رۆژی جیهانی لاوان وەبیرهێنەرەوەی خەباتێکی ئیلهام بەخش

بە پێی تەقویمی رێكخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان، ١٢ ی ئووت بەرابەر لەگەڵ ٢١ی مانگی گەلاوێژ، رۆژی نێونەتەوەیی لاوانە. لە رۆژی ١٧ی دیسامبری ساڵی ١٩٩٩، کۆبونەوەی گشتی ڕیکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان، ئەم رۆژەی وەک رۆژی جیهانی لاوانی بە دروشمی: “دروست کردنی دنیایەکی باشتر؛ لەگەڵ لاوان دروست بکەین”507راگەیاند. ئەم سازمانە هەموو ساڵێک بەم بۆنەیەوە لە هەموو وڵاتانی دنیادا دەیەوێ تا بەکردەوە لە ڕاستای پەرەدان بە ئیمکانات و سەرچاوە بۆ یارمەتی گەیاندن بە لاوان هەوڵ بدات. ڕیکخراوی نەتەوەیەکگرتوەکان دروشمی سەرەکی مەڕاسمەکانی ئەمساڵی “بەشداری دان و سەهیم کردنی کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسی”لاوان دیاریکردووە. ئەم رێكخراوه‌یه‌ قەبوڵی دەکات کە دانی دەرفەت بۆ سەهیم کردنی لاوان لە کاروباری سیاسی، ئابووری و کۆمەڵایەتیدا لە ئاستێکی جیهانیدا گەلێک لە خوارەوەیە و نزیک لە سێفرە. ئەو موسیبەتانەی کە سەرمایەداری لە سەرەتای دەیەی ٨٠ی سەدەی ڕابردوو بەتایبەت لە قەیرانی ساڵی ٢٠٠٨ بەملاوە، بەسەر لاوانی کچ و کوڕیدا سەپاندوە،هۆکارێکی ئاشکرایە لەسەر بێ توانا بوونی سیستمی سەرمایەداری لە دابین کردنی ژیانێکی ئاسودە، بەردەوام، ئاوێتە بە پاراستنی کەرامەت و مافە دیموکڕاتیکە ئینسانیەکان بۆ بەشەریەت و لە سەروشیانەوە لاوانی چینی کرێکار و باقی بێبەشانی کۆمەڵگە.ڕاپۆرتی ساڵی ٢٠١٥ی رێكخراوی جیهانی کار باس لەوە دەکات کە نرخی جیهانی بێکاری لە نێوان لاوانی ١٥ تا ٢٥ ساڵ ته‌مه‌ن، ١٣ لەسەدە. بە لەبەرچاو گرتنی ئەم ئامارە، ٧٤ ملیۆن لاو لە ئاستی دنیادا لەم تەمەنەدا بێکارن و ئەم ڕێژەیە روو لە زیاد بوونە. ئەم رێكخراوه‌ هه‌ر كه‌سێكی هه‌ڵوه‌دای كار كه به‌ شێوه‌ی یاسایی له‌ وڵاته‌كه‌یدا‌ لانیكه‌م یه‌ك سێهه‌می سه‌عاتی هه‌فتانه‌ و یان زیاتر له‌م رێژه‌یه كاریان كردبێت‌، وه‌ك بێکار ناولێبده‌بات.هێندێک لە کارناسان کە دابین نەبوونی ئاستی مامناوەندی ژیان بۆ بنەماڵەیەک لە هەر وڵاتێکدا بە پێوانەی بێکاری دەزانن، لەسەر ئەو بڕوایەن کە ئاماریراستەقینەی بێکاری لانیکەم دوو بەرابەری ڕێژەی دیاریکراوە لە لایەن رێكخراوی جیهانی کارەوەیه‌. هەڵبەت لە کۆماری ئیسلامیدا بێکار بە کەسێک دەوترێت کە لە حەفتەدا کەمتر لە سه‌عاتێك کاری کردبێت. ئیدارەی ئاماری كار بە لەبەرچاو گرتنی ئەم فۆرمۆلبەندیە، رێژه‌ی بێکاری لەنێو لاوانی ١٥ تا ٢٤ ساڵ ته‌مه‌نی ٢٥ لەسەد راگەیاندووە.بێکاری روو لە زیاد بوون، لەبەرچاو نەگرتنی نیازەکانی نەسڵی لاو، بێ هیوایی بە دابین بوونی داهاتویەکی موتمەئین لە دنیای قەیران لێدراوی بۆرژواییدا، پەراوێزخران، گیرۆدە بوون بە هەموو جۆرە نەخۆشیەکی ڕەوانی و لە خۆ بێگانە بوون تا چەند ساڵی ڕابردوو لاوانی لەباری سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە لە پەڕاوێزی ئاڵوگۆڕ و خەباتی کۆمەڵایەتیدا ڕاگرتبو. ڕاگەیەنەرەکانی هێڵی رەسمی بۆرژوازی بە کەڵک وەرگرتن لەم بارودۆخە ئینفیعالیە بە شێوەیەکی فریوکارانە و بەردەوام لاوانی کچ و کوڕی رازی و قانع بە چارەنوسێک وێنا دەکرد کە سەرمایەداری بۆی دیاری کردبوون.بەڵام ئەم وێنا کردنە لە ساڵی ٢٠٠٠ی زایینی بەملاوە، بەرە بەرە کاڵ بۆوە و لە ئێستادا لەبەین چووە. لەم تاریخەدا لاوان لە ئامریکای لاتین هێزی چالاکی بزوتنەوەیەکی بەهێز و رەزمەندەی دژی هەژاری و برسیەتی داسەپاو لەلایەن سەرمایەدارانی نێوخۆ و خاریجی لە سەرویانەوە ئیمپریالیزمی ئامریکا بەسەر لاتینیەکاندا بوون. ئەوان بە دروستی تەشخیسیاندا کە ئەوە سەرمایەدارانی نێوخۆ و دەرەکین کە چینی کرێکاری ئەم قاڕەیان تووشی هەژاری بێ ئه‌مان و برسیەتی بێ ئەوپەڕ کردووە. ئەم لاوانە هێزی چالاکی بزوتنەوەیەک بوون کە دەستیدایە بەهێز کردنی حکومەتی کوبا و لە وێنزوئیلا هۆگۆ چاوێزی بە دەسەڵات گەیاند کە گەلێک دەستکەوتی بەرچاوی لە کەم کردنەوەی هەژاری، نەخوێندەواری و بەهرەمەند نەبوونی خەڵک لە بێهداشتی گونجاودا هەبوو. درێژەی ئەم بزوتنەوەیە مەوقعیەتی هێز و سیاسەتمەدارانی مایل بەرەو چەپی لە زۆربەی وڵاتانی ئامریکای لاتیندا بەهێز کرد. کچان و کوڕانی لاو لە ساڵی ٢٠٠٩ی زایینی، بەرابەر لەگەڵ ١٣٨٨ی هەتاوی، لە ماوەی ساڵێکدا و لە ناوەرۆکی خەباتێکی جەماوەریدا لەدژی دیكتاتۆری مەزهەبیی کۆماری ئیسلامی هاتنە مەیدان. هەرچەند خەباتەکەیان بە ئاکام نەگەیشت، بەڵام زەرفیەتە ڕاستەقینەکانی ئەم هێزە کۆمەڵایەتیەی پیشانی هەموان دا. هێزی سەرەکی خەباتێک کە لە سەرەتای ساڵی ٢٠١١ دا بوو بە هۆی روخانی “زەینولعابدین بن عەلی” دیکتاتۆری تونێس و “حوسنی موبارەک” دیکتاتۆری میسر، لاوانی چینی کرێکار و باقی توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگای