زەمزەمەی گۆڕینی پێکهاتەی حاکمیەت هەوڵێک بۆ پاراستنی نیزام و رێگاچارەیەک بۆ بەرەنگار بوونەوەی خەڵک

 رۆژی شەممە ٢٥ ی رێبەندان، مەجمەعی تەشخیسی مەسڵەحەتی نیزام لە درێژەی هەڵسەنگاندن و ئامادە کردنی سیاسەتی گشتی هەڵبژاردن، ” قەدەغە بوونی چوونی کەسانی سەربە هێزە چەکدارەکان لە ئەڕتەش، سپا، هێزە ئینتیزامیەکان و دەزگا ئیتلاعاتی و ئەمنیەتیەکان و سازمانی بەسیج لە دەستە بەندیە سیاسی و جەناحیەکان لە هەڵبژاردندا و لایەنگری لە پاڵێوراوێکی تایبەت”ی پەسند کرد.لە کاردانەوە بەم پەسند کراوە، جێگری ستادی گشتی هێزە چەکدارەکان، پاسدار سەید “مەسعود جەزایری” بە شێوەیەکی هەڕەشە ئامێز ناڕەزایەتی سەبارەت بەم پەسند کراوە دەربڕی و وتی: ” هەر کاتێک ئینقلاب و نیزام و وڵات لە هەر کاتێکدا و لەهەر جێگایەک توشی کێشە و گرفت ببێت، هێزە چەکدارەکان بۆ چارەسەر کردنیان لە مەیداندا ئامادەن”.

 377

راستیەکەی ئەوەیە کە ئیجرای وەها پەسند کراوێک بەستراوەتەوە بە گۆڕانی هاوسەنگی جیددی هێز لە نێوان باڵەکانی رژیمدا و لە ئێستادا سپای پاسداران بەهێزتر لەوەیە کە مەوقعیەتێکی لەو شێوەیە قەبوڵ بکات. بەڵام نەفسی هێنانە گۆڕی لە یەکێک لە ناوەندەکانی بڕیاردان لە کۆماری ئیسلامیدا کە هەرکام لە باڵەکان، نوێنەری لەنێویدا هەیە، نیشانەی مەوقعیەتێکی قەیراناوی تایبەتە کە رژیمی کۆماری ئیسلامی تێیکەوتوە.

ئێستا بەتەواوی روون بۆتەوە کە ده‌خاڵەتی بەرینی سپا لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٣٨٤ و بەتایبەت کودتای هەڵبژاردنی ١٣٨٨ و تەڕاتێنی هەشت ساڵەی ئەوان لە مەیدانەکانی ئابووری و سیاسەت و دیپلۆماسیدا، حاکمیەتی توشی قەیرانی گەورەی دەرون حکومەتی کردوە. ئەم قەیرانە بەتایبەت لەگەڵ قوڵ بوونەوەی قەیرانی ئابووری بەشوێن پەرەسەندنی ته‌حریمه‌كاندا، هەوڵ و شەڕ و کێشەی هێزە دەرون حکومەتیەکانی بۆ رزگار کردنی حاکمیەت و دەرچوون لەم بارودۆخە، ی خستۆتە فازێکی نوێوە. بەرهەمی ئەم کێشانە سەر هەڵدانی دەوڵەتی حەسەن رۆحانی بوو. رۆحانی لە کۆبوونەوەی خەبات لە دژی گەندەڵیدا ناڕەزایەتی لە بارودۆخی ئێستا و قەدەر قودرەتی سپای پاسدارانی بەم شێوەیە فۆرمۆلە کرد:

