رژیمی کۆماری ئیسلامی هۆکاری وێران بوونی ژینگە

بەپێی راپۆرتی هەواڵنێری فارس دەفتەری خامنەیی رۆژی شەممە، ٢٦ی مانگی خەزەڵوەر، “سیاسەتە گشتیە ژینگەییەکانی” راگەیاند. “مودیریەتی هاوئاهەنگ و نیزاممەندی مەنابعی حەیاتی”، “جورم ئەنگاری وێران کردنی ژینگە”، “ئامادە کردنی نەخشەی زیست بومی وڵات، و “پەرەدان بە ئابووری سەوز و نیهادینە سازی فەرهەنگ و ئەخلاقی زیست موحیتی” لە زومرەی خاڵەکانی ئەو ئیبلاغیەن.
ئەوەی کە لەژێر حاکمیەتی رژیمی ئیسلامیدا، ژینگە کەوتۆتە ئاستێکی قەیراناوی و کارەساتبارەوە لە لایەن سازمانە جیهانیەکان و تەنانەت هێندێک لە ئۆرگان و کاربەدەستانی رژیمیشەوە تەئید کراوە. ئەنیستیتۆی جیهانی سەرچاوە سروشتیەکان لە راپۆرتی ساڵانەی ٢٠١٥ی خۆیدا بەرهەمهێنەرانی گازە گوڵخانەییەکانی پلەبەندی کردووە. بەپێی راپۆرتی بڵاوکراوە، کۆماری ئیسلامی دوای چین، ئامریکا، ٥ وڵاتی ئوروپایی، هێند و روسیە بە بەرهەمهێنانی ٧١٥ ملیۆن تۆن دی ئۆکسیدی که‌ربۆن پلەی دەیەمی لە دنیادا بەدەست هێناوە. بەپێی ئەم راپۆرتە بەرهەمهاتنی ئەم گازە روو لە زیاد بوونە. بەم ئیعتیبارەوە دەبێ بوترێ ئێران بە بونیەیەیەکی ئابووری لاوازتر و جەمعیەتی کەمتر لە باقی وڵاتان لە زیان گەیاندن بە ٧٨ ملیۆن جەمعیەتی وڵاتدا و ٧ ملیارد دانیشتوانی گۆی زەوی وەها پلەیەکی لە وێران کردنی ژینگەی بەدەست هێناوە. بەپێی هێندێک توێژینەوە، سوتاندنی بەرینی گازی سروشتی و بوونی چەندین ملیۆن ماشێنی کۆنە کە بەنزینی ناستاندارد دەسوتێنن، دوو هۆکاری سەرەکین لە دروست کردنی ئەو رێژەیە لە دی ئۆکسیدی که‌ربۆن لە ئێراندا. بەڵام کێشە و گرفتە ژینگەییەکان لە ئێرانی ژێر حاکمیەتی کۆماری ئیسلامی تەنیا بەرهەمهێنانی گازی گوڵخانەیی نییە. لە ساڵەکانی رابردوودا گەلێک گرفتی ژینگەیی لە ئێراندا رویانداوە کە وشک بوونی دەریاچەکان، رووبار و تاڵاوەکان، لەبەین چوونی دارستانەکان، قەیرانی ئاو و هەروەها پیس بوونی هەوای شارە گەورەکان لە نمونەکانیەتی.ماوەیەک لەوەپێش حەمید چیت چیان، وەزیری نیرو لە دەوڵەتی یازدەهەمدا، قەیرانی ئاوی لە ئێران بە جیدی و سەرەکی ترین کێشەی وڵات زانی. ئەو سوێر بوونی ئاوەکان، وشک بوونی باغ و زەوییە کەشاوەرزیەکان، وشک بوونی کانی، کارێز، تاڵاو و دەریاچەکان، کەم بوونەوەی ئاوی روبارەکانی لە دیاردەکانی قەیرانی ئاو لە وڵاتدا ناولێبرد و وتی کە ساڵانە ١٢٠٠ کیلۆمیتر قوڵتر کردنی چاڵاوەکان و یان هەڵکەندنی چاڵاوی نوێ لە وڵاتدا جێبەجێ دەکرێت. ئەوە لە حاڵێکدایە کە یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی قه‌یرانی ئاو لە ئێران ده‌رهێنانی بێ بەرنامەی ئاوی ژێرزەوی و بوونی هەزاران چاڵاوی ئیجازە پێدارو و بێ ئیجازەیە لە وڵاتدا. ستار مەحمودی، قایم مقامی وەزیری نیروش بارودۆخی ئاوی لە ٥٢٠ شاری ئێرانی بە خراپ زانی. بە بۆچوونی ئەو وشکساڵیە بەردەوامەکان، سەدسازی بێ بەرنامە، بەهەدەردانی سەرچاوەی ئاویی لە لایەن کەشاوەرزی سوننەتیەوە و ناکارا بوون و لە کۆتاییدا لێدانی دەیان هەزار چاڵاو بە تایبەت لە دەوروبەری دەریاچە و تاڵاوەکان، قەیران و بێ ئاوی لە ئێرانی لێکەوتوەتەوە. بەپێی ئامارە رەسمیەکان ئێستا لە ئێراندا لە ٦٤٧ سەد کەڵک وەردەگیرێت و دروست کردنی ٦٨٣ سەدی دیکەش لە حاڵی هەڵسەنگاندن یان دروستکردن دایە. 589
