رەفسەنجانی تاوانباری ریزی یەکەمی فەلاکەتی ئابووری ئەمرۆیە نەک دادوەرەکەی

رۆژی سێشەممە ٢٦ی مانگی جۆزه‌ردان، هاشمی رەفسەنجانی لە مەڕاسمێکدا له‌ژێرناوی “پەردە لادان لەسەر مەجموعەی مێژووی کۆمەڵگای ئێران” بە ئاماژە کردن بە تەحریمە ئابووریەکان لەدژی ئه‌و وڵاته‌ وتی: “تەحریمەکان باوکی خەڵکی دەرهێناوە، چۆن ئیدیعا دەکەن بە قازانجمانە، تەحریم ئێسقانی کۆمەڵگای پوکاندۆتەوە.”قسەکانی رەفسەنجانی سه‌باره‌ت به‌ تەحریمەکان و گرێ درانی هەموو مه‌ینه‌تی و ئازارەکانی خەڵک بە ئاسەواری ته‌حریمه‌ ئابووریەکانی رۆژئاوا لەدژی ئێران زۆر بێشەرمانەیە. سەرجەم ئەو دەرد و ئازارانەی بەرۆکی خەڵکی ئێرانیان گرتووە لەوانە: هەژاری، بێکاری، گرانی، بێ سەرپەنایی، لە دەسترەسدا نەبوونی دەوا و دەرمان و باقی پێداوستیە سەرەتاییەکانی ژیان، زیاد بوونی به‌ملیۆن منداڵی کار و خیابان، نەبوونی بەرنامەیەک بۆ بردنە سەر کاری لاوان و خەسارە کۆمەڵایەتیەکانی سەرچاوەگرتوو لێیانەوەیان بە ئاسەواری تەحریمەکان ناوبردن، فریوکارییەکی ئاشکرایە.دیارە کە، رەفسەنجانی، دەرفەتەکەی بە غەنیمەت زانیوە و بەم قسانە باڵی بەرانبەری کردۆتە نیشانە.

رەفسەنجانی کە ئەمرۆ خراوەتە پەڕاوێزی دەسەڵاتەوە، هەوڵ ئەدات لە پشت ئازارەکانی خەڵکی ئێرانەوە سەنگەر بگرێت و لەم شەڕەدا باڵی لەسەرکار، هەم خەڵک بکاتە خاکڕیزی دیفاعی خۆی و هەم ئەوەی کە خۆی و سەرجەمی ئەم رژیمە بەسەر کرێکاران، ژنان و خەڵکی ئازار چێشتویان هێناوە، بە زەق کردنەوەی ئاسەواری تەحریمەکان داپۆشێت.باڵەکانی کۆماری ئیسلامی لەسەر شێوەی سازش لەگەڵ رۆژئاوا و ئامریکا و هەوڵدان بۆ واریز کردنی عایداتی ئەم سازشە بۆ نێو حیسابی خۆیان دەرگیرن و ئەمەش قابیلی دەرکە. بەڵام، هەوڵدان بۆ تەحریف و شاردنەوەی هۆکاری رەنج و ئازارەکانی خەڵکی ئێران لە ماوەی ٣٦ ساڵ حاکمیەتی ئەم نیزامەدا کە سەرجەم باڵەکانی سەبەبکاری بوون، هەوڵێکی بێ سەمەر و ریسوایە.461رەنجی کرێکاران و خەڵکی ئێران لەگەڵ داسەپاندنی تەحریمەکانی رۆژئاوا لەدژی ئێران دەستی پێنەکرد و بە لاچونیشی کۆتایی نایەت. کۆماری ئیسلامی جێنشینی رژیمی سەرمایەداری پاشایەتی و داکۆکیکاری رەوتێکە کە لە رژیمی پەهلەویدا لە جەریاندا بوو. بەڵام هەژاری و بێبەشی و سەرکوتی ئازادییە دیموکڕاتیکەکانی خەڵکی ئێران لەگەڵ بەدەسەڵات گەیشتنی ئەم رژیمەدا زیاتر بوو. لەگەڵ دەست پێکردنی شەڕی ئێران و عێڕاق کە رەفسەنجانی و هاوبیرەکانی ئەویان بە بەرەکەتی ئیلاهی دەزانی، هەژاری و بێبەشی بوونە کارەسات. شەڕی ئێران و عێڕاق کە وەک ئامرازێک بۆ سەرکوتی شۆڕش و دەستکەوتەکانی بەکار هێندرا، بە زیاتر لە یەک ملیۆن ئاوارە کە لێی کەوتەوە، ژێر به‌نای ئابووری ئێرانی بەرەو نابودی برد. رەفسەنجانی لە هەنگاو بە هەنگاوی ئەم جەریانەدا، شان بەشانی باقی سەرانی رژیم، بەشداری چالاکانەی هەبوو.دوای ٨ ساڵ، شەڕی کۆنەپەرستانە کۆتایی پێهات و ئەمجاره‌ رەفسەنجانی لەسەرووی دەزگای ئیجراییەوە قەراری گرت و بوو بە داهێنەری دەستپێکی ئیجرای سیاسەتە نیئۆلیبڕاڵیەکان. چەوساندنەوەی چینی کرێکار بەشێوەیەکی وەحشیانە توندتر بۆوە. چینی سەرمایەداری ئێران کە لە رەفسەنجانیدا رزگار بوونی خۆی لە دەسەڵاتی سیاسیدا دۆزیبۆوە، بە هەموو هێزیەوە چووە پشت ئەم سیاسەتە و شەخسی رەفسەنجانی. ماجەراجویی هەستەیی، لە دەورەی رەفسەنجانیدا دەستی پێکرد. رەفسەنجانیش وەک باقی رێبەرانی کۆماری ئیسلامی، ستراتیژی مانەوەی کۆماری ئیسلامی لە پەرەسەندنی قەیرانە سیاسییە ناوچەییەکاندا ئەدیت.