سەرکەوتن لە ریفڕاندۆمی یۆناندا هەنگاوێکی تر لەدژی سیاسەتی تاڵانچیانەی سەرمایەداری ئوروپا

خەڵکی یۆنان لە ریفڕاندۆمی رۆژی یەکشەممە دەنگی “نا” یان بە گەڵاڵەی پێشنیار کراوی سێ لایەنەی “سندوقی نێونەتەوەیی پوڵ، بانکی ناوەندی ئوروپا و کوموسیۆنی ئوروپا”، لەپێوەند لەگەڵ قەیرانی قەرزەکانی یۆنان، دا. ئەم تەرحە لە راستیدا هیچ شتێک نەبوو بێجگە لە سیاسەتی ریازەتی ئابووری و داسەپاندنی دانەوەی قەرزەکان بەسەر شانی کرێکاران و بەساڵاچوان و توێژی کەم داهاتی ئەم وڵاتەدا. سیپراس، سەرۆک وەزیری یۆنان، کە خۆی بە دانی بەڵێنی دژایەتی کردن لەگەڵ سیاسەتە ریازەتی ئابووریەکان هاتبوە سەرکار، داوای لەخەڵکی ئەم وڵاتە کرد تا “نا یەکی گەورە بە هەڕەشەی وامدەرانی نێونەتەوەیی” بدەنەوە. خەڵکی یۆنان رۆژی یەکشەممە ٥ی ژوئێن چوونە بەردەم سندوقەکانی دەنگدان و وڵامی ئەرێنیان بە بانگەوازەکە دایەوە. بەپێی ئەو رەقەمانەی لە لایەن وەزاڕەتی نێوخۆی یۆنانەوە بڵاو کراوەتەوە ٦١،٣ لەسەدی دەنگدەران دەنگی نا یان بەم تەرحە داوە، لە حاڵێکدا دەنگی ئەرێنی بە تەرحەکە ٣٨،٧ لەسەدە.80

دەنگی زۆرینەی خەڵکی یۆنان لە دژایەتی لەگەڵ سیاسەتی ریازەتی ئابووری زیاتر لە هەموان دەوڵەتی ئاڵمان و ئانجیلا مێرکل سەدری ئەعزەمی ئەم وڵاتە دەخاتە ژێر گوشارەوە. قەرارە ئەمرۆ مێرکل بچێت بۆ فەرانسە و لە پاریس لەگەڵ هاوتا فەرانسەویەکەی سەبارەت بە ئاکامەکانی ئەم ڕاپرسیە وتووێژ بکات. هەروەها قەرارە سەرانی وڵاتانی حەوزەی یۆرۆ رۆژی سێ شەممە لە بروکسێل چاویان بەکەتر بکەوێ. لەم وتووێژانەدا رێگا چارەی ئاڵترناتیو لەسەر بنەمای درێژەدان بە تاڵانچێتیەکانی دەوڵەتانی ئوروپایی لەدژی خەڵکی یۆنان بدرێتە بەرباس. هەنگاوەکانی دواتری یەکێتی ئوروپا لەدژی خەڵکی یۆنان هەرچیەک بێت، گومانی تێدا نییە ئەم راستیە ناتوانن لەبەرچاو نەگرن کە بەم راپرسیە دەوڵەتی یۆنان دەبێتە خاوەنی پێگەیەکی بەهێزتر لە وتووێژەکانی داهاتودا لەگەڵ رێبەرانی یەکیتی ئوروپا.

بەم راپرسیە خەڵکی یۆنان لێبڕاوانە بڕیاریدا تا کێشە و گرفتەکانی سەرچاوە گرتوو لە خۆڕاگری خۆیان لەبەرانبەر سیاسەتی تاڵانچیانەی دەوڵەتانی ئوروپایی و لە سەروشیانەوە دەوڵەتی ئاڵمان تەحەمول بکەن، بەڵام رازی نەبن بە سوکایەتیەک کە ناوەندە سێ لایەنە ماڵیەکان گەرەکیانە بەسەریاندا بسەپێنن. شەوی رابردوو خەڵکی ئاتێن، پێتەختی یۆنان، بە کۆبونەوە لە مەیدانی “سینداگما” لەبەردەم پاڕلمانی یۆنان، بەدانی دروشمگەلێک رایانگەیاند، کە ئامادەی قەبوڵ کردنی هەموو جۆرە دژواریەکن بۆ پاراستنی کەرامەتی ئینسانی خۆیان و داکۆکی کردن لە دەستکەوتەکانی تا ئێستایان.