زۆربەی ئەم سەد و کاناڵانە لە لایەن قەرارگای خاتەم ئەنبیاوە دروست کراون. هێندێک لە سەدەکان بۆ گەیاندنی ئاو بۆ مڵک و ماڵی ئاخوندە خاوەن دەسەڵاتەکان و کاربەدەستان، ناوەندە نیزامیەکان و یان لە جێگایەکی وەک کوردستان بۆ بێبەش کردنی ناوچەکان لەو ئاوە زۆرانە دروست کراون کە دەتوانێ ببێتە هۆکاری گەشەی کەشاوەرزی، ئاژەڵداری و بێ نیازی ئابووری ئەم ناوچانە. داهاتەکانی بەدەستهاتوو لەم پرۆژانە دەچێتە گیرفانی سپا و فەرماندە پلە بەرزەکانیەوە و تەپوتۆزی بەرهەمهاتو لە بەستێنی وشکی دەریاچەکان، رووبار و تاڵاوەکانیش بۆتە هۆی گیرۆدە بوونی خەڵکی ناوچەکە بە گەلێک بەڵاو نەخۆشی جۆراوجۆر. دارستانەکانی زاگروس لە کوردستان ئاگاهانە و بە بیانوی پاراستنی ئەمنیەت لە لایەن هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامیەوە دەسوتێندرێن. دارستانەکانی شومالیش لە لایەن فه‌رماندە نیزامی، ئینتیزامی، کاربەدەستانی دەوڵەتی و رانت خۆران و لەبەر ماڵ، ویلا و ئاپارتمان سازی دەسوتێندرێن. پۆششی گیایی لە ناوچە جۆراوجۆرەکان و بەتایبەت لە کوردستان لەژێر چەکمەی هێزەکانی ئەڕتەش، سپا و بەسیجدا پێشێل کراوە و یان بە ئاگری چەکەکانیان گڕ دەگرن و لەبەین دەچن. لە ئیبلاغیەکەی خامنەییدا لەوانە ئاماژە بە “جورم ئێنگاری وێران کردنی ژینگە” کراوە. ئایا لە وڵاتێکدا کە نیزامی حکومەتیەکەی هۆکاری سەرەکی قەیرانی ژینگەیە، قەرارە کێ وێرانکەرانی ژینگە تەنبێ و سزا بدات؟
لەم ساڵانەی دواییدا قەیرانی ژینگەیی قین و توڕەیی بەرینی خەڵکی هەڵخڕاندوە و رژیم بە شگردی سەرکوت بەرەنگاری ئەم ناڕەزایەتیانە بۆتەوە. بەڵام سەرکوتەکان خەڵکی چاوترسێن نەکردوە و خەبات بۆ باشتر بوونی ژینگە بۆتە یەکێک لە مەیدانەکانی روو بەڕوو بوونەوەی خەڵک لەگەڵ رژیم.
قوڵی و بەرینایی قەیرانی ژینگەیی بەشێک لە کاربەدەستانی رژیم و بۆرژوازی ئێرانیشی نیگەران کردووە و بە قەولی هێندێک لە کارناسان بۆتە کۆسپێک لەبەردەم سەرمایەگوزاری نێوخۆیی و دەرەکی. گومانی تێدا نییە کە سەرمایە گوزارانی دەرەکی و نێوخۆیی لە نەبوونی قانون و یاسایەک بۆ پاراستنی ژینگە قازانج دەکەن. بەڵام کاتێک قەیران لەم بوارەدا دەگاتە ئاستی کارەساتبار، کەسب وکار و ژینگەی خۆیان و هێزی کاریشیان توشی مەترسی دەکات و پەرەسەندنی ناڕەزایەتی خەڵکیشی بەدوادا دێت، ئەمجارە دەبنە لایەنگرای ده‌خاڵەت و سەرمایەگوزاری دەوڵەت لەم بوارەدا. ئیبلاغی “سیاسەتە گشتیە ژینگەییەکان” لە لایەن خامنەییەوە لە بارودۆخێکدایە کە وێران بوونی ژینگە ئاستێکی کارەساتباری بەخۆیەوە گرتوە و ئاسەوارەکانی، داوێنی رژیمی کۆماری ئیسلامیشی گرتووە.
بەرهەمهێنانی سەرمایەداری لە یەکەم هەنگاویدا وێران کردنی ژینگەی لەگەڵدا بوو. ئاست و شکڵ و شێوەی ئەم وێرانگەریە بە درێژایی مێژووی کورتی سەرمایەداری گەلێک ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتوە، بەڵام ئەم دیاردەیە نەک هەر تێکرار دەبیتەوە، بەڵکو وەک ئاوەڵدوانەی ئەم سیستمە کردارێکی وەحشەتناکتری دەبێت. لەناخی ئەم سیستمە قەیران لێدراوەی ئێستادا سەرانی حکومەتی ئیسلامی سەرمایە توانایی بەرگرتن لە موسیبەتی روو لە زیاد بوونی سەرچاوە گرتوو لە وێران بوونی ژینگەیان نییە و نابێت و بێ گومان “سیاسەتی گشتی ژینگەیی” خامنەییش وەک باقی سەنەدەکانی پێوەندیدار بە سیاسەتە کەڵانەکانەوە، دەبێتە کوتە کاغەزێکی بێ بایه‌خ.