راگەیاندنی کومیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بە بۆنەی ٨ی مارس رۆژی جیهانی ژن (٢٠١٥)

 ئەمرۆ لە ئێران هێرشی هەوسار پچڕاوانە بۆسەر مافە تاکەکەسی و کۆمەڵایەتیەکانی ژنان و درێژەدان بە پەیڕەو کردنی هەڵاواردنە جنسیەتیەکان بۆسەر ئەوان بۆتە پێویستیەکی سیاسی بۆ مانەوەی رژیمی کۆماری ئیسلامی. بە هەر رادەیەک ئاستی پشت کردن له‌ مەزهەب و شكستهێنانی ئیدئۆلۆژیکی رژیمی کۆماری ئیسلامی ئاشکرا تر دەبێت، سەرانی رژیم بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ ئەم رەوتە، ئاست و لایەنی تازەیان داوەتە سیاسەتە دژبە ژنەکانیان. بۆ ئەم رژیمە هێرشی هەموو رۆژە بۆسەر ژنان بە بیانووی ره‌عایەت نەکردنی شئوناتی ئیسلامی، بۆتە یەکێک لە پایەکانی سیاسەتی ترساندن و بەندکردنی کۆمەڵگا. كرده‌وه‌یه‌ك کە لە عەمەلیاتی زنجیرەیی ئەسید پاشی بە سه‌ر ژناندا بەشێوەیەکی کارەساتبار خۆی نیشان دا. رژیمی کۆماری ئیسلامی دەزانێت کە روهێنانی بە کۆمەڵی ژنان بەرەو بازاڕی کار و هەروەها چوونه‌سه‌ره‌وه‌ی بەرچاوی تەحسیلاتی باڵای ژنان، بوار بۆ بەرەوپێش چوونی بزووتنەوەی ژنان و توشی گرفت کردنی b2فەرهەنگی پیاوسالارانە و یاسای مەزهەبی، زیاتر خۆش دەکات. لەم روەوە هەڵاواردنی جنسیەتی لە بازاڕی کار و دەستپێڕاگەیشتن بە ئیمکاناتی خوێندنی باڵای، توند تر کردۆتەوە. 

گه‌ڵاڵه‌ی “دوورکاری” و لە راستیدا خانەنشین کردنی ژنان، کە لە مادەکانی لایەحەی ئیسلاحیەی قانونی کار دایە، لە دەورەی ده‌سه‌ڵاتی دەوڵەتی “رۆحانی”دا ئاستێکی بەرین تری وەرگرتووە. ئەم تەرحە بەبێ ئەوەیکە پەسند بکرێت، بەکردەوە دەرهاتووە و زۆربەی ژنانی شاغڵ لە شوێنی کار و لە بازاڕی رەسمیدا دوورخستۆته‌وه‌ و رەوانەی بازاڕی رەشی کردوون. سیاسەتی ئیستخدامی نیوە وەختی ژنان و سیاسەتی خانەنشین کردنی نابەوەختیان، پێكهێنانی مەحدودیەت و پێشگرتن به‌ ژنان بۆ کار کردن لە کافی شاپ و قاوەخانەکاندا هەرکامە و بە نۆبەی خۆی کۆمەڵێک هەوڵ بوون تا ژنان لە بازاڕی کار و چالاکی لە دەرەوەی ماڵ دوور بخەنەوە و سەرلەنوێ بیانگێڕنەوە بۆ گۆشەی ماڵ. نیزامی ئاپارتایدی جنسیه‌تی کۆماری ئیسلامی لە بازاڕی کاردا لە ناخی ئەم قەیرانەی ئێستادا ژنانی کرێکار و ژنانی توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگەی کە بۆ به‌ڕێچوونی ژیان و مانەوەی خۆیان ناچارن لە دەرەوی ماڵ کار بکەن، بەتوندی خستۆتە ژێر گوشارەوە. بەڵام ئەم سیاسەتەی رژیمی ئیسلامی کە ئامانجی گێڕانەوەی ژنانە بۆ گۆشەی ماڵەکان، لە بارودۆخی فەلاکەتباری ئابووری ئێران و لە بارودۆخێکدا کە تەنانەت ئەو بنەماڵانەی کە دوو نانئاوەریان هەیە، ناتوانن نیازە سەرەتاییەکانی خۆیان و بنەماڵەکانیان دابین بکەن، توشی شکست هاتووە. ژنانی بنەماڵە کرێکاری و توێژە زەحمەتکێشەکانی کۆمەڵگە بە حزوری روو لە زیاد بوون لە بازاڕی کاردا ئەگەرچی هەست پێکراو تر و بێڕەحمانە تر سوڵتەی چینە داراکان تەجروبە دەکەن، بەڵام لە هەمانحاڵدا لە پێگەیەکی باشتردا دەبن بۆ توشی گرفت کردنی پیاوسالاری وەک یەکێک لە پایەکانی ده‌سه‌ڵاتی رژیمی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامی.