“ئەگەر ئیتلاعات، چەک، پارە، رۆژنامە، هەواڵنێری و باقی دەرکەوتەکانی دەسەڵات لە ناوەندێکدا کۆبێتەوە، ئەبوزەر و سەلمانیش بێت، گەندەڵ دەبێت”. ئێستا بە پەسند کردنی گەڵاڵەی “مەمنوعیەتی چوونی هێزە چەکدارەکان بۆ هەڵبژاردن”. ئاشکرایە کە بەشێک لە حاکمیەت هەوڵ ئەدات کە ئەم غولە دەرچووە لە شوشە بگێڕێتەوە نێو شوشەکە. بەڵام ئایا هەوڵێکی لەم جۆرە بە ئاکام دەگات؟ کۆنترۆڵ کردنی سپای پاسداران کە لە ئێستادا بۆتە دەوڵەت لەنێو دەوڵەتدا، بەبێ ئاڵوگۆڕی گەورە لە پێکهاتەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامیدا مومکین نییە. سپای پاسداران و هێزە چەکدارەکان، لەژێر کۆنترۆڵی ئەو فەرماندانەدان، کە تامی دەسەڵات و سەروەتیان چێشتووە. دەزگا ئیتلاعاتی و ئەمنیەتیەکانی ژێر فەرمانی خامنەیی، کە ئەوانیش لە ده‌خاڵەت کردن لە سیاسەتدا مەنع کراون، پاشماوەی ئیقتیداری وەلی فەقیە پێکدێنن. ئیجرای پەسند کراوێکی لەم چەشنە ئیقتیداری هەرکام لەم ناوەندانەی دەسەڵات گەلێک لاواز دەکات. لەم روەوە بەبێ پێکهێنانی ئاڵوگۆڕی بنەڕەتی لە پێکهاتەی دەسەڵاتی حکومەتی ئیسلامیدا، ئیجادی ئەڵوگۆڕ وەک کارێکی نەکردە دەبێندرێت.

تەرحی زەرورەتی پێکهێنانی ئاڵگۆڕی بەرین لە پێکهاتەی دەسەڵات و هەوسار کردنی دەسەڵاتی ئوختاپوسیی سپا لە گشت مەیدانەکانی نیزامی، ئابووری، فەرهەنگی و رەسانەییدا، لە راستیدا باس لە نیگەرانی بەشێک لە رژیم لە گەشە و پەرەسەندنی ناڕەزایەتی گشتی دەکات. هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵ کردنی ناڕەزایەتی بەرینی خەڵک و بەرگرتن لە مەترسی تەقینەوەی قین و توڕەیی جەماوەری، یەکێک لە سەرەکی ترین دڵەڕاوکێکانی بەشێک لە سەرانی حکومەتیە کە ئەوانی وادار کردوە، سەبارەت بە بابەتگەڵیکی لەم چەشنە و پێگەی ویلایەتی فەقیە دوای مەرگی خامنەیی بکەونە هەڵی دۆزینەوەی رێگاچارە و بە ئاشکرایی سەبارەت بە دەورانی دوای خامنەیی قسە بکەن.

سەرجەم نیشانەکان دەرخەری ئەوەن کە حاکمیەتی ئیسلامی بەو ئاکامە گەیشتوە کە ناتوانێ لە بەرانبەر گوشاری ئامریکا دا خۆڕاگری بکات. قسەکانی ئەم چەند حەوتوەی دوایی رێبەری رژیمیش ئەم پاشەکشەیە بە شێوەیەکی نەرم و نیان، دەردەبڕێت. ئەو هەوڵ ئەدات بەشێنەیی بەشە توندڕەوەکانی حکومەتی بۆ قەبوڵ کردنی ئەم پاشەکشەیە کە تەنیا سنوردار نییە بە مەسەلەی هەستەییەوە، ئامادە بکات.

تەزەکور بە راگەیەنەرەکانی سەربە سپا سەبارەت بە هەڵوێست گرتن دەربارەی مزاکراتی هەستەیی، داخستنی سایتە توند رەوەکانی سەربە کەسانی نزیک لە میسباح یەزدی و ئەحمەدی نژاد، مەمنوع القەزاوەت کردنی سەعید مورتەزەوی، قازی ئەشکەنجە گەر، خستنە زیندانی جێگری ئەحمەدی نیژاد، وەجەریان کەوتنی پەروەندەی ئێختیلاسە کەڵانەکان، و تەرحی پێویستی لەقاودانی ناوی یەکسەد و حەفتا نوێنەری مەجلیس کە رشوەیان لە محەممەد رەزا رەحیمی وەرگرتوە، لە نمونەی ئەو هەوڵانەن بۆ کۆنترۆڵ کردنی بەشی توندڕەوی حاکمیەت لە بارودۆخی پاشەکشە کردن لە بەرانبەر ئامریکادا. بەڵام پرسیاری سەرەکی ئەوەیە کە ئایا رژیم دەیەوێ و یان دەتوانێ بۆ رزگار کردنی خۆی دەست بداتە هێندێک ئاڵگۆڕ لە پێکهاتەی حکومەتدا؟