میسر و تونێس بوون. هاوکات لەگەڵ ئاخێز و راپەڕین لە وڵاتانی عەرەبیدا لاوان لە خەباتی کرێکاریدا لە ئوروپا لەدژی سیاسەتی ڕیازەتی ئابووری دەور و نەخشێکی بەرچاویان هەبوو. لاوانی کرێکار لە یۆنان دەستیاندایە بەهێز کردنی باڵی چەپ لە حیزبی سیریزا و لە سپانیاش بەهێز کردنی پودموس. ئەوان لە ویلایەتە یەکگرتوەکان لە بزوتنەوەی دژی نا بەرابەری “ئیشغاڵ کردنی وال ئێستریت”، بزوتنەوەی ١٥ دۆلار لانیکەمی حەقدەست لە سه‌عاتێكدا، لە خەبات لەدژی وەحشیگەری و کرداری جەنایەتکارانەی پۆلیس لەدژی لاوانی ڕەش پێستدا بەردەوام لە ڕیزی پێشەوە بوون.لاوان لە خەبات لەدژی خسوسی کردنی دانیشگا و کۆلیژەکان و هەرچی زیاتر بە کالا بوونی ئاموزش و جەنایەتەکانی پۆلیس لەدژی خوێندکاران، ئاموزگاران و ئۆستاداندا نەخشی کلیدی و سەرەکیان گێڕاوە. خەباتی چەندین ساڵەی کچان و کوڕان لە وڵاتی شیلی لەدژی کرداری دەوڵەت بۆ خسوسی کردنی دانیشگاكان و وەرگرتنی شەهریە و یان زیاد کردنی، بۆتە هۆی رادیکالیزە کردنی سەرجەمی تێکۆشانەکان لەدژی سیاسەتی خسوسی سازی ئاموزش لەم وڵاتانە و باقی وڵاتانی ئامریکای لاتین. خوێندکاران لە وڵاتی بریزیل و میکزیک دەستیانداوەتە تێکۆشانێکی هاوشێوە کە هێشتا درێژەی هەیە. خوێندکارانی میکزیک له‌ ریزی یه‌كه‌می خەبات لەدژی حکومەتێکی گەندەڵن کە ٤٣ موعەلیمی کۆمەک ئاموزشی ڕفاند و لە لایەن باندە جەنایەتکارەکانیەوە کوشتیانی. خوێندکاران لە ئوروپا و بە تایبەت لە بریتانیا هاوکات لەگەڵ خەباتی چینی کرێکاردا لەدژی ڕیازەتی ئابووری لە خەبات بۆ بەرگرتن لە خسوسی کردنی دانیشگاكان و وەرگرتنی شەهریە و یان زیاد کردنیدا دەور و نەخشی بەرچاویان گێڕاوە. دیار ترین ئاکسیۆنەکانی لەم چەشنە خۆپیشاندانی سەرتاسەری و به‌ باشی سازماندراوی رۆژانی ١٨ و ١٩ ی نوامبری ٢٠١٤ ی خوێندکارانی بریتانیا بوو کە به‌ رێبەریی خوێندکارانی چەپ به‌ڕێوه‌چوو.لە رۆژی جیهانی لاواندا، وەبیرهێنانەوەی خەباتی بەردەوام و دەستکەوتەکانی ئەم هێزە پڕجوڵەیە دەتوانێ ئیلهامبەخشی درێژەی خەبات لەدژی سیستمی سەرمایەداری و نیزامێک بێت کە هاوکات لەگەڵ قوڵ بوونەوەی ناکۆکیەکانی، موژده‌به‌خشی نیزامێكه‌ كه‌ به‌شه‌ریه‌ت له‌ هه‌موو ره‌نج و موسیبه‌ت و بێبه‌شییه‌كان، رزگار ده‌كات و جیهانێكی به‌خته‌وه‌رانه‌ی پڕله‌ شادی و ریفاه و خۆشگوزه‌رانی، جیهانی سوسیالیستی ده‌سته‌به‌ر ده‌كات.