سوسیالیزم تەنیا ئالترناتیوی رزگاری

قەیرانی ئابووری سەرمایەداری ئێران درێژه‌ی هه‌یه‌. ئەگەرچی بە حەتمی بوونی پێکهاتنی هەستەیی و لاچوونی ته‌حریمه‌ ئابووریەکان لەدژی ئێران بەملیارد دۆلار لە پوڵی راگیراوی ئێران ئازاد دەبێت، بەشێک لە کۆسپەکانی سەر رێگای سەرمایەگوزاری لە پیشەسازی نەت و گازدا لادەبرێن و مەحدودیەتەکان لەسەر رێگای تیجارەتی خاریجی لەگەڵ وڵاتانی ئوروپایی و ئامریکا هەڵدەگیرێن، بەڵام ئاشکرایە کە ئەمە بە واتای چارەسەر كردنی قەیرانی ئابووری سەرمایەداری ئێران نییە. دەوڵەتی رۆحانی بۆ ئیجرا و بەرەوپێش بردنی مۆدێلی تەوسعەی ئابووری جێی سرنجی واتە راکێشانی سەرمایەی دەرەکی، هاندانی سەرمایەی نێوخۆیی بۆ سەرمایەگوزاری لە بواری بەرهەمهێنان و بەرەهەم بۆ بازاڕە جیهانیەکان نە تەنیا لەگەڵ مەحدودیەتی تێکنولۆژی و لاوازی ژێرخانی ئابووریدا بەرەوڕووه‌، بەڵکو بۆ دروست کردنی ساختارێکی حقوقی و ئیداری گونجاو لەگەڵ پێداویستیەکانی ئۆلگوی ئابووری جێی سرنجی لەگەڵ کۆسپی جیدی لە ساختاری سیاسی نیزامی کۆماری ئیسلامی بەرەوڕووە. لە دەورەی رەفسەنجانیەوە تا ئێستا لەژێر ناوی خوسوسی سازیدا بەشێکی زۆر لە ناوەند و دامەزراوەکانی بەرهەم هێنان بێ داهات کەوتونەتە بن دەستی سپای پاسداران و ناوەندەکانی سەر بە بەیتی رێبەری. ئێستا سپای پاسداران و ئەم ناوەندانە بوونەتە غولێکی ئابووری کە خاوەنی ئیمتیازاتی دەوڵەتین و کەرتی تایبەت توانایی رقابەتی لەگەڵیان نییە. سپا و ئەمجۆرە ناوەندانە لە پێهاتەی حکومەتی ئیسلامیشدا دەستی باڵایان هەیە و دەوڵەتی رۆحانی ناتوانێ کۆنترۆڵیان بکات. ئێستا بەفەڕزی ئەوەیکە دەوڵەتی رۆحانی بتوانێ هەموو کۆسپەکانی سەر ڕێگای مۆدێلی گەشەی ئابووری جێی سرنجیشی لابەرێت، دیسانیش بە واتای باشتر بوونێک لە بارودۆخی ژیان و بەڕێچونی کرێکاران و توێژی هەژاردا نابێت.لەسەر ناوەرۆکی ئەم بارودۆخە قەیراناویە ناڕەزایەتی و مانگرتنی کرێکاران لەدژی بارودۆخێکی فەلاکەتبار کە بەسەر کار و ژیانیاندا سەپاوە پەرەی سەندوە. لە بارودۆخێکدا کە دەوڵەتی رۆحانی بە ئامانجی دروست کردنی فەزای ترس و وەحشەت لە کۆمەڵگەدا و بە پشت بەستن بە ئێعدام کردنی زیندانیان و هێرش بۆسەر ناوەند و هەڵسوڕاوانی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان سیاسەتی هێرشی پێشگیرانەی گرتۆتە پێش، چینی کرێکار بێوچان بۆ گەیشتن بە ویست و داواکاریەکانی درێژەی بە خەبات داوە. وێرای ئەمانە بزوتنەوەی کرێکاری، بزوتنەوەی ژنان، بزوتنەوەی خوێندکاری و لاوان و بزوتنەوەی شۆڕشگێڕانە و ماف خوازانەی خەڵکی کوردستان تا ئێستا گەلێک زەرفەیەتی گەورەی لە خەبات لەدژی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا لەخۆی نیشانداوە.574

