سیاسەتی دژی ئینسانی دەوڵەتانی ئوروپایی سەبارەت بە په‌ناخوازان

راگەیەنەرەکان لە رێكه‌وتی ٢٧ی ئوتی ٢٠١٥ بەرانبەر بە ٥ ی خه‌رمانان، هەواڵیاندا کە ته‌رمی دەیان په‌ناخواز لە کامیۆنێکی یەخچاڵدار دا لە نزیک سنوری ئۆتریش و مەجارستان دۆزراوەتەوە. کاربەدەستانی ئۆتریش لە رۆژی ٦ ی خه‌رماناندا وتیان کە تا ئێستا ٧١ جەنازەیان لەو یەخچاڵە دەرهێناوە کە ٨ کەسیان ژن و ٤ کەسیشیان منداڵن. مەئمورەکان وتویانە کە قوربانیەکان ئەگەری زۆری هەیە خەڵکی وڵاتی سوریە بووبێتن522بەپێی راپۆرتی رۆیتێرز لە رۆژی شەممە ٧ی خه‌رمانانیشدا لە ئوتریش ٣ منداڵ لە بارودۆخێکی خراپدا لە کامیۆنێکی هەڵگری پەناخوازانی سوری، بنگلادشی و ئەفغانستانیدا دۆزرانەوە. ئەمە لە حاڵێکدایە کە رۆژی پێشتری ته‌رمی چەند سەد پەناخوازی تر لە ئاوەکانی مەدیتەرانە لە ئاودا دەرهێندرانەوە. هەواڵی دڵتەزێن لەمبارەیەوە کۆتایی نییە. لە سەرەتای ساڵی ٢٠١٥ وە نزیکەی ٢٥٠٠ کەس لەم پەناخوازانه‌ لە قوڵایی ئاوەکاندا بونەتە خۆراکی ماسیەکان.یەکێک لە هۆکارە سەرەکیەکانی زیاد بوونی قوربانیەکان راگیرانی کەشتی و ئیمکاناتی یارمەتی لە لایەن دەوڵەتانی ئوروپاییەوەیە لە دەریای مەدیتەرانەدا. تا چەند هەفتە لەوەپێش كاتێك پەنابەران دەگەیشتنە وڵاتانی ئوروپایی لە لایەن کاربەدەستانەوە لە کەمپه‌ شێوە زیندانه‌كاندا لەسەریەک کەڵەکە دەکران. بەڵام ئێستا کرداری وەحشیانەی هێزە نیزامی و سنورپارێزەکانی وڵاتانی مەسیر، بە موسیبەتەکانی ئەم پەناخوازانه‌وه‌ زیاد بووە. پۆلیسی مەقدونیە لە ٢٢ی ئوتدا، بە دەستوری کاربەدەستانی پێوەندیدار هێرشیان كرده‌ سه‌ر ئه‌و په‌ناخوازانه‌ی کە لە یونانەوە چووبوونه‌ ئەو وڵاتە. بەپێی ڕاپۆرتی ئاسوشتیدپرس پۆلیس لەم هێرشەدا لە نارنجه‌کی سڕکەر کەڵکی وەرگرت و دەیان کەسی بریندار کرد کە لانیکەم ٢٥ کەسیان براونەتە دەرمانگا. هەڵبەت پەناخوازانیش لە بەرانبەر هێرشی وەحشیانەی پۆلیسدا دیفاعیان لەخۆیان کردووە.بەڵام ئەم شەپۆلی په‌ناخوازییه‌ لەکوێیه‌وه‌ سه‌رچاوه‌ ده‌گرێت؟ سەرانی دەوڵەتانی ئیمپڕیالیستی لە ئوروپا رەتی دەکەنەوە کە پەناخوازان زۆرتر لە ناوچەی جەنگی و شەڕلێدراوی خاوەرمیانە و باکوری ئافریقاوە روویان کردۆتە ئوروپا و لەمبارەیەوە باسی سوریە و ئەفغانستان و لیبی دەکەن. بەڵام بارودۆخی ژیانی فەلاکەتبار و شەڕە وێرانگەرەکان کێ بەسەر خەڵکی ئەو وڵاتانەیدا سەپاندوە، بێجگە لەم دەوڵەتانەی کە بەشوێن سیاسەتی قازانج پەرستانەی ئابوریانەوە، سەرەتا بە یارمەتی بانکی جیهانی و ڕێگای تری تاڵانچێتی، خەڵک توشی فەلاکەت دەکەن و دواتر کاتێکیش کە نەزمی جێی سرنجی خۆیان، بەهۆی ڕاپەڕینی خەڵک و یان بەهەر هۆیەکی تر تێکدەچێت، بە سیاسەتی شەڕخوازانە، کە دەغەڵکارانە لەو وەک ده‌خاڵەتی بەشەردۆستانە ناو دەبەن، دەست بەکاری گێڕانەوەی دەبن.