سەرکوت و ئیختناق دوانەی حاکمیەتی ئیسلامی لە ئێران

هەواڵی ئیعدام کردنی بەرین لەم چەند هه‌فته‌ی دواییدا لە زیندانەکانی ژێر حاکمیەتی ئیستبدادی رژیمی كۆماری ئیسلامی، بۆتە هۆی نیگەرانیەکی زۆر لەنێو بنەماڵە و کەسوکاری زیندانیەکاندا. هەواڵه‌كان لەم په‌یوه‌نده‌دا باس لەوە دەکه‌ن کە لە ماوەی کەمتر لە ١٠ رۆژدا لانیکەم ٥٤ کەس لە زیندانەکانی قزڵحەسار، رەجایی شار و زیندانی ناوەندی کەرەج و باقی زیندانەکانی ئێران ئێعدام کراونرژیمی کۆماری ئیسلامی سەدان کەس لە مەحکومانی دادگا عادیەکانی، ساڵانێکە لە چاوەڕوانی ئیجرای حوکمی ئێعدامدا راگرتووە، تا هەر کاتێک و بە هەر هۆکارێک هەستی کرد کە دەبێ سەرجەم کۆمەڵگا بترسێنێ، ژمارەیەک لەم مەحکومانە بە بەرچاوی خەڵکەوە بە پەتی داری ئێعدامەوە بکات. ڕژیم لە کاریگەری پاشەکشە کردنی لە بەرانبەر ئامریکادا بەسەر زەین و رۆحیەی خەڵکەوە بەتوندی نیگەرانە و خۆی لەبەرانبەر کاردانەوەی جەماوەری هەژاراندا لە مەترسیدا دەبینێ. بۆ بەرگرتن لە هەڵچونی قین و توڕەیی پۆنگ خواردوی، خەڵکە کە ئاوا شەپۆلێک لە کوشتاری زیندانیانی خستۆته‌ڕێ. تەسلیم لە بەرانبەر زلهێزەکاندا و توند بوونەوەی سەرکوت و ئێعدام لە کۆمەڵگا و لە زیندانەکاندا دوو بەری یەک سکەن.

سەرانی کۆماری ئیسلامی دەزانن، هەژاری و فەلاکەتێکی بێ وێنەی کە بەسەر خەڵکی بێبەشی کۆمەڵگایاندا سەپاندووە، دەرکردن و بێکار سازی بەرین و هەموو رۆژەی کرێکاران، داسەپاندنی حەقدەستی چەند جار لەژێر هێڵی هەژاریدا بەسەر ئەو کرێکارانەدا کە هەموو نێعمەت و ریفاهیاتی کۆمەڵگا بەرهەم دێنن، وەدواخستنی دانی ئەم حەقدەستە کەمانە و هیتر، ئاسەوارێکی بێجگە لە ئاخێزی برسی و بێ ئەنواکان بەشوێنەوە نابێت.410

