رێگری له‌ سپای توركیه‌ بۆ ئه‌نجامدانی عه‌مه‌لیاتی زیاتر له‌دژی په‌كه‌كه‌

482
سپاى تورکیه‌ رایگەیاند، رێگرییان لێکراوە لە ناوچەکانى باکوورى کوردستان ٢٨٢ عه‌مه‌لیات لەدژى پەکەکە ئەنجام بدەن و ئەوەش بووەتە هۆى دروست بوونی شه‌ڕ له‌ نێو شاره‌كاندا.
رۆژی شه‌ممه‌ ٢٨ی مانگی خه‌رمانان رۆژنامه‌ی حوڕیه‌ت بڵاوی كرده‌وه‌، سپاى تورکیه‌ به‌نیاز بووه‌ لە شێرناخ ١١٠ عه‌مه‌لیات، لە جولەمێرگ ١٠٠ عه‌مه‌لیات و لە دێرسیم ٨٠ عه‌مه‌لیات لەدژى پەکەکە ئەنجام بدات، بەڵام لە شێرناخ تەنیا رێگا بە سێ عه‌مه‌لیات، لە جولەمێرگ سێ عه‌مه‌لیات و لە دێرسیمیش دوو عه‌مه‌لیات دراوە. بەپێى سەرچاوەکە، ئۆستانه‌كانی شێرناخ، جولەمێرگ و دێرسیم لەساڵى ٢٠١٢ لە پێدانى موڵەت بۆ ئەنجامدانى ٢٩٠ عه‌مه‌لیات، تەنها ڕێگایانداوە هەشت عه‌مه‌لیات بەڕێوەبچێت و ڕێگرییان لە بەڕێوەچوونى ٢٨٢ عه‌مه‌لیاتی دیکەى سپای توركیه‌ کردووە. ئاماژە بەوەشکراوە، بڵاوبوونەوەى ئەو زانیاریانە لە کاتێکدایە كه‌ لە ئێستادا پێکدادان لە نێوان سپاى تورکیه‌ و گەریلاکانى پەکەکە په‌ره‌یسه‌ندووه‌، سپاى تورکیه‌ بەوە تۆمەتبار دەکرێت ڕێوشوێنى پێویستى لەدژى پەکەکە نەگرتووەتەبەر و لەبەر ئەوەش ناچار بووە ئەو زانیارییە بڵاوبکاتەوە و ئەو تۆمەتەى کە ڕووبەڕووى بووەتەوە لە خۆى دوور بخاتەوە. ئەوەش لە کاتێکدایە یەکێک لە مەرجەکانى پەکەکە لە کۆتایى ساڵى ٢٠١٢ بۆ پرۆسەى ئاشتى ئەوە بوو کە سپاى تورکیه‌ لەدژى گەریلاکانیان عه‌مه‌لیات و هێرش ئەنجام نەدات. هه‌روه‌ها به‌ پێی راپۆرتی “رۆیترز”، له‌ جه‌ریانی هێرشی ئاسمانی ئه‌رته‌شی توركیه‌ بۆسه‌ر بنكه‌ و باره‌گاكانی پارتی كرێكارانی كوردستان له‌ هه‌رێمی كوردستان، ده‌یان كه‌س كوژران و بریندار بوون. میدیاكانی ده‌وڵه‌تی توركیه‌ ئیدعایان كردووه‌ كه‌ له‌ جه‌ریانی ئه‌م هێرشه لانیكه‌م ٥٥ كه‌س كوژران و ژماره‌یه‌كیش به‌ توندی بریندار بوون، به‌ڵام تا ئێستا هیچ سه‌رچاوه‌یه‌كی سه‌ربه‌خۆ ئه‌م هه‌واڵه‌ی ته‌ئید نه‌كردووه‌.