لە حاڵێكدا کە هۆکار و فاکتۆڕەکانی دەخیل لە بارودۆخی ئێراندا، دوورنمای کۆماری ئیسلامی تاریک و لێڵ کردوە، هیچکام لە بەشە جۆراوجۆرەکانی ئوپوزسیۆنی بۆرژوایی ئێران ڕێگا چارەیەکی کردەییان بۆ کۆتایی هێنان بە قەیران و مەترسی فەلاکەتی ئابووری وڵات بە دەستەوە نییە. ئەم هێزانە ڕێگا چارەیان بۆ کۆتایی هێنان بەم قەیرانە ئابووریە لە باشترین حاڵەتدا سپاردنی ئیدارەی ئابووری وڵاتە بە دەستی مودیرانی تێکنوکڕات، ئاسایی کردنەوەی مناسبات لەگەڵ رۆژئاوا و لابردنی کۆسپە سیاسیەکانی سەر ڕێگای تێکەڵ بوونی زیاتری سەرمایەداری ئێران لە بازاڕی جیهانیدا و ئیجرای بەرنامەی ئابووری نیئۆلیبڕالیە. ئەمجۆرە نوسخە پێچانەوانە بۆ چارەسەر كردنی قەیرانی ئابووری سەرمایەداری ئێڕان لە حاڵێكدایە کە سیاسەتە نیئۆلیبڕالیستیەکان لە ئاستی دنیادا بە بونبەست گه‌یشتون و ئاسەواری ئیجرای ئەم سیاسەتانە هۆکاری سەرەکی شکڵ گرتنی قەیرانی جیهانی سەرمایەداری بووە.هێزە رەۆژئاواییەکان و لە سەرویانەوە دەوڵەتی ئامریکا کە هێزە ئوپوزسیۆنە بۆرژاوییەکانی ئێران تا بەر لە بەرجام ستراتیژی خۆیان بە دەستێوەردانەکانیەوە گرێدابوو، نە تەنیا سیاسەت و پرۆژەیەکی بۆ رووخاندنی کۆماری ئیسلامی نییە بەڵکو هەر ئەو جۆرەی کە وتووێژەکانی گروپی ١+٥ لەگەڵ کۆماری ئیسلامی سەبارەت بە قەیرانی ئەتۆمی نیشانیدا، دەیانەوێ بە گوشاری کۆنترۆڵ کراو ئەم رژیمە لە راستای دابین بوونی بەرژەوەندیەکانی خۆیاندا وادار بە ملکەچ بوون بکەن.
لە بەرانبەر ئەم بارودۆخ و هەژاری و فەکەتە ئابووریەدا، لە بەرانبەر جەنایەت و سەرکوتگەری و بێ مافیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتیدا کە رژیمی کۆماری بەسەر چینی کرێکار و خەڵکی زۆرلێکراوی ئێرانیدا سەپاندوە، لە بەرانبەر داماوی و بێ ئاسۆیی بەشە جۆراوجۆرەکانی ئوپوزسیۆنی بورژواییدا، لە بەرانبەر گوشاری هێزە ئیمپڕیالیستیەکان، سوسیالیزم تەنیا ئالترناتیوێکە کە دەتوانێ ئاسۆی رزگاری بەرووی کرێکاران و خەڵکی ستەمدیتوی ئێراندا بکاتەوە. ئالترناتیوی سوسیالیستی لە مەسیری بەرەوپێش چوونیدا رژیمی کۆماری ئیسلامی دەروخێنێ، ماشێنی دەوڵەتی بۆرژوایی لەگەڵ سەرجەم ئۆرگانە سەرکوتگەرەکانی تێکدەشکێنێ، کۆتایی بە ژیانی ئه‌نگه‌ڵی و مشەخۆری و پڕهەزینەی ئەوان و هەموو دام و دەزگاکانی تەبلیغی جەهل و خورافە دێنێ و بە راگەیاندنی حكومەتی کرێکاریی بەرین ترین ئازادییە سیاسیەکان دابین و زەمانەت دەکات.