شەپۆلی پەناخوازانی به‌ زۆریی لاو کە بە هەزینەی کەس و کار و ماڵیاتی خەڵکی وڵاتی شوێنی لەدایک بوونیان گەورە بوون، خوێندوویانه‌ و شارەزاییان بەدەست هێناوە، بۆ ئەو وڵاتانەی کە بەرەوڕووی پیری جەمعەیت بوونەتەوە، دەرفەتێکە. بەپێی هەڵسەنگاندنەکان ٣٨ لەسەدی ئەم پەناخوازانه‌ لە سوریە، ١٢ لەسەد لە ئەفغانستان و مابەقی لە عێڕاق، ئێریتره‌، سومالی، سودان و نیجیریە بوون. بەڵام ڕاگەیەنەرە دەستە ڕاستیەکان و سیاسەتمەدارانی محافزەکار ئەوان وەک مەترسی بۆسەر تەمەدونی ئوروپایی نیشان ئەدەن. لە راستیدا سیاسەتمەداران و ڕاگەیەنەرە کۆنەپەرستەکان لە وڵاتانی ئوروپایی خەریکن بە کارتی پەناخوازان یاری دەکەن، سوکایەتیان پێدەکەن و لەهەوڵی بەهێز کردنی تەمایلاتی ڕەگەزپەرساتانەدان. ئەوان بەمجۆرە لە هەوڵدان تا موشکلاتی نێوخۆیان لەبەر رۆشنایی قەیرانێکدا کە خۆیان دروستیان کردوە، بشارنەوە و پشتیوانی دواکەوتووترین توێژەکانی کۆمەڵگا لە وڵاتەکانیانی بۆلا رابکێشن. لە نمونەی ئەمجۆرە سیاسەتمەدارانە دەتوانین ئاماژە بە کامێرۆن، شازادەی ئینگلیس، ڕیبەری حیزبی محافزەکار و سەرۆک وەزیری بریتانیا بکەین.ئەو دوای مردنی ئەو پەناخوازانه‌ی کە لە تۆنێلی مانش و لە هەوڵی گەیشتن بە بریتانیا گیانیان لەدەستدا، وتی: ئەوان کۆمەڵێک خه‌ڵكی هەژار و ده‌ستكورتن کە بۆ کەڵک وەرگرتن لە بیمەی کۆمەڵایەتی بەناو سەخاوەتمەندانەی بریتانیا دێن بۆ ئەم وڵاتە. ئەو بەبێ ئەوەیکە تەنانەت وشەیەکی هاوده‌ردی لەگەڵ پەنابەرانی گیان بەختکردوو بە زماندا بێنێ هۆشداری دایە سەرانی ئوروپا تا لە بەرانبەر شەپۆلی کۆچی میلیونی لە ئافریقاوە دیفاع لە ئاستی ژیانی ئوروپایی بکەن.هەڵبەت دەبێ بوترێ کە لە بەرانبەر راگەیەنەر و سیاسەتمەدارانی پشتیوانی راسیسمدا لە ئوروپا، بەشێکی بەرچاوی دانیشتووانی ئەم قاڕەیە لە مافی پەناخوازان دیفاع دەکەن. ئەوان لە وڵاتانی وەک ئاڵمان لە بەرانبەر میتینگ و ڕێپێوانەکانی هێزە ڕاستەکاندا خۆپیشاندان لەدژی ئەوان و بە قازانجی پەنابەران ڕێکدەخەن. ئەوان هەوڵئەدەن تا بەربە هێرشی دەستە راستیەکان بۆسەر شوێنی ژیانی پەنابەران بگرن و هەوڵ ئەدەن ڕای گشتی بۆ پشتیوانی لەوان بەسیج بکەن. لە ئاکامی ئەم کردارانەدا لافاوی یارمەتی خەڵکی خێرخواز بۆ پەنابەران زیادی کردوە. بۆ نمونە لەم دواییانە لە هامبۆرگ هەزاران کەس لە خەڵکی شه‌ریف چەندین تۆن پەتو، لیباس، وەسایلی بێهداشتی و بوکەڵەیان هێناوە بۆ ساڵۆنی نمایشگایەک کە ١١٠٠ پەنابەری تێدایە. هاوکات ژمارەیەک لە هونەرمەندانی ئاڵمانی دەستیانداوەتە دیفاع لە پەنابەران و مافە یاساییەکانیان و داوایان لە بەرپرسان کردوە تا ئەرکه‌كانیان بۆ پاراستنی پەنابەران بە باشی ڕاپەڕێنن. ئاخرین نمونە ، قسەکانی “تیل شوایگر” بازیگەر و کارگەردانی به‌ناوبانگی ئاڵمانیە. ئەو لە وتووێژێکی ڕاستەخۆ لەگەڵ یەکێک لە سیاسەتمەدارانی حیزبی سوسیال مەسیحی لە شەبەکەیەکی تەلەویزیۆنی ئاڵمانیدا پرسی، بۆچی دەوڵەت لەبەرانبەر تەحریکی ئەفکاری گشتیدا بۆ کوشتاری پەناخوازان لە لایەن ڕاستە توندڕەوەکانەوە کاردانەوەیەکی دیار لەخۆی نیشان نادات؟ تیل شوایگر بۆ بەرەنگار بوونەوەی ڕەگەزپەرستی ڕایگەیاندوە کە دەیەوێ، بە سەرمایەی خۆی ئیقامەتگایەک بۆ حەوانەوەی ٦٠٠ پەنابەر بکاتەوە. هێربرت گرونە مایر، گۆرانی بێژی به‌ناوبانگی ئاڵمانیش لە وتووێژکدا قەدردانی لەو ئاڵمانیانە کرد کە هەوڵ بۆ وەرگرتنی پەنابەران ئەدەن و وتی: “دەبێ لە بەرانبەر کەسانێکدا کە دژی پەنابەرانن و دەست ئەدەنە کرداری جەنایەتکارانه‌، راوەستین.” ئەو لەم ڕاستایەدا توندترین ڕەخنەی لە حیزبی سوسیال دیموکراسی گرت. “گرونە مایر” وتی: دەیەوێ لەگەڵ ژمارەیەک گۆرانی بێژی ئاڵمانی کۆنسێرتێکی هاوبەش بۆ یارمەتی بە پەنابەران وه‌ڕێبخه‌ن. دەوڵەتانی بۆرژاویی و چینی سەرمایەدار لە ئوروپا لە هەمانحاڵدا کە رۆژانە سەرگەرمی کێشانی شیلەی جەوانی، تەراوەت و لەش ساغی دەیان ملیۆن کرێکارن، هاوکات لەگەڵیدا لەگەڵ ئەو شەڕانەی کە دەیخەنەرێ، رۆژانە ژنان، پیاوان و منداڵانی رزگار بوو لە کوشتارگاکان ئاوارە دەکەن. ئەوەیکە ڕاگەیەنەر و دەوڵەتانی بۆرژوایی ناویان ناوە قەیرانی پەنابەریی، بەرهەمی قازانج پەره‌ستی و شەڕخوازی ئەم چینە و دەوڵەتەکانیانە لە خاوەرمیانە و باکوری ئافریقادا. سیاسەتمەداران و کاربەدەستانی ئوروپایی دەیانەوێ بە یارمەتی راگەیەنەرەکانیان، بەرپرسیاریەتی خۆیان لە بەرانبەر ئاوارە بوونی بەملیۆن ئینساندا ره‌ت بکەنەوە. بەڵام خەڵکی وشیار خوێنی پەناخوازانی گیانبەختکردوو بە پەنجەی ئەوانەوە دەبینن. پەناخوازان مافی خۆیانە لە رێگای ئەمنەوە بگەنە ئوروپا و بچنە پڕۆسەی وەرگیرانەوە وەک پەنابەر.