رێزگرتن له‌ رۆژی جیهانی كرێكار له‌ لایه‌ن كرێكارانی نانه‌واخانه‌كانی شاری سنه‌

177y
رۆژی پێنجشه‌ممه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ كرێكارانی نانه‌واخانه‌كانی سنه‌ به‌ به‌ڕێوه‌بردنی مه‌راسم و خوێندنه‌وه‌ی بڕیارنامه‌یه‌ك بۆ رێزگرتن له‌ رۆژی جیهانی كرێكار، خوازیاری هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حوكمی نایاسایی له‌دژی هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاریی و موعه‌لیمان بوون.له‌م مه‌راسمه‌دا كه‌ به ‌بۆنه‌ی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی رۆژی جیهانی كرێكار به‌ به‌شداری هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری له‌ شوێنی ئه‌نجومه‌نی سنفی كرێكارانی نانه‌واخانه‌كانی شاری سنه‌ به‌ڕێوه‌چوو، بڕیارنامه‌ی هاوبه‌شی “ئه‌نجومه‌نی سنفی موعه‌لیمانی مه‌ریوان، ئه‌نجومه‌نی سنفی كرێكارانی نانه‌واخانه‌كانی مه‌ریوان و سه‌وڵاوا و ئه‌نجومه‌نی سنفی كرێكارانی نانه‌واخانه‌كانی سنه‌ و ده‌ورووبه‌ر” خوێندرایه‌وه‌. له‌م مه‌راسمه‌دا سه‌ره‌تا یه‌كێك له‌ كرێكاران ‌ باسی له‌ بارودۆخی ئابووری جیهان و قه‌یرانی ئێستا كرد. له‌ درێژه‌دا، كاریگه‌ری قه‌یرانی ئابووری بۆسه‌ر ئیقتسادی وڵات و كاریگه‌ری مه‌نفی ئه‌م بارودۆخه‌ ناله‌باره‌ له‌سه‌ر به‌رێچوونی ژیانی كرێكاران قسه‌ و باسێكی پێشكه‌ش كرد، پاشان به‌ چاوخشاندنێك به‌سه‌ر ناڕه‌زایه‌تی كرێكاران، موعه‌لیمان و په‌ره‌ستاران لایه‌نه‌كانی ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌ی دایه‌ به‌ر باس. له‌ كۆتاییدا ئه‌م بڕیارنامه‌یه‌ به‌ره‌وڕووی پێشوازی كرێكاران بۆوه‌.