سازش لە لۆزان و ویەن، فریوکاری لە ئێران

دوای تێپەڕ بوونی ماوەیەک لەوەی کە ناوی نرا “تەوافوق یان تەفاهومی لۆزان”، وتووێژەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی و ٦ زلهێزی گەورەی جیهانی، ئەم جارە لە ویەن پێتەختی ئوتریش دەستی پێکردەوە. بڵاو بوونەوەی تەوافوقی کۆتایی هەموو رۆژێک ئەمرۆ بۆ سبەی دوادەخرێت. هەردولا دەڵێن کە کەمێک ناکۆکی ماوە. دەوڵەتی ئامریکا دەڵێ هەرچەند ئەم وتووێژانە ناکرێ تا ئەبەد درێژەیان هەبێت، بەڵام پەلەیەکیشمان لە گەیشتن بە تەوافوق نییە. هێشتا رای گشتی بە دروستی نازانێ نوێنەرانی کۆماری ئیسلامی و ٦ وڵاتەکەی تر لەم دانوستانەدا چیان داوە و چیان وەرگرتووە. هێشتا دیار نییە لەپشت درگا داخراوەکانی سالۆنی وتووێژەکاندا لە لۆزان و ویەن چی رووی داوە. بەڵام راستیەک ئاشکرایە و ئەویش ئەوەیە کە بە سرنجدان بە هاوسەنگی هێزی راستەقینەی نێوان لایەنەکانی وتووێژکار، براوەی ئەم ماجەرایە ناکرێ کۆماری ئیسلامی بێت. ئەوەی کە ناوی دەنرێت تەوافوق، لە راستیدا ناکرێ هیچ شتێک بێت بێجگە لە ئیمزا کردنی قەراردادی تەسلیم بوون لە نەبەردێکدا کە رژیمی ئیسلامی تێیدا شکستی خواردوو.بەڵام ئەم وتووێژانە لە جەلەساتی وتووێژەکاندا بگاتە هەر ئاکامێک، لەنێو خۆی وڵاتدا دەرفەتی فریوکاریەکی تایبەت ئەدات بە کۆماری ئیسلامی. هەموو دیاردەکان ئەوە دەردەخەن کە هەردوو لایەن لەمبارەوە یەکتری بەباشی دەرک دەکەن و بەشوێن کۆمەڵێک فۆرموڵی گونجاوەوەن تا ئەم شکستەی بۆ کۆماری ئیسلامی تێدا قابیلی هەزم بکەن. هەردوو لایەن لەگەڵ ئەوەدا کە خەریکی هەڵسەنگاندنی ئەو ئیمتیازاتەن کە دەبێ بیدەن بەیەکتری، لە هەمان حاڵدا لە هەوڵیشدان، تەوافوقە ئەنجام دراوەکان بەشێوەیەک دەرخواردی خەڵکی ئێران بدەن کە کەم و زۆر دروشمی ” نەرمی نواندنی قارەمانانە” بۆ ڕژیمی ئیسلامیشی دەستەبەر کردبێت. لە ڕاستیدا شێوەی ڕاگەیاندنی تەوافوقەکان، خۆی ناورۆکی بەشێک لە وتووێژەکانە. لەخۆڕا نییە ئەگەر لە ئێستاوە لەنێو خۆی وڵاتدا خەریکن بۆ بەرپا کردنی ” جێژنی گەورەی سەرکەوتن” زەمینە سازی دەکرێت تا ژمارەیەک لەخەڵک بڕژێنە سەر شەقامەکان و “محەممەد جەواد زەریف” وەک قارەمانی وتووێژەکان بنێنە سەر شان. کار گەیشتۆتە جێگایەک کە تەنانەت خامنەییش بەم لەقەبانەوە باسی وتووێژکارانی ڕژیم دەکات. تەبلیغاتی فریوکارانە لە بواری ” دەستاوەردەکانی” دەوڵەتی رۆحانی دەستی پێکردوە.479حەسەن رۆحانی بە دانی وەعدەی بە ئاکام گەیاندنی ئەم وتووێژانە هاتوبوە سەرکار و باڵی ڕەقیب هەڵبەت هەمان کات شکستی خۆیان قەبوڵ کردبوو. دەنگی خەڵک لەم ” هەڵبژاردنەدا” ئامرازی پاشەکشەی بەناو “ئابرومەندانەی” خامنەیی و سەرجەم باڵەکانی دەسەڵاتدار لە بەرانبەر گوشارەکانی ئامریکا و باقی دەوڵەتانی رۆژئاواییدا بوو. لە ئێستادا رۆحانی و ئیسلاح خوازانی حکومەتی و بەشێک لە ئوپوزسیۆن ئەم گۆڕێنی ئاڕاستەیەی باڵی حاکمیان بە ئامرازی ئیرادەی خەڵک لە ڕێگای سندوقی دەنگدانەوە، بۆ گۆڕینی بارودۆخی ئێستا لێک داوەتەوە. ئەوان ئەم جۆرە گومانە پەرە پێ ئەدەن تا لە دەرفەتێکی تردا و بە فریوکاری لە چەشنێکی تر، دیسان خەڵک بەرنەوە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان و لەم ڕێگایەوە مانەوەی ئەم ڕژیمە دژی خەڵکیە بۆ دەورەیەکی تر زەمانەت بکەن.