رژیمی ئیسلامی لە لێواری هەڵدێری خەبات لەدژی بەدحیجابیدا

وتەبێژی هێزی ئینتیزامی رژیم رۆژی یەکشەممە ٢٤ی مانگی خەزەڵوەر هۆشداری دا ماشێنی ئەو ژنانەی کە لە کاتی شۆفیریدا حیجابی ئیسلامیان ره‌عایەت نەکردبێت، رادەگیرێ و جەریمە دەکرێن. بە وتەی ئەم کاربەدەستەی رژیم، لە ماوه‌ی یەک هه‌فته‌ی رابردودا ١٠ هەزار ماشێن لەم پێوەندەدا تەزەکوریان وەرگرتوە و بۆ هەزار ماشێنیش پەروەندە پێکهێندراوە. چەند رۆژ لەوە پێشیش “حەسەن ئەشتەری”، رەئیس پۆلیسی رژیم هۆشداری دابوو، مەئمورەکان لە سەرتاسەری وڵاتدا لەگەڵ “کەشفی حیجاب” لە ماشێنەکاندا بەرخورد دەکەن. لە لایەکی دیکەوە جێگری کاروباری بەسیج و فەرهەنگی به‌رگری ستادی هێزە چەکدارەکانی رژیمیش لەمبارەیەوە وتویەتی: ئەگەر بێت و دەزگا پێوەندیدارەکان ئەرکەکانیان لە پێوەند لەگەڵ بەرخورد بە “ناهەنجاری و بەد حێجابی”دا بەباشی بەڕێوەنەبەن، حیزب اللە ئەرکی خۆی بەڕێوەدەبات. پێشتریش کاربەدەستانی رژیم بە ئیعتیراف بە بێتوانایی لە بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ “بێ حێجابی” ژناندا وتویانە ئێستا حیجاب لە وڵاتدا گەیشتۆتە لێواری هەڵدێر.لەم رۆژانەدا دەربڕینی نیگەرانی سەبارەت بە دیاردەی بەد حیجابی نەتەنیا ئیمامانی جومعە بەڵکوو فەرماندە نیزامیەکان، نوێنەرانی مەجلیس و کاربەدەستانی ورد و درشتی رژیمی کۆماری ئیسلامی گرتۆتەوە. هەموو کاربەدەستانی رژیم لەم بوارەدا وتویانە کە ره‌عایەت نەکردنی حیجابی ئیسلامی بۆتە بابەتێکی گشت گیر. سەرانی رژیم دەزانن کە پەرەسەندنی بەدحێجابی یەکێک لە دەرکەوتەکانی قەیرانی ئیدئۆلۆژیکی رژیمی ئیسلامی و لە راستیدا ره‌ت کردنەوەی نەفسی رژیمە، هەموویان لەم گۆشە نیگایەوە سەبارەت بە ئاسەوارەکانی بەدحێجابی هۆشدار ئەدەن.
585
ئەم قسانە و ئەمجۆرە دەربڕینی نیگەرانیانە لە هەمانحاڵدا کە کەللە وشکی و کۆنەپەرستی ئاشکرای خاوەنانی نیشان ئەدات، بەڵام لە هەمانحاڵدا گەلێک نیشانەی ڕاستەقینە لە گۆڕانی بارودۆخ و لە گۆڕانی هاوسەنگی هێزێکە کە لەم کۆمەڵگایەدا بەدیهاتوە. ئەم هاوسەنگی هێزە نوێیە بە ئارامی لە ئاکامی ٣٦ ساڵ خەباتی ژنان لەگەڵ ئاپاڕتایدی رەگەزی و سیاسەته‌ دژی ژنەکانی رژیمی کۆماری ئیسلامیدا شکڵی گرتووە. خەباتی بەردەوامی ژنان لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەی رابردودا و بۆ نمونە حزوری بەرین و جسارەت و بوێری و رۆحیەی هێرشبەرانەی ژنانی ئازادیخواز لە ناڕەزایەتیەکانی ساڵی ٨٨دا، سەرچاوەی ئەو بێباکیە بەرینەیە کە لەمرۆدا لە مەیدانی خەباتدا لەگەڵ حێجابی ئیجباری خۆی نیشان ئەدات و ئیمام جومعەکان، کاربەدەستانی رژیم و فەرماندەکانی هێزی ئینتیزامی وە ئامان هێناوە.
