێدانی توندوتیژی لە کۆمەڵگەدا مەحکوم دەکەن. داعشیەکانی رژیمی کۆماری ئیسلامی بە بەڕێوەبردنی ئێعدام لەبەرچاوی خەڵک و ئامادە کردن و بڵاو کردنەوەی وێنەی ویدۆیی و هەواڵی لێی بە ئاشکرایی لە شگردی ئێعدام وەک وەسیلەیەک بۆ تەبلیغ و تەرویجی توندوتیژی و بێ رەحمی و رەواجدانی نائەمنی لە کۆمەڵگەدا و ئیجادی ترس و وەحشەت لەنێو خەڵکدا کەڵک وەردەگرن. رژیمی ئیسلامی بەم کردارە دزێو و دژی ئینسانیەی نە تەنیا قوربانیەکان دەکات بە گەروی توندوتیژی و کوشتاری دەوڵەتیدا، بەڵکو تماشاچیانیش بەساتی ئێعدامێک کە لەنێویاندا منداڵیش بەرچاو ده‌كه‌وێت، دەخاتەبەر مەترسی په‌ره‌سه‌ندنی توندتیژی و بێ رەحمیەوە.551

سەرانی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەی رابردودا لە هەمانحاڵدا کە بەشێوەی سیستماتیک لە سزای ئێعدام وەک شگردێکی سەرکوت لەدژی نەیارانی سیاسی خۆی کەڵکی وەرگرتوە، لە لایەکی دیکەوە بۆ بەلاڕێدا بردنی ڕای گشتی لە سرنجدانە ریشەی موسیبەتە کۆمەڵایەتیەکان، سزای ئێعدامی وەک رێگای بەرەنگار بوونەوەی ئەم نابەسامانی و تاوانه‌ کۆمەڵایەتیان پیشانداوە. بەڵام هەوڵی رژیم بۆ بەلاڕێدا بردنی رای گشتی هیچ لەم ڕراستیە ناگۆڕێت کە زیاد بوونی نرخی جورم و جەنایەت لە کۆمەڵگەدا ریشەی لە هەژاری و فەلاکەتی ئابووری و بێ مافیە کۆمەلایەتیەکان دایە. کەوایە بە جێگای سزادانی کەسانی تاوانکار، دەبێ ئەو بارودۆخە کۆمەڵایەتیە نابود بکرێت کە ئەو تاوانه‌ كۆمه‌ڵایه‌تیانه‌ بەدی دێنێ و دەرفەت بە کەسەکان ئەدات کە لە کۆمەڵگادا دەستیان بەوەی ژیانیان پێویستی پێیەتی، رابگات. ئەگەر ئینسان پەروەردەی ژینگەی خۆیەتی، ئەم ژینگەیە دەبێ بە شێوەیەکی ئینسانی شکڵ بگرێت. ئەگەر ئینسانێک بە شێوەی سروشتی بوونەوەرێکی کۆمەڵایەتییە، کەوایە سروشتی راستەقینەی خۆی لە کۆمەڵگادا کامڵ دەکات و توانایی سروشتیی ئەو نەک بە هێزی کەسانی تایبەت، بەڵکو لەگەڵ هێزی کۆمەڵگەدا دەبێ بەراورد بکرێت.
رژیمی کۆماری ئیسلامی تا ئێستا بە هەزاران کەسی بە تاوانی قاچاق و معامەلە کردن بە مادەی هۆشبەرەوە ئێعدام کردوە. قوربانیەکانی ئەم سزایە زۆرتر وردە فرۆشان و گیرۆدە بوانن. ئەوە لەحاڵێکدایە کە هەموان دەزانن سەری هەودای شەبەکە و تۆڕێک کە دەتوانێ بەبێ پەروا لە ئەمری بەرهەمهێنان و بڵاو کردنەوەی مه‌وادی موخه‌دردا دەوری هەبێت، بە سپای پاسداران و وەزارەتی ئیتلاعاتەوە بەستراوە و گواستنەوەی مادەی موخەدر لە قەبارەی سەدان تۆنیدا، بەبێ بەشداری ئەوان نامومکینە. بەمجۆرە تا ئێستا هیچ فەرماندەیەکی نیزامی سپا و هیچ مەئمورێکی ئەمنیەتی رژیم، بە تاوانی قاچاق و بڵاو کردنەوەی مادەی هۆشبەر دەستگیر و زیندانی نەکراوە.
رژیمی کۆماری ئیسلامیش تا ئێستا بە سەدان کەسی لە زیندانیان لە سلولەکانی مەرگدا لە چاوەڕوانی ئیجرای حوکمی ئێعدامدا راگرتوە. هەرچەند کە رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێعدامی ئەم زیندانیانەی بە پاساوی فریوکارانەی بردنەسەره‌وه‌ی ئاستی ئەمنیەتی کۆمەڵایەتی و ئیجرای عه‌داڵه‌ت ئەنجام ئەدات، بەڵام رژیم بە شەپۆلی ئێعدام کردنی زیندانییەکان لە بارودۆخی سیاسی ئێستادا و دوای تەوافوقاتی هەستەیی لەگەڵ رۆژئاوا و بە چۆکداهاتنی لە بەرانبەر ئامریکادا بەدوای ئامانجی سیاسی دیکەشەوەیە. کوشتاری ئەم زیندانیانە لەلایەن رژیمەوە سیاسەتێکی ئاگاهانەیە کە بۆ دروست کردنی ترس و وەحشەت لە کۆمەڵگادا و چاوترسێن کردنی ئینسانە تێکۆشەرەکان و هەڵسوڕاوانی سیاسی پلانی بۆ داندراوە. ئەم رژیمە محاکماتی یەک دەقیقەیی و کوشتاری هەزاران زیندانی سیاسی لە دەیەی شەستدا، تیرۆری نەیارانی سیاسی، هێرش بۆسەر کوی دانشگا و کوشتاری خوێندکارەکان، قەتڵە زنجیرەییەکان، ئەشکەنجە و کوشتاری زیندانیان لە کەهریزەک، ئەسید پاشی زنجیرەیی بە دەموچاوی ژناندا، عەمەلیاتی جەنایەتکارانەی سەنگسار و مەحکوم کردنی زیندانیانی سیاسی بە ئەشکەنجە و مەرگی بەشێنەیی لە پەروەندەدا هەیە. سیستمی قەزایی ئەم رژیمە لەسەر قەساس و تۆڵە سه‌ندنه‌وه‌ دامەزراوە. پێویستە ئەم شگردانە لەدەست رژیم دەربهێندرێن. ئەم رژیمە تەنیا بە خەباتی کرێکاری و جەماوەری دەکرێ وادار بکرێت دەست لە کردارە جەنایەتکارانە و سازماندراوەکانی هەڵبگرێت و بە قینی شۆڕشگێڕانە بروخیندرێت.
رژیمی کۆماری ئیسلامی رێکۆرد داری ئێعدامە لە دنیادا. ١٠ی ئۆکتۆبر، رۆژی جیهانی خەبات بۆ هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام، دەرفەتێکی گونجاوە تا هەرچی زیاتر رژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران به‌ بۆنه‌ی به‌كرده‌وه‌ ده‌رهێنانی رۆژ لەرۆژ زیاتری مجازاتی ئێعدام واتە کوشتاری دەوڵەتی، لەلای رای گشتی دنیا ئیفشا و ریسوا بکەین.

بروخێ رژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکومەتی کرێکاری
بژی سوسیالیزم
کومیتەی ناوەندی حێزبی کومونیستی ئێران
١٤ی رەزبەری ١٣٩٤
٦ی ئوکتۆبری ٢٠١٥