سه‌رۆكی “كومیته‌ی خاچی سووری جیهانی” رایگه‌یاند، قه‌یرانی ناوخۆیی یه‌مه‌ن، عه‌ده‌نی كردۆته شاری مردووه‌كان.سه‌رۆكی كومیته‌ی خاچی سووری جیهانی به “بی بی سی” راگه‌یاند: “ئێمه شاهێدی ژماره‌یه‌كی زۆر ته‌رمین كه بۆ نه‌خۆشخانه‌ی شار ده‌یانێرن یان له نه‌خۆشخانه‌كاندا ده‌مرن. خه‌ڵك له نێو شاردا به‌رچاو ناكه‌ون، چونكه خۆیان حه‌شار داوه و ئابووری به‌ته‌واوه‌تی فه‌له‌ج بووه. شار پڕ بووه له چه‌كدارانی گروپه جیاجیاكان كه له حاڵی دهرگیریدان. عه‌ده‌ن شارێكی گه‌وره‌یه، به‌ڵام هیچ شتێك له‌وێ به دروستی كار ناكات و وه‌كوو زبڵدانێكی لێهاتووه.” عه‌ده‌ن له ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی رابردۆوه له لایه‌ن حهوسییهكانهوه داگیر كراوه و هاوپه‌یمانی نیزامی به رێبه‌ری عه‌ره‌بستان، بنكه و باره‌گای حهوسییهكان بۆمباران ده‌كات. بۆمبارانی ئاسمانی، كوژرانی هاوڵاتیانێكی لێكه‌وتۆته‌وه كه له نێو شه‌ڕ و تێكهه‌ڵچوونی لایه‌نه‌كاندا گیریان كردووه. “یونیسێف” رایگه‌یاندووه، زیاتر له سه‌د هه‌زار كه‌س له جه‌معیه‌تی ٧٥٠ هه‌زار كه‌سی عه‌ده‌ن به ناچاری ماڵه‌كانیان به‌جێهێشتووه و نه‌خۆشخانه‌كان به‌ره‌وڕووی كه‌مبودی ئیمكاناتی ده‌رمانی و ژماره‌یه‌كی زۆر نه‌خۆش و بریندار بوونه‌ته‌وه.