حکومەتی کرێکاری پێکهاتوو لە شوڕاکان، بە رێشەکێش کردنی بێکاری و وەرکارخستنی خەلاقیەتی جەماوەری ئازاد و حاکم بەسەر چارەنووسی خۆیدا، بارئاوەری بەرهەم و گەشەی ئابووری مومکین و زەمانەت دەکات، گرفتی مەسکەن بۆ هەتا هەتایە چارەسەر و ڕیفاە و ئاسایشی کۆمەڵایەتی دابین دەکات. حکومەتی کرێکاری لە ڕێگای کۆتایی هێنان بە ئیختیلاس، دزی و بە هەدەر دانەکانی چینی حاکمی ئێستا و نوێنەرە سیاسیەکانیانەوە بڕێکی زۆر لە وەسایلی بەرهەمهێنان و بەرهەم بۆ ئیستیفادەی گشتی ئازاد دەکات. حکومەتی کرێکاری بە هەڵوەشاندنەوەی خاوه‌نداریه‌تی تایبەت بەسەر ئامرازی بەرهەمهێناندا و بە کۆمەڵایەتی کردنی مالیکیەت بەسەر ئامرازەکانی بەرهەمهێناندا، کار لە ئەمرێکی ئیجبارییەوە بۆ موزد و به‌ڕێچون، دەکاتە ئەمرێکی دڵخوازانە کە تەنیا لەسەر بنەمای دەرکی وەزیفە و وڵامدانەوە بە نیازی کۆمەڵایەتی بەڕێوەدەچێت. کرێکارانی موتەشەکل لە دەوڵەتدا لە راستای دامەزراندنی سوسیالیزم، زانست و تێکنولۆژی کە لە چنگ رقابەتی سەرمایەداریدا بەند کراوە ئازاد دەکات و لە ئاکامیدا، سەمەرەی کار بە خێراییەکی سەرسوڕهێنەر زیاد دەکات. سوسیالیزم چاره‌سه‌ر كردنی نیازەکانی خەڵک، دابین کردنی ژیانێکی پڕ لە ریفاە و شایستەی ئینسانی دەکاتە ئامانجی بەرهەمهێنان و هەموو خزمەتگوزاریەکان و مەحسولاتی جێی نیازی بەشەر لە ئاستێکی زۆردا بەرهەم دێنێ، و سەرجەم نیازی مادی و مەعنەوی ئینسانەکان دابین دەکات. هەروەها سوسیالیزم بۆ هەمیشە کۆتایی بە گشت مەترسیەکانی قەیرانی وێرانگەری ئابووری دێنێ. لە کۆمەڵگایەکی سوسیالیستیدا ئینسانەکان لە ئیمکاناتی وەک یەک و فراوان بۆ گەشەی ئیستعدادە فەردیەکانیان بەهرەمەند دەبن و تواناییە فەردیەکانیان دەپشکوێ، لە ئاوا کۆمەڵگایەکدا ئازادی و رێفاهی هەموو تاکێک مەرجی ئازادی و رێفاهی گشتی دەبێت و خەبات بۆ مانەوەی فەردی کۆتایی دێت و ئینسانەکان پێ دەنێنە دۆخێکی بەڕاستی ئینسانیەوە. سەرجەم شێوەکانی چەوساندنەوە، نایەکسانی و هەڵاواردنەکانی وەک ستەمکێشی ژن و ستەمگەری نەتەوایەتی دەسڕدرێنەوە، هەڵاواردنی رەگەزی و تەنگ نەزەری نەتەوەیی و نه‌ژادی جێگای خۆی ئەدات بە هاوپشتی ئینسانی.
بەڵام مەترەح بوونی سوسیالیزم وەک ئالترناتیوێکی ئامادە و لەبەر دەست بۆ کۆتایی هێنان بەم قەیرانە وێرانگەرە ئابووریە و نەهێشتنی هیچ چەشنە ستەم و موسیبەتێکی نیزامی سەرمایەداری لە گرەوی بە دەسەڵات گەیشتنی چینی کرێکار دایە. دژواری بەدیلی سوسیالیستی بۆ هاتنەدی لەو کۆسپانەدایە کە لەسەر رێگای سازمانیابی چینی کرێکار و هێنانە مەیدانی بزوتنەوەی کرێکاری وەک بزوتنەوەیەکی سیاسی قەراری گرتووە. هیچ رێگایەکی نزیک تر بوونی نییە، چینی کرێکاری ئێران بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە پێویستە و دەبێ لە تەشەکولە جەماوەری، چینایەتیەکان و حیزبی سیاسی کومونیستی خۆیدا کۆبێتەوە. چینی کرێکار بەبێ موتەشەکل بوون لە حیزبی سیاسی کومونیستی خۆیدا ناتوانێ باقی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان لەگەڵ خۆی بخات، ببێتە رێبەری سیاسی کۆمەڵگە و دەسەڵاتی سیاسی بە دەستەوە بگرێت. چینی کرێکار تەنیا بە دابین کردنی رێبەری خۆی بەسەر باقی بزوتنەوە کۆمەڵایەتی و ئینقلابیەکان دایە کە دەتوانێ هەوڵی هێزە ئوپوزسیۆنە بۆرژواییەکان بۆ بەلاڕێدا بردنی خەباتی خەڵک شکست پێبێنێ و ده‌خاڵەتی هێزە ئیمپڕیالیستیەکان پوچەڵ بکاتەوە. حیزبی کومونیستی ئێران بە ستراتیژیەکی روون کە هەیەتی بۆ وەدی هێنانی ئەم بابەتە گرینگە هەوڵئەدات.