رژیمی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی زیاتر لە سێ دەیەی رابردودا، ئەوپەڕی کرداری دژی ئینسانی و جەنایەتکارانەی خۆی لە بەرەنگار بوونەوە لەگەڵ خەباتی ژنان بۆ دەستەبەر کردنی مافەکانیان پیشان داوە و بە گرتن، شه‌لاق و زیندان و ئەشکەنجە هەوڵیدا ژنانی خەباتکار و ئازادیخواز چاوترسێن بکات. بەڵام حزوری ژنان لە مەیدانە جۆراوجۆرەکانی تێکۆشاندا و حوزوری جەماوەریان لە گۆڕەپانەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیدا نیشانی ئەدات کە ژنانی ئێران بۆ دەستەبەر کردنی داواکارییە ئینسانیەکانیان پێیان ناوەتە مەیدانی خەباتێکی سەنگەر بە سەنگەرەوە و کرداری جەنایەتکارانەی رژیم کاریگەریەکی لەسەر عەزم و ئیرادەیان نییە. لەمرۆدا ئاکامی ئەم خەباتە بوێرانە، دورودرێژ و سەنگەر بە سەنگەرە خۆی لە جەماوەری بوونەوەی خەبات لەگەڵ حێجابی ئیجباریدا دەردەخات و دەیبینین.
روون و ئاشکرایە کە مەسەلەی حیجابی ئیجباری تەنیا یەکێک لە شکڵ و شێوەی ستەمکێشی ژن لە کۆمەڵگای ژێر حاکمیەتی رژیمی ئیسلامی دایە. خەبات لەگەڵ حیجابی ئیجباری مەیدانێکە کە خۆی لە خۆیدا قوڵایی خەباتی رزگاری بەخشی ژنانی ئێران نیشان ئەدات، بەڵام خۆڕاگری لە بەرانبەر ئەم قانون و سوننەتە کۆنەپەرستانەی لە ئارادان، لەمرۆدا بۆتە هێمای خۆڕاگری لەبەرانبەر قانونە ئیسلامیەکان و پشت گوێدانی دەستوراتی حکومەتی.
دیاردەی بەد حیجابی کە بەم شێوەیە کاربەدەستانی کۆنەپەرستی رژیمی نیگەران و ئالۆز کردووە، لەمرۆدا لە ئاستێکدایە کە رژیم توانایی کۆنترۆڵ کردنی نەماوە. هێزی نێردراو بۆسەر شەقامەکان بۆ پاشەکشە کردن بە خێڵی میلیۆنی ئەو ژنانەی کە لە رێگای بردنەدواوەی رووسەریەکانیان، رژیم و قانونەکانیان هەنگاو بە هەنگاو توشی کێشە و گرفت کردوە، کافی نین. جەماوەری بوونەوەی زیاتری ئەم خەباتە رژیمی لە بەرەنگار بوونەوەیدا داماو و بێ چارە کردووە. هەراوهوریای ئیمام جومعەکان و هەڕەشەی فەرماندەکانی هێزی ئینتیزامی و رەئیسی پۆلیس نەک لە رووی بەهێزیەوە بەڵکوو لە راستیدا ئیعتیڕاف کردنە بە شکست. کۆماری ئیسلامی لە ماوەی سێ دەیەی حاکمیەتی خۆیدا هەرچی لە توانایدا بووە لەدژی ژنانی ئەم وڵاتە بەکاری هێناوە. نە لە بواری پەسند کردنی قانونی نوێ و نە لەبواری پەیڕەو کردنی زۆرداری و توندوتیژی راستەوخۆ بۆشاییەکی نەهێشتۆتەوە تا لەمرۆدا بیەوێ پڕی بکاتەوە. بەڵام واقعیەتی نیگەرانی سەرانی ڕژیم لە مەوقعیەتێکی نوێوە سەرچاوە دەگرێت کە ئەمرۆ بزوتنەوەی رزگاری بەخشی ژنان بەدەستی هێناوە.