لەم ساڵانەی داوییدا لە ئاکامی به‌كرده‌وه‌ ده‌رهێنانی گه‌ڵاڵه‌ی کۆنەپەرستانەی “سەهمیە بەندی جنسیەتی”، کچان بەشێوەیەکی بێ وێنە لە خوێندن لە رشتەکانی فەننی ـــ موهەندیسی و هەروەها ئەو رشتانەی وەک وەرگێڕان، زمان و مەدەدکاریی کۆمەڵایەتی بێبەش کراون. وێڕای سەهمیەبەندی جنسیەتی، کۆمەڵێک سیاسەتی لەژێر ناوی “بومی گوزینی جنسیەتی” و “هەڵاواردنی جنسیەتی”ش لەم ساڵانەی دواییدا هێندێک سنوربەندی قورسی بەسەر ژنانی ئێران لە بواری ئاموزشدا سەپاندووە. ئیجرای ئەم سیاسەتانە بۆتە هۆی زەمینە سازی بۆ لابردنی زۆرێک لە رشتەکانی دانیشگا بۆ ژنان. گۆڕانی سیاسەتی جەمعیەتی رژیم و هەوڵدان بۆ زیاد کردنی رێژه‌ی گەشەی جەمعیەت، بە هۆی كرده‌وه‌یه‌كی دژبە ژن کە هەیەتی و بەهۆی لابردنی خزمەتگوزاری پزیشکی و بێهداشتی، تا ئێستا ئاسەوارێکی قەرەبوو نەکراوی لە بارودۆخی سڵامەتی ژنان بەشوێنەوە بووە. لابردنی خزمەتگوزاری بەخۆڕایی پێشگرتن لە دوگیان بوون نەتەنیا سڵامەتی جەستەیی ژنانی سەربە چین و توێژی هەژاری کۆمەڵگە و شوێنە دورە دەستەکانی وڵاتی لە ئاستێکی بەریندا خستۆتە مەترسیەوە، بەڵکوو ریژەی دووگیان بوونی نەخوازراویشی زیاتر کردووە. ئیجرای ئەم سیاسەتە، خەسارە کۆمەڵایەتیە پڕ ئازارەکانی بەشوێنەوە بووە و پێگەی ژنانی لە بازاڕی کاریشیدا لاوازتر کردووە. کۆماری ئیسلامی بە ئاوا کارنامەیەکەوە لە سیاسەت و کرداری دژبە ژن، لەنێوان ١٤٢ وڵاتی دنیادا لە باری سیاسەتی جنسیەتیەوە، پلەی ١٣٧ ی بۆخۆی تۆمار کردووە.