بۆرژوازی یۆنان کە پشتیوانی لە سیاسەتی ڕیازەتی ئابووری دەکات و لە راستیدا بەشێک لە تاڵانچێتی سەرماداری ئوروپا دەچێتە گیرفانی ئەوەوە، لە رێفڕاندۆمی رۆژی یه‌كشه‌ممه‌دا هەوڵیدا بە ترساندنی کۆمەڵگای یۆنان لە ئاکامی سیاسەتەکانی دەوڵەتی سیریزا، بەشێک لە خەڵکی ئەم وڵاتە لەگەڵ خۆی هاودەنگ بکات. ئەحزابی بۆرژوایی لە کەمپەینی تەبلیغی خۆیاندا هەڕەشەیان دەکرد کە وڵامی نا بەتەرحی پێشنیاریی ناوەندە ماڵیە نێونەتەوەییەکان، دەبێتەهۆی هاتنەدەری یۆنان لە یەکێتی ئوروپا. ئەوان هەڕەشەیان دەکرد کە ولامی نا ی خەڵکی یۆنان بەم گشت پرسیەی رۆژی یەکشەممە بە واتای بڕانی یارمەتیە ماڵیەکانی یەکێتی ئوروپایە و لە کۆتاییدا وەرشکستە بوونی ماڵی یۆنانی بەشوێنەوە دەبێت. بەڵام لە راستیدا ئەوەی کە بۆرژوازی یۆنانی نیگەران کردوە ئەم راستیەیە کە ئەوان بۆیان دەرکەوتوە کە ئەم جەریانەی، وا ڕیفڕاندۆمەکەی ئەم دواییە یەکێک لە مەیدانەکانی خۆ دەرخستنیەتی، هاوسەنگی هێز لە ئاستی کۆمەڵگەدا بە قازانجی بەرەی خەباتی دژی سەرمایەداری دەگۆڕێت.

حیزبی سیریزا بە بەرنامەی دژی ریازەتی ئابووریەوە توانی دەسەڵاتی سیاسی لە یۆنان بەدەستەوە بگرێت و لەم ماوەیەشدا سەرەڕای نیشاندانی هێندێک نەرمی نواندنی دیاریکراو لەبەرانبەر وتووێژکارانی ئوروپاییدا، نەیتوانی رەزامەنی ئەوان بۆ هاوسەنگ کردنی سیاسەتەکانیان لە بەرانبەر یۆناندا دەستەبەر بکات. دوای ئەم گشت پرسیە دەوڵەتانی ئوروپایی راستەوخۆ لەگەڵ دەنگ و ئیرادەی خەڵکی یۆناندا تەرەف دەبن و دیمکڕاسیە ئیدیعاییەکایان لە رادەی رێزیان بۆ دەنگی ئەم خەڵکەدا لە محەک ئەدرێت. ئازمایشێکی کە لە ئێستاوە دیارە سەربەرزانە لێی دەناچن.

راپرسی رۆژی یەکشەممە لە درێژەی سەرکەوتنی سیریزا لە زستانی رابردودا، تەنیا هەنگاوێکی ترە لە رێگای بەرەنگار بوونەوەی سیاسەتێکی ریازەتی ئابووری کە گەرەکیەتی هەزینەی قەیرانێکی ئابووری وا لە ئارادایە لە یۆنان و لە هەموو وڵاتانی دنیادا لە سفرەی کرێکاران و خەڵکی هەژار دابین بکات. لەوێوە کە دەوڵەتی سیریزا لە یۆنان لە چوارچێوەی مانەوە لە یەکێتی ئوروپادا و پێبەند بوون بە بنەماکانی نیزامی سەرمایەداری لەم وڵاتەدا، لەهەوڵی دۆزینەوەی رێگاچەرەیەک دایە بۆ هێنانەدەری ئابووری یۆنان لە قەیرانی قەرزەکان، دیارە نابێ چاوەڕێی موعجزەی ئابووری لەم دەوڵەتە بکرێت. بەڵام سەرەڕای ئەم راستیە سەنگەر بەندی خەڵکی یۆنان لە بەرانبەر سیاسەتی تاڵانچیانەی دەوڵەتانی ئوروپاییدا لە جەوهەری عەینی و واقعی خۆیدا حەرەکەتێکی دژی سەرمایەدارانەیە. ئەم خەباتە لە مەیدانەکانی تردا درێژەی دەبێت و دەتوانێ ئاکامێکی هەست پێکراویشی لە باشتر بوونی بارودۆخی ژیانی خەڵکی یۆناندا بەشوێنەوە بێت. لەم خەباتە رەوا و ئینسانیەدا خەڵکی یۆنان بەتنیا نین. لەم رۆژانەی دواییدا بینیمان کە لە وڵاتانی ئاڵمان و فەڕانسە بە هەزاران کەس لە خەڵک بۆ پشتیوانی لە خۆڕاگری خەڵکی یۆنان هەتنەسەر شەقامەکان و سەبارەت بە سیاسەتی دەوڵەتەکانیان لە گوشار خستنەسەر خەڵکی یۆنان بێزاری خۆیان پیشاندا.

ئاکامی ریفڕاندۆمی رۆژی یەکشەممە، بەرەی هێزە چەپ و پێشکەوتن خوازەکانی لە باقی وڵاتانی ئوروپایی بەتایبەت لە ئیسپانیا و پورتەقال و ئیرلەند کە لە سەرودەمی تاقی کردنەوەی تەجروبەی خەڵکی یۆنان دان، بەهێز دەکات. هێزە تێکۆشەرەکانی دژی سەرمایەداری و دژی سیاسەتی نیئۆلیبڕاڵی لە سەرتاسەری ئوروپادا دەبوژێنەوە. گوشاری دەوڵەتانی ئوروپایی و ناوەندە ماڵیە بەهێزەکانی وەک ” بانکی ناوەندی ئاڵمان”، “سندوقی نێونەتەوەیی پوڵ” و بانکی ناوەندی ئوروپا” تەنیا بە شکڵ گرتنی هاوپشتیەکی خەباتکارانە لە ئاستی ئوروپادا پوچەڵ دەکرێتەوە و نیشانەکان دەرخەری ئەوەن کە ئەم هاوپشتیە لەحاڵی شکڵ گرتن دایە.

About admin

mnykkargarhastam

View all posts by admin →