دەورەی رەفسەنجانی لەگەڵ کرانەوەی پێی ناوەندە ماڵیە نێونەتەوەییەکان و هەرزان فرۆش کردنی هێزی کاری رزگاربوو لە شەڕی ئێران و عێڕاق و خوازیارانی نوێی کار دەستی پێکرد. دەورەیەک کە تەوەڕۆم و بێکاری تا سنوری ٥٠ لەسەد بەرز بوونەوە. ئەمە لەحاڵێکدا بوو کە ئەگەر لە دەورەی شەڕی ٨ ساڵەدا بە بیانووی “هەموو شتێک لە خزمەت شەڕدا” مافی هەناسەدانیان لە خەڵک زەوت کردبوو، لە دەورەی رەفسەنجانیدا بە بیانوی سازەندەگی بە کوشتاری بەکۆمەڵ و تیرۆری به‌كۆمه‌ڵ، کۆمەڵگەیان بەند و زیندانی کرد. سیاسەتەکانی “تەعدیلی ساختاری” و “باشتر کردن و بوژاندنەوەی هێزی کار”، بەملیۆن کرێکاریان لەپشت دەرگای ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و خزمەتگوزاریدا وەک شمشێر بەسەر کرێکارانی نێو ئەم ناوەندانەوە لە چاوڕوانیدا راگرت تا چەوساندنەوەی توندتر و کاری هەرزانتری ئەوان زەمانەت بکرێت. لەپاڵ ئەم سیاسەتەدا، پایەکانی بوونی سپای پاسداران بە غولێکی ئابووری لەو دەورەیەدا کە رەفسەنجانی سەرۆک کۆمار بوو داڕێژرا. بەڵام غولێك کە رەفسەنجانی بۆ رۆژی مەبادای رژیمی پەروەدە کردبوو وە لە قەفەسدا رایگرتبوو، لە قەفەسەکە هاتەدەر و ماجەراجوییەکانی رژیمی ئیسلامی واوەتر لە مەسڵەحەت خوازیەکانی رەفسەنجانیەوە ته‌عقیب دەکرد. ئاه و ناڵەکانی ئەمرۆی رفسەنجانی ناتوانێ مەسئولیەتەکانی لە بەرانبەر فەلاکەتی ئابووری ئەمرۆدا، داپۆشێ. گومانی تێدا نییە كه‌ کرێکاران و زۆربەی خەڵکی ئێران له‌ ناوه‌رۆكی ئەو بەڵایانەی کە ئەم رژیمە بە هەموو باڵەکانیەوە بەسەری هێناون، ئەوەندە خاراو بوون کە، دەبنە سپەری ئەم کێشە جەناحیانە و رەفسەنجانی بەمجۆرە قسانە ناتوانێ جێگایەک بۆخۆی لەلای ئەم خەڵکە بدۆزێتەوە.راستیەکەی ئەوەیە کە سەرانی کۆماری ئیسلامی لە داسەپاندنی تەحریمەکان لەدژی خەڵکی ئێران کەمتر لەو لایەنانەی ته‌حریمه‌كانیان سەپاندووه‌، تاوانبار نین و سەهمی رەفسەنجانیش لە کردنی ئەم تاوانانەدا ئەگەر لە رەقیبەکانی زیاتر نەبێت کەمتریش نییە. هەر لەم دەورەیەی تەحریمەکاندا، سەرەڕای مەحدودیەتەکان، بە سەدان ملیارد دۆلار لە سەرمایەکانی ئەم وڵاتە، سەرفی ماجەراجوییە نیزامیەکانی دەرەوەی سنور، بەهێز کردنی جەریاناتی کۆنەپەرستی ئیسلامی، تەقویەتی ماشێنی سەرکوت لە نێوخۆی وڵاتدا کرا. لەم نێوانەدا زۆرترین تیرۆرەکان لە دەرەوەی سنور، زۆرترین کوشتار و ئێعدامەکان لە نێوخۆی وڵاتدا، زۆرترین رێژەی یارمەتی دانی جەریاناتی کۆنەپەرستی ناوچەیی لە دەورەی دەسەڵاتی رەفسەنجانیدا بەڕێوەچووە. رەفسەنجانی خۆی تا ئەو جێگایەی کە دەیتوانی، ئەو جۆرەی کە ئەوە بە باڵەکانی بەرانبەری نیسبەت ئەدات، “ئێسقانی ئەم خەڵکەی پوکاندەوە”. لەم روەوە فرمێسکی درۆینە و فریوكارانه‌ی ئەو بۆ فەلاکەتی ئابووری خەڵک، کڕیارێکی نییە. رەفسەنجانی تاوانباری ریزی یەکەمی فەلاکەتی ئابووری ئەمرۆیە نەک قازیەکەی.