پەیڕەو کردنی ئەم سیاسەتانەی هەڵاواردنی جنسیەتی کە بەشێک لە ناسنامەی رژیمی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامی پێکدێنێ، خه‌سڵەتێکی قووڵی سیاسی داوەتە بزووتنەوەی ژنان لەدژی ئەم بێ مافیانە و ئەوی کردۆتە کۆڵەکەی بەهێزی خەبات بۆ رووخاندنی رژیم. کاتێک کە ره‌عایەت نەکردنی حیجابی ئیسلامی و بەدەرەوە بوونی تاڵێک مووی ژن، ئیدئۆلۆژی زاڵ تووشی قەیران دەکات و دیفاع لە مافی یەکسانی ژنان لەگەڵ پیاوان، سەرتاپای نیزامی سیاسی دەباتە ژێر پرسیار و خه‌سڵەتێکی سیاسی و دژی مەزهەبی دەدات بە خەباتی ژنان، ستراتیژی بزوتنەوەی رزگاریبه‌خشی ژنان بەشێوەیەکی چارهەڵنەگر دەبه‌ستێتەوە بە خەبات بۆ رووخاندنی رژیم و تێکەوەپێچانی نیزامی چینایەتی.

بەڵام سەرەڕای ئەم راستیانە و لە بارودۆخێکدا کە ناڕەزایەتی و خەباتی هەموو رۆژەی ژنان و بەتایبەت ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش لە ئێران لەدژی ئەم گشتە نایەکسانیانە و بەڕبەڕیەتی کۆماری ئیسلامی درێژەی هەیە، گه‌رایشی فیمینیستی ئیسلامی و فیمینیستە نیئۆلیبڕالەکان، ستراتیژی ئیسلاح خوازانی حکومەتیان کردۆتە قیبلەنه‌مای حەرەکەتیان. ئەوان کە ئەمرۆ لە بزوتنەوەی ژناندا دەستی باڵایان هەیە، هەوڵ ئەدەن بە بەلاڕێدا بردنی خەبات لەگەڵ ریشەکانی ستەمکێشی ژنان و خەبات لەگەڵ کولیەتی رژیمی سیاسی حاکم، بەکردەوە بزوتنەوەی ژنانیان لە چوارچێوەی تەسکی یاسای کۆنەپەرساتانەی ئێستا و دەستەبەر کردنی کۆمەڵێک رێفۆڕم و هاوسەنگی لە شێوەی ئیجرای ئەم قانونانەدا قەتیس بکەن. ئەم رەوتانە بەکردەوە ئامانجی کورت ماوە و درێژماوەی بزوتنەوەی ژنانیان لە رێگای ستڕاتیژی مانەوەی دژبە ژنی سەرمایەداری ئیسلامیدا دەکەنە قوربانی. ئەم رەوتە کۆنەپەرستانە بە ئاسۆی حەرەکەت و رویکەردێک کە هەیانە، خۆڕاگری شکۆدار و خەباتی چەکدارانەی ژنانی کۆبانی لە بەرانبەر هێرشی هێزەکانی داعشدا لەژێر ناوی ” توند کردنەوەی توندوتیژی”دا مەحکوم کرد.

