زنجیرەی گەندەڵی لە کۆماری ئیسلامیدا

مەجمەعی گشتی رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان لە ساڵی ٢٠٠٣ دا رۆژی ٩ی دسامبر بەرابەر له‌گه‌ڵ ١٦ سەرماوەزی بەناوی “رۆژی نێونەتەوەیی له‌دژی گەندەڵی” لە تەقویمی خۆیدا تۆمار کرد. ئەم سازمانە خەبات لەدژی گەندەڵی لە بواری کۆمەڵایەتی، ئابووری و سیاسیدا بە پێویست زانیوە و بۆ مەراسم و بۆنەکانی ئەمساڵ عینوانی “زنجیرەی گەندەڵی بپچڕێنن!”ی هەڵبژاردووه‌. ناوەندەکانی بۆرژوایی و موتەفکرینی، باس له‌ زیانی جۆرەکانی گەندەڵی بەسەر ئابووری، سیستمی حکومەتی و کۆمەڵگای بۆرژواییەوە دەکەن، ئەوان گەندەڵیان پێوەند داوەتەوە بە کەسان و یان لە باشترین حاڵەتدا بە بوونی دیکتاتۆری لە وڵاتێکدا و لەم رێگایەوە بۆ چینی بۆرژوا و حکومەتە بە ناو دیموکراتیکەکان ئیعتیبار کۆدەکەنەوە. گۆمان لەوەدا نییە کە نیزامە دیکتاتۆرییەکان لە پەرەدان بە گەندەڵی نەخشی گرنگیان هەیە. بەڵام ئەوان هۆکاری سەرەکی نین. سیستمی ئابووری ئێستا، واتە سەرمایەداری، سەرچاوەی سەرەکی گەندەڵییە. گەندەڵی لەم سیستمەدا نیهادینە بووە و لە قۆناغی رزین و قەیراناوی بوونیدا پەرەی سەندووە و قوڵتر بۆتەوە.کۆماری ئیسلامی، وەک حکومەتێکی سەرمایەداری، بەهۆی تایبەتمەندیەک کە هەیەتی، بۆتە یەکێک لە گەندەڵترین حکومەتەکان لەباری ماڵی، ئابووری و کۆمەڵایەتیەوە لە دنیادا. ئەم رژیمە لە رێگای سەرکوتی شورا کرێکارییەکان، سەرکوتی ژنانی تێکۆشەر، هێرش کردنەسەر کوردستانی شۆڕشگێڕ، لێکهەڵوەشاندنی زۆربەی سازمان و تەشکیلاتە چەپەکانەوە، شۆرشی جەماوەری شکست پێهێنا تا نیزامی سەرمایەداری لە هێرشی شۆڕشگێڕانە بەدوور بگرێت. ئەم رژیمە بۆ چەسپاندنی دژی شۆرش، دیکتاتۆری هار و کوشتنی بە هەزاران ئینسان و درێژەدان بە شەری ئێران و عێراقی بە پێویست زانی. لەم پرۆسەیەدا کۆمەڵێک سیاسەتگوزاری جەنایەتکار، شەڕسالاران، بازجویان و جەلادانی وەک ئەوانە بوونە مەیداندار. ئەمانە بەگشتی بوونەتە رانت خۆر، سوئیستیفادەچی لە ئیعتیباراتی بانکی، زەوی و زارەکان، قاچاغچیانی مادەی هۆشبەر لە ئۆرگانە ئیجرایی، جاسوسی و ئەمنیەتیەکاندا جێگایان خۆش کردووە و ئابوورییەکی مافیاییان پێکهێناوە کە بە پشت بەستن بە ئیسلام، دەستیان بەسەر موقه‌دەراتی کرێکاران و زەحمەتکێشان و سەرچاوەی نەوتی و هیتردا گرتووە. لە پاڵ ئەمانەدا سپای پاسداران و ناوەندەکانی سەربە بەیتی رێبەریی بە پشت بەستن بە شێوە و شگردی مافیایی کردۆتە غولێکی ئابووری. حکومەتی بە قەولی خومەینی “کووخ نشینەکان”، ئێستا وەها نوقمی گەندەڵی بووە کە کاخ نشینان و سەرۆک دزەکانیش زاریان بە شکایەت کردۆتەوە.600
زانینی ئەوەی کە کۆماری ئیسلامی لەباری سیاسی و کۆمەڵایەتیەوە گەندەڵ بێت کارێکی گران نییە. بەڵام دۆزینەوەی خاڵی موشەخەسی گەندەڵی لە بواری ئابووریدا ئاسان نییە. لەبەر ئەوەی عاملینی سەرەکی گەندەڵی و رشوەخۆری و دزی لەم حکومەتە ئیستبدادیەدا راگەیەنەرەکان و سەرجەم ئامرازەکانی سەرکوتیان لە دەستدایە و هەموو هەوڵیان دەخەنە کار تا بەر بە بڵاو بوونەوەی هەواڵی پێوەندیدار بە ئیختیلاس و دزییەکان بگرن و بە خەیاڵی خاویان رواڵەتی حکومەتی ئیسلامی نەڕوشێت. بەم حاڵەشەوە توند بوونەوەی کێشەکانی نێوخۆی حکومەت بۆتە هۆکارێک بۆ ئاشکرا بوونی گەندەڵی و ئەو ئیختیلاسە کەلانانەی کە سەرتاپای رژیمی داگرتوە.