هەروەها لەم هه‌فتانه‌ی دواییدا ناوەندە ئەمنیەتییەکان بە شێوەیەکی ئامانجدار و بەرنامەبۆداڕێژراو، کردارەکانیان لەدژی هەڵسوڕاوانی سیاسی و کۆمەڵایەتی پەرەپێداوە. هەوڵدان بۆ کۆنترۆڵ کردنی ناڕەزایەتی کرێکاریی و جەماوەریی جارێکی تر بەڵام لە بارودۆخیکی جیاوازی سیاسیدا کەوتۆتەوە ئەولەویەتی بەرنامەکانی کۆماری ئیسلامیەوە. هۆکاری ئەم حەرەکات و ئێقداماتە جەنایەتکارانە و سەرکوتگه‌رانەیە بۆ خەڵکی ئێران کە ئەزمونی ٣٦ ساڵ حاکمیەتی ئیسلامیان هەیە، شاراوە و ناڕوون نییە. خەڵک لەبیریانە کە بەشوێن بەسەرەوەنانی جامە ژەهرەکە لە لەیەن خومەینیەوە لە ساڵی ٦٧ دا، بۆ قەرەبووی شکستەکانی چلۆن کەوتنە گیانی زیندانیانی بەندکراو و ئەسیر و چ جەنایەتێکی گەورە و مەترسیداریان وه‌ڕێخست. محەممەد گوڵپایگانی سەرۆکی دەفتەری خامنەیی بە ئاماژە بەوەیکە هێزی ئینتیزامی لە خاکریزی یەکەمی ئەمر بە مەعروف و نەهی لە مونکەردایە وتی: “ئێمە لە بەرانبەر هەموو خەڵکدا بەرپرسیاریەتیمان لە ئەستۆیە و حکومەتی ئیسلامی ئەوەیە کە دەستی خەڵک بگرێت و لە جەهەننەم رزگاریان بکات و بیانباتە بەهەشت.” هەڵبەت بەهەشتیش لە روانگەی ئەوانەوە، سەرکوتی خەڵک لە بەرانبەر بێ مافی و رازی بوون بە جەهەنەمێکە کە لەمرۆدا بەسەر کۆمەڵگایاندا سەپاندووە. نوێنەری وەلی فەقیە لە سازمانی بەسیج لەم بوارەدا دەڵێت: “کرداری بەسیج بەردەوام ئەمساڵی باشتر بووە لە ساڵی پێشتری، بەسیج لە ساڵی ٩٣ دا لە بوارەکانی تەربیەتی، جیهادی، ئەمر بە مەعروف و نەهی لە مونکەر، ئابووری، بەسیج کردنی توێژە جۆراوجۆرەکان و بە گشتی لە هەموو زەمینەکاندا لەچاو ساڵی رابردوو فەعالتر و پویاتر جوڵاوەتەوە.” بەمجۆرە حاکمیەتی ئیستبدادی ئیسلامی لە ئێران هەر بەو جۆرەی کە بە سەرکوت کردنی شۆڕشی خەڵک تەپیدایە سەر دەسەڵات، تەنیا بە درێژەدان بە سەرکوت و توند کردنەوەی کەش و هەوای ترس و وەحشەت لە کۆمەڵگادایە کە دەکرێ بەردەوامی بەم حاکمیەتە بدات. ناوبراو لە دریژەدا دەڵێ: “تۆڕێکی ئیتلاعاتی بەرین لە سەرتاسەری وڵاتدا لە خێڵی گەورەی بەسیجیەکان بوونی هەیە کە باشترین بەربەستە بۆ شکستی دوژمن. شەبەکەی ئیتلاعاتی بەسیج دەتوانێ هەڵسوکەوتی دژی ئینقلاب لە مەسایلی فەرهەنگی، نیزامی، ئابووری و ئەمنیەتیدا رەسەد بکات و لە کاتی خۆیدا رایگەیەنێ. دواتر، ئه‌م ناوەنده‌ بە لەبەرچاو گرتنی ئەم زانیاریانە دەتوانێ بڕیار بدات و بچێتە بواری کردارییەوە.” لە به‌كرده‌وه‌ ده‌رهێنانی ئەمجۆرە دەستورعەمەلانەدا دیمان کە لەم یەک دوو هه‌فته‌ی دواییدا چلۆن لە ئێران چوونە بواری کردارییەوە. ئەوان ئەو چالاکە کرێکاریانەی کە خوازیاری زیاد بوونی حەقدەستی کرێکاران بوون، لە دەرکردن و بێکارسازی ناڕازی بوون، شناسایی کردووە و بردویانن بۆ زیندان. هەڵسوڕاوانی مەدەنی کە لە خەفەقان و سەرکوت وەتەنگ هاتون و دەنگی ناڕەزایەتیان لەدژی ئەم بارودۆخەی ئێستا هەڵبڕیوە، شناسایی کردووە. ئەوان هەڵسوڕاوانی مافەکانی ژنان، موعەلیمان، لاوان و باقی توێژە ناڕازییەکانی خەڵکیان شناسایی کردوووە و رەوانەی زیندانەکانیان کردوون، تا بەمجۆرە ئەمنیەتی کۆماری ئیسلامی دابین بکەن. دادگا ئیسلامیەکانیش لەم ماوەیەدا شێوازێکی توندتریان لە پێشوو لە بواری دەرکرنی ئەحکام گرتوەتەپێش و حوکمی گەلێک قورستر لە رابردوویان بۆ چالاکانی سیاسی دەرکردووە.وەزیری نێوخۆی دەوڵەتی رۆحانی بە جەخت کردنەوە لەسەر ئەوەیکە دەوڵەت خۆی مولزەم بە پشتیوانی لە هێزی ئینتیزامی دەزانێت، وتی: “هێزی ئینتیزامی بە هێزێکی خاوەن تەعەهود، ئیماندار و ویلایەتی بەحێساب دێت. هەمووان دەبێ بەشوێن ئەوەوە بین کە ئەمنیەتی سەقامگیر لە کۆماری ئیسلامیدا هەبێت بەشێوەیەک کە هیچ دوژمنێکی فورسەت تەڵەب، تاوانبار و یاسا شکێن توانایی چاوبڕینە ئەم شۆڕش و وڵاتەی نەبێت.” لە روانگەی وەزیرەکەی دەوڵەتی رۆحانیەوە، هەموو ئینسانە ناڕازییەکان لەم بارودۆخە دژوارەی ژیان و توڕە لەم هەموو بێبەشی و بێ مافیانە لە ریزی ئەو نەیار و سەرپێچیکارە نێوخۆیانەدان کە دەبێ بە عەمەلیاتی کردنی ئەمنیەت لە کۆمەڵگەدا، ناچار بە ملکەچ بوون بۆ “یاسا” كۆیله‌ئاسا و ئەسارەتبارەکانی کۆماری ئیسلامی بکرێن.نابێ ئیجازە بە جەنایەتکارانی زاڵ بەسەر ئێراندا بدرێت كه‌ کوشتارەکانی دەیەی ٦٠ تێکرار بکەنەوە. دەبێ بەهەر شکڵ و شێوەیەک و لە ئاستی توانایی و ئیمکاندا، لە دەرەوە و لە نیوخۆی وڵاتدا، جەنایەتەکانی رژیمی کۆماری ئیسلامی له‌قاو بدرێت و لە بەرانبەریدا دەست بکرێت بە خەبات و خۆڕاگری بەکۆمەڵ و یەکگرتوانە. دروشمی هەڵوەشاندەنەوەی ئێعدام و ئازادی زیندانیانی سیاسی، جارێكیتر دەبێ لە شەقامەکاندا دەنگ بداتەوە.