بڵندگۆ تەبلیغاتیەکانی رۆژئاوا باسی رۆحانی وەک ” قارەمانی ئاشتی”، کە گوایە مەترسی شەڕێکی وێرانگەری لە کۆڵ کۆمەڵگای ئێران کردۆتەوە، دەکەن. شەڕێک کە زۆر جار وتومانە، بەتایبەت لە بارودۆخی ئێستای خاوەرمیانەدا بەهیچ شێوەیەک ئەگەری رودانی نەبوو. هەروەها لە نێوخۆی وڵاتدا بۆ زەمینە خۆش کردنی ئەم بەناو ” سەرکەوتنە”، کۆمەڵگەی ئێران لە مەترسی تێکرار بوونەوەی سیناریۆی لیبی و عێڕاق و سوریە دەترسێنن، تا خەڵکی کرێکار و زەحمەتکێشی ئەم وڵاتە بە بوونی ئەم ڕژیمە و قەبوڵ کردنی ئەم ژیانە پڕ لە فەلاکەت و نەهامەتی و سەرکوت و بێبەشیەی ئێستا ڕازی ڕابگرن. دەیانەوێ بە خەڵکی ئێرانی قەبوڵ بکەن کە ئەو بێبەشیەی لە ئێستدا هەیە، بەرە بەرە بە ڕەچاوکردنی ئیسلاحات لادەچن و درێژەی بارودۆخی ئێستا باشترە لە مەترسی روودانی شەڕ و تێکراری سیناریۆ کارەساتبارەکانی ناوچەکە.ئەوان بە پشتیوانی دەزگا تەبلیغاتیەکان لە نێوخۆ و دەرەوەدا، تاوانی نابەسامانیە ئابووریەکانی ئێران دەخەنە ئەستۆی گەمارۆ دەرەکیەکان. گۆیا خەڵک دەبێ سەبارەت بەم بابەتەش مەمنونی دەوڵەت و حکومەت بن کە بە لابردنی تەحریمەکان، بەرەو ئەوە دەڕوات کە کرانەوەیەک لە ژیانی ئەواندا فەراهەم بکات. ئەم ئەرزیابیانەی کە هەوڵ ئەدەن ئەم بابەتە بەزۆری تەبلیغات دەرخواردی خەڵک بدەن، سەرتاپا درۆن. ئەگەرچی تەحریمەکان زیانبار بوون و هەن، بەڵام ئابووری ئێران و قەیرانێکی چەند لایەنە کە گیرۆدەیەتی، ئەساسەن ڕیشەی لە سیاسەتە ئابووریەکانی ڕژیم، لە هەوڵی سەرنەکەوتوی کۆماری ئیسلامی بۆ نۆژەن کردنەوەی ڕژیمێکی ئاسایی سەرماداری لە لایەکەوە و لە کراوە بوونی دەستی باندە گەورە و چکۆلەکانی مافیایی لە ئابووری ئێڕان دایە. هەرکام لەم باندانە و لەسەروشیانەوە سپای پاسداران و بەسیج لە ڕێگای چالاکیە مافیاییەکانیانەوە لە بوارەکانی ئابووریدا قازانجێکی بێ ئەژمار بەدەست دێنن و لەمرۆدا وەک مۆتەکە خۆیان داوەبەسەر ئابووری ئێراندا. هەروەها ئابووری نابەسامان، ڕیشەی لە گەندەڵی نیهادینە بوو لە دەزگای دەوڵەت و حکومەتێک دایە کە نە تەحریمەکان دەست پێکەری بوون و نە لاچونیشیان کۆتایی پێدێنن. شاهیدی ئەم ئیدیعایە ئیفشاگەریەکانی ئەم دواییەی کاربەدەستان و بەرپرسانی دەوڵەتی لە ڕقابەت و کێشمەکێشە نێوخۆییەکاندایە کە تەنیا گۆشەیەکی دەرخراوە. لەم دەورەیەدا رۆحانی لە ڕقابەتە نێوخۆییە حکومەتیەکاندا وتی :” دەڵاڵانی تەحریم بیر لە شتێکی تر بکەنەوە”. بەم جۆرە لەم رۆژانەدا بە تەڕدەستیەک دەیانەوێ ڕاستیەکانی پێوەندیدار بە نابەسامانیە ئابووریەکانی ڕژیم و ئەوەی کە ژیانی خەڵکی وێران کردوە، داپۆشن و زەینەکان بە ئاڕاستەیەکی تردا بەرن، تا مەترسی پەرەسەندنی ناڕەزایەتیەکان بۆ ماوەیەک لە کۆڵ بکەنەوە.بەڵام ڕاستیەکانی مەڕبوت بە ژیانی مادی ئینسانەکان بە زەبری تەبلیغ و فریوکاری بۆ ماوەیەکی زۆر ناکرێ بشاردرێنەوە. ئەم دەرفەتە کورتەش نابێ بە ڕژیم برێت. بە هەوڵدانی زیاتر بۆ ئاشکرا کردنی سیاسەتی فریوکارانەی ڕژیم، بە پەرەدان بە ناڕەزایەتی و هێنانەگۆڕی داواکاری مافخوازانە، ئەم دەرفەتانە لە ڕژیم وەردەگیرێنەوە و مەیدان بۆ فریوکاریەکانی بەرتەسک تر دەبێتەوە

About admin

mnykkargarhastam

View all posts by admin →