دەورەی سەرکوتی شۆڕش و هێرشی رژیم بۆسەر کوردستان و دەورانی شەڕی ٨ ساڵەی ئێڕان و عێڕاق بوو بە زەمینەسازی رانتخۆری گروپێک کە زۆرترین نزیکی و پێوەندی لەگەڵ سەرچاوەی دەسەڵات لە ئێراندا هەبوو. لە دەورەی رەفسانجانیدا پەیڕەو کرانی سیاسەتە نیئۆلیبڕالیەکان، وەرگرتنی ئەو وامانەی کە کەس زانیاری لە بارەیانەوە نەبوو، پەرەسەندنی شیرکەتەکانی دابین کردنی هێزی ئینسانی، سەرهەڵدانی دیاردەی “ئاغازادەکان” و دەست کرانەوەی زیاتری سپایی و باقی هێزە سەرکوتگەرەکان لە ئابووریدا گەندەڵی قوڵتر کردووە. گرینگ ترین پەروەندەی گەندەڵی ماڵی ئاشکرا بوو لەم دەورەیه‌دا ئیختیلاس لە بانکی سادراتدا بوو. لەو کاتەدا “وەلی اللە سەیف” سەرۆکی ئێستای بانکی ناوەندی، سەرۆکی بانکی سادرات بوو. لەو کاتەدا ئیختیلاسێک بە بڕی ١٢٤ ملیارد تمەن لە بانكی سادراتدا ئاشکرا بوو وە مۆرە سەرەکیەکان، بە پەلە کەسێکیان بە ناوی “فازل حەداد” ئیعدام کرد تا زانیاری زیاتر ئاشکرا نەکرێت. لەم پەروەندەیەدا پێی “مورتەزا رەفیق دوست” سەرۆکی ئەوکاتی بونیادی موستەزعەفانیش هاتە گۆڕێ. “فازل خۆداداد” کوژرا و مورتەزا رەفیق دوست خرایە زیندانی ئێوین. ئەگەرچی هێندێک هەواڵ بڵاو دەبونەوە کە زۆرتر لە حاڵی مەرەخەسیدایە و تەنانەت بۆ کڕینی پێداویستیەکانی سازمانی زیندانەکان سەفەریشی کرد بۆ کورەی جنوبی.
لە دەورەی خاتەمیدا حوزوری ئابووری بەرین تری ناوەندەکانی نیزامی و پەرەسەندنی سادرات و وارداتی بە قاچاغ لە رێگای ئێسکلەکانی ژێر کۆنترۆڵی سپاوە، رێگای بۆ گەندەڵی زیاتر خۆش کرد. بەم حاڵەوە گرینگ ترین پەروەندەی گەندەڵی رەسانەیی کراو لە دەورەی خاتەمیدا، پەروەندەی شەهرام جەزایریە. ئەو توانیبوی بە دانی پارە، ژمارەیەکی بەرچاو لە نوێنەرانی مەجلیسی شەشەم و یەکێک لە جێگرانی ئەوکاتی وەزارەتی بازرگانی بکڕێت و وامی کەڵانی بانکی وەبگرێت. جەزایری بە ١٢ ساڵ زیندان مەحکوم کرا. کەرباسچی شارەداری ئەوکاتی تارانیش بە تاوانی گەندەڵی ١٠ زیندانی بەسەردا درا.
لە دەورەی ئەحمەدی نژاد دا کرداری گەندەڵی ئامێز بە شێوەیەک پەرەی سەندبوو کە دوو کابینەکەی وەک گەندەڵ ترین کابینەکان ناویان دەرکرد. لە دەورانی ئەودا، کە بە تەواوەتی خاوەنی پشتیوانی سپا و بەیتی خامنەیی بوو، لە سێبەری ته‌حریمه‌كاندا و داهاتی ٧٠٠ ملیارد دۆلاری، سپا و کەسانی نزیک لەو وەک رەحیمی و موڕتەزەوی گەلێک پارەیان خستە گیرفانەوە.
گەندەڵی پەرەسەندو لە کاتی رۆحانیدا زیاتر لە ڕواڵەتی بابەک زنجانیدا دەرکەوێت. ئەم سەرباز وەزیفەی کە پشتیوانی رەفسەنجانی بەدەست دێنێ لە سایەی رانت خۆری و رشوەدانی کەڵاندا بە قەولی خۆی لە کاتی گیرانیدا ٦٤ شیرکەتی نێوخۆیی و دەرەکی بە ١٧ هەزار کەس پرسونێلەوە هەبووە. بە لەبەرچاو گرتنی ئەوەی بە شێوەیەکی زۆر کورت ئاماژەی پێدرا لە نیزامی سەرمایەداری کۆماری ئیسلامیدا زنجیرەی گەندەڵی نەتەنیا لێک هەڵناوەشێت، بەڵکو زۆر ئەستورتریش دەبێت. تەنیا شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی دەتوانێ نه ته‌نیا رژیمی کۆماری ئیسلامی، به‌ڵكوو نیزامی سەرمایەداری بروخێنێ و کۆتایی بەم زنجیره‌ گەندەڵی بهێنێت.