هەڵسوراوانی سوسیالیستی بزووتنەوەی ژنان لەم بارودۆخه‌دا پێویستە بە لەقاودانی ناوه‌ڕۆكی راستەقینەی سیاسەت و کردارەکانی ئەو رەوتانەی کە پەیڕەوی لە ئیسلاح خوازانی حکومەتی دەکەن، جەخت لەسەر ئەو ویست و داواکاریانەیان بکەنەوە كه‌ لە بزووتنەوەی ژناندا ریشەی لە کار و ژیانی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش دایە. جەخت کردنەوە لەسەر ئەم داواکاریانە و نیشاندانی مەسیری دەستەبەر بوونیان هەنگاوێکی گرینگە لە راستای هێنانە مەیدانی جەماوەری ژنانی کرێکار و ئازار چێشتوو. بە چڕتر بوونەوەی یەک لایەنە لەسەر هێندێک لە داواکاریەکان و مافی تاکە کەسی ژنان، ئەگەر بکرێت رەزامەندی ژنانی چینی مامناوەندی کۆمەڵگە بەدەست بهێندرێت، بەڵام ناکرێ ژنانی زەحمەتکێشی کۆمەڵگە لە ئاستێکی جەماوریدا بکێشرێنە مەیدانی خەباتەوە. لە کۆمەڵگایەکدا کە هەژاری و فەلاکەتی ئابووری لەوپەڕی خۆیدایە و بێکاری بۆتە کارەساتێکی کۆمەڵایەتی، سه‌رنجدانە ریشەکانی ستەمکێشی ژنان خاوەنی گرینگیەکی تابیه‌تی تری هه‌یه‌. لە بارودۆخێکدا کە پێگەی جینسی دووهەمی ژنان ریشەی لە موناسباتێک دایە کە لەسەر مێحوەری سود و قازانج دەگەڕێ، هەموو چەشنە باشتر بوونێک لە پێگە و ژیانی راستەقینەی ژناندا بەبێ هێرش بۆسەر سودی سەرمایە مومکین نییە. داواکاری دابین بوونی بیمەی بێکاری بۆ هەموو ژنانی ئامادە بەکار، هەڵوەشانەوەی قانونی بەرتەسک كردنه‌وه‌ و لابردنی کۆسپەکانی سەر رێگای ژنان بۆ چوون بۆ بازاڕی کار، هەڵوەشانەوەی سەرجەم یاسا تەبعیز ئامێزەکان لەدژی ژنان لە شوێنی کار، دروست کردنی باخچەی ساوایان و مەهدی کودەک لە گەڕەکە هەژار نشین و قەراخ شارەکان بۆ یارمەتیدانی ژنان لە راستای رزگار بوون لە کاری ماڵەوە، بەبێ هێرش بۆسەر سودی سەرمایە مومکین نییە. لە کارزاری خەباتدا بۆ بەسیجی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش لە دەوری ئەم داواکاریانەیە کە بێ ناوەرۆکی و بێهودەیی رێکار و نەخشە راهبوردییەکانی رەوتی فیمینیسمی ئیسلامی و نیئۆلیبڕال کە ئیسلاح خوازانی حکومەتی کردویانەتە رێنمای خۆیان، بۆ هەمووان ئاشکرا دەبێت.

بزووتنەوەی ژنان وەک بزووتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی تەنیا لەبەر رۆشنایی ئاسۆ و ستراتیژی سوسیالیستی و لە یەکێتی لەگەڵ بزوتنەوەی کرێکاریدایە کە دەتوانێ بە پاشەکشە پێکردنی گرایشاتی فینیزیمی بۆرژوایی، خۆی لە زنجیری ئاپارتایدی جنسیەتی رژیمی کۆماری ئیسلامی رزگار بکات و پێشڕەوی خۆی زەمانەت بکات.

حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای پیرۆزبایی به‌ بۆنه‌ی ٨ی مارس ئەم هێمای خەباتی ئەنترناسیۆنالیستیە بۆ دابین کردنی یەکسانی ژن و پیاو، سەرجەم هەڵسوڕاوان و پێشڕەوانی سوسیالیستی بزووتنەوەی ژنان و بزووتنەوەی کرێکاری بۆ ئامادەکاری بەڕێوەچوونی هەرچی شکۆدارتری مەراسم و ئاکسیۆنەکانی رۆژی ٨ی مارس کە لە ماوەی ٣٦ ساڵی رابردوودا بۆتە یەکێک لە جیلوەکانی بەردەوامی بزوتنەوەی رزگاری ژنان لەدژی دیکتاتۆری دژبە ژنی کۆماری سەرمایەی ئیسلامی، بانگەواز دەکات.

برۆخێ رژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکومەتی کرێکاری

کومیتەی ناوەندی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
٧ی رەشەمەی ١٣٩٣
٢٦ی فیوریەی ٢٠١٥