بزوتنەوەی ژنانی ئێران بەهۆی حزوری بەرچاوی لە مەیدانە جۆراوجۆرەکانی خەباتدا ئیعتیبارێکی کۆمەڵایەتی بەرینی بەدەستهێناوە و پشتیوانی بەشێکی بەرینی ژنان و پیاوانی یەکسانی خوازی بۆلای خۆی راکێشاوە. هەڵسوراوان و پێشڕەوانی رادیکاڵی بزوتنەوەی ژنان ئەزموون و باوەڕبەخۆیی زیاتریان دەستەبەر کردووە. لە ماوەی ئەم ساڵانەدا هەروەها شاهیدی پەراوێز کەوتنی رەوتێکی لییبڕاڵی بووین کە هەوڵی ئەدا خەباتی ژنانی ئێران لە دەوری هێندێک داواکاری لە بواری هەموار کردنەوەی قانونەکانی شەرعی ئیسلامدا بێنێتە ژێر کۆنترۆڵی خۆیەوە و بە پشت بەستن بە فتوای ئایەتۆڵا ناڕازییەکان و پەرەدان بە رۆحیەی چاوەڕوانی و محافزەکاری، خەباتی رزگاری بەخشی ژنان بخاتە پەڕاوێزی جەریانی ئیسلاح خوازانی حکومەتیەوە و بیکاتە ئامرازێکی بەهێز بوونی سەرلەنویی ئەم باڵە لە حاکمەیەتی رژیمی ئیسلامیدا. ئەو نیگەرانیانەی کە لە کاربەدەستانی رژیمی دەبیستین و ئەو راستیانەی کە دەیانبینین، دەرخەری ئەوەن کە ئەم گه‌رایشە لە کاری خۆیدا سەرکەوتنی بەدەست نەهێناوە و بزوتنەوەی ژنانی ئێران بە پێچەوانەی چاوەروانیەکانی ئەوان ئاڕاستەیەکی رادیکاڵ و شۆڕشگێڕانەی گرتۆتە پێش.
خۆڕاگری لە بەرانبەر حێجابی ئیجباریدا بەردەوام یەکێک لە جیلوەکانی بزوتنەوەی رزگاری بەخشی ژن لەدژی دیکتاتۆڕی مەزهەبی و دژی ژنی کۆماری ئیسلامی بووە، ئەم خۆڕاگرییە وڵامێکە بە سیاسەت و کردارە دژبە ژنەکانی هەردوو باڵی رژیم، ئیسلاح خوازانی حکومەتی و دەوڵەتی ئیعتیدال گەرای رۆحانی لەپێشدا رایانگەیاندوە کە ماف و ئازادییەکانی ژنان تەنیا لە چوارچێوەی قانونی ئیسلامیدا بە مەشروع دەزانن و باڵێکیش کە دەستی باڵای هەیە دەمێکەیە بۆ سەرکوتی خەباتی یەکسانی خوازانەی ژنانی ئێران شمشێری لە کالان دەرکێشاوە.
خەباتی پێکەوەی ئەو ژن و پیاوانەی کە داسەپاندنی حیجابی ئیجباری بەسەر ژناندا بە سوکایەتی بە کەرامەتی ئینسانیان دەزانن، دەتوانێ سەر بکەوێت. کاتی ئەوە هاتووە کە ژنانی ئێران بە فڕێدانی حیجابێک کە بە زۆری سەرکوت بەسەریاندا دراوە و بەکردەوە قانونێک کە لەم بوارەدا بوونی هەیە هەڵوەشێنەوە. کارێک کە لەمبارەیەوە دەستی پێکردووە دەتوانێ بە یەکجارەکی بەئاکام بگات. رژیم لە لێواری هەڵدێری خەبات لەگەڵ بەد حیجابیدایە، حیجابەکانتان فڕێبدەن.