رۆژی یه‌كشه‌ممه ٨ی مانگی سه‌رماوه‌ز، مه‌راسمی ئه‌سپه‌رده كردنی ته‌رمی “تاهێر ئیلچی” هه‌ڵسووڕاوی مافی مرۆڤ و سه‌رۆكی كانونی پارێزه‌رانی شاری كوردنشینی دیاربه‌كر كه رۆژی شه‌ممه تێرۆر كرا، به به‌شداری هه‌زاران كه‌س له خه‌ڵكی توركیه به‌ڕێوه‌چوو.
نوێنه‌رانی كانونی پارێزه‌رانی دیاربه‌كر به هه‌ڵگرتنی پلاكاردگه‌لێك له‌ژێر ناوی “فه‌رامۆش ناكه‌ین”، ته‌رمی ئه‌م پارێزه‌ره به‌ناوبانگه‌یان ئه‌سپه‌رده‌ی خاك كرد. له‌م مه‌راسمه‌دا سه‌لاحه‌دین دێمیرتاش رێبه‌ری حێزبی دیمۆكراتیكی گه‌لانیش ئاماده بوو. هاوكات له ستانبۆلیش بۆ رێزگرتن له ناوبراو كۆبوونه‌وه به‌ڕێوه‌چوو. تاهێر ئیلچی یه‌كێك له به‌ناوبانگترین پارێزه‌رانی كوردستانی توركیه و پشتیوانی خه‌باتی ره‌وای خه‌ڵكی كوردستانی ئه‌م وڵاته، رۆژی شه‌ممه له‌لایه‌ن كه‌سانی نه‌ناسراوه‌وه تێرۆر كرا. شایانی باسه دوابه‌دوای تێرۆر كردنی تاهێر ئیلچی خه‌ڵكی ژماره‌یه‌ك له شاره‌كانی توركیه له‌وانه ئانكارا، ئێزمیر و ستانبۆل خۆپیشاندانیان وه‌ڕێخست. خۆپیشانده‌ران به به‌رز كردنه‌وه‌ی دروشمی “مه‌رگ به‌ر فاشیزم، ده‌زانین كی قاتڵه”، له‌دژی ده‌وڵه‌تی ئیسلامگه‌رای توركیه ناڕه‌زایه‌تیان ده‌ربڕی.