چاوگێڕانێک بە کورتە مێژووی حکومەتی ئیسلامیدا نیشانی ئەدات کە ئەوان ئەم دەرسە بنەڕەتیەیان لە شکستی حکومەتی پەهلەوی وەرگرتوە کە لە بارودۆخی گوشار لەخوارەوە دەسەت نەکەن بە پاشەکشە کردن. کوشتنی بە کۆمەڵی زیندانیانی سیاسی هاوکات لەگەڵ قەبوڵ کردنی قەتعنامە و کۆتایی شەڕ نمونەی ئاشکرای ئەم هەڵوێستەی ئەوانە. سیاسەتی رژیم لە سەرکوتی بزوتنەوەی هەژدەی مانگی پوشپەڕی ١٣٧٨ و سەرکوتی خوێناوی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی ساڵی ١٣٨٨ ئەم سیاسەتە بە باشی نیشان ئەدات. ئێستاش لەگەڵ وەها بارودۆخێکدا بەرەو رووین. کاتێک بەشێک لە بڕیاربەدەستانی سەرەکی رژیمی ئیسلامی بە ئاشکرایی دان بە شکستی تەرح و بەرنامەکانیاداندا دەنێن و کاتێک ئەوان ناڕەزایەتی گشتی و ئیمکانی تەقینەوەی قین و توڕەیی خەڵک دەبینن و هاوکات ناچارن لە بەرانبەر هێزە دەرەکیەکاندا سەری تەسلیم دانەوێنن، وەحشەت سەر تا پێیان دادەگرێت. خەڵکێک کە هەم بە نانی شەویان موحتاجن و هەم لە هەڵمژینی هەوای خاوێن بێبەشن و هەم لە چنگاڵی ئیستبدادێکی بێڕەحمدا گیریان خواردوە، وەک بورکانێکی لە سەرودەمی تەقینەوەدا، ترسی خستۆتە گیانی حاکمانی کۆماری ئیسلامیەوە. هەوڵەکانی بەشێک لە رژیم بۆ کۆنترۆڵ کردنی سپای پاسداران و پێکهێنانی ئاڵگۆڕ لە پێکهاتەی دەسەڵاتدا، لە لایەکەوە و پاشەکشە کردن لە سیاسەتی خۆکەنار گرتنی دەرەکی لە لایەکی ترەوە، بە ئامانجی پاراستنی کولیەتی رژیم بەڕێوەدەچێت. گومانی تێدا نییە هەموو باڵە حکومەتیەکان، لە ئیسلاح خواز و میانەڕەوەوە بگرە تا ئوسولگەراکان، لە سپای پاسدارانەوە، تا دەزگا ئیتلاعاتی و ئەمنیەتیەکان، بەگشتی لە دەنگی پێی خەڵک ترساون و خەریکی دۆزینەوەی رێگا چارەن. بەڵام ئەم چارە ئەندیشیە بەشێوەی حەتمی بە کاناڵی ئەم پەسند کراوەی دوایی مەجمەعی تەشخیسی مەسڵەحەتدا ناڕوات. ئەوان لە راستیدا نیەتی پاشکشەیان نییە لە بەرانبەر خەڵکدا. لەبەر ئەوەی باش دەزانن هەر جۆرە پاشەکشەیەک لە بەرانبەر خەڵک لە بارودۆخی ئێستادا دەتوانێ هاوسەنگی نیزام بشێوێنێ.

بەڵام ئەگەر بەشێک لە حاکمیەت لە هەوڵدایە تا بە ئاڵوگۆڕ پێکهێنان لە حاکمیەتدا، توانایی کاردانەوە و خۆڕاگری رژیمی ئیسلامی لە بەرانبەر خەڵکدا پەرە پێبدەن، خەڵکیش دەبێ ریزی خۆیان بەرین و پتەوتر بکەن. راست لە بارودۆخێکدا کە بەشێک لە حکومەت دان بە شکستەکانیدا دەنێت و کەلێنی نێوان بڕیار بەدەستان بەرین تر دەبینن، زۆربەی خەڵک و بەتایبەت کرێکاران و خەڵکی بێبەش و هەژار، دەبێ کەڵک لە دەرفەتەکان وەربگرن؛ ریزی خۆیان رێکبخەن. ئەم رژیمە سەرئەنجام دەکەوێتە نێو گێژاوی شەپۆلی خەباتی خەڵکی راپەڕیوەوە.