له درێژه‌ی هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركییه بۆ سه‌ر شاره‌كانی كوردستان و په‌ره‌سه‌ندنی خۆڕاگریی جه‌ماوه‌ریی، هێزه‌كانی ئه‌رته‌شی به‌دوای بێ توانایی له رووبه‌ڕو بوونه‌وه له‌گه‌ڵ خۆڕاگریی خه‌ڵك له شاره‌كانی كه‌ربۆران و گهوەڕ، ناچار به پاشهكش و هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌ت نیزامیی و یاسای نه‌هیشتنی هاموشۆ لهمشارانه بوو.
به دوای هێرشه‌كانی ئه‌رته‌شی توركییه و سەپاندنی حكومه‌ت نیزامیی توند له شاره‌ی كه‌ربۆران، له‌ماوه‌ی ١٩ رۆژی رابردوودا لانیكه‌م ٧ غه‌یره نیزامیی گیانیان له‌ده‌ستدا. هێزه‌كانی ئه‌رته‌ش به تۆپبارانكردن، ماڵ و حاڵی خه‌ڵكیان ئاگر تێبه‌رداوه و ئاو و به‌رقی ماڵه‌كانیشیان بڕیوە. سه‌ره‌ڕای هێرشه‌كان و حكومه‌ت نیزامیی توند له كه‌ربۆران ، خه‌ڵكی ئه‌مشاره بۆ تێكشكاندنی هێرشه‌كانی ئه‌رته‌شی توركییه، چه‌ندین جار ڕژانه سه‌ر شه‌قامه‌كان و به وتنه‌وه‌ی درووشمی “بژی به‌رخۆدان” ده‌ستیاندایه خۆپیشاندان. تازه‌ترین راپۆرته‌كانیش باس له‌وه ده‌كه‌ن كه خه‌ڵك له شاری ” گهوەڕیش به خۆڕاگرییان پێشیان به هاتنه ناوی هێزه‌كانی ئه‌رته‌ش بۆ گه‌ڕه‌كه‌كان گرت. هێزه‌كانی ئه‌رته‌ش ته‌قه‌یان له خه‌ڵك كرد و له‌دوای رووبه‌ڕوبوونه‌وه له‌گه‌ڵ ئه‌گه‌ری هێرشی نیزامییانی توركییه نیگه‌هبانی ده‌ده‌ن. له لایه‌كی دیكه و له‌درێژه‌ی قورسبوونه‌وه‌ی هێرشه‌كانی ئه‌رته‌ش له‌دژی خه‌ڵكی شاری سوور له پارێزگای دیاربهكهر، نیزامییانی توركییه شه‌قامه‌كانی ئه‌مشاره‌یان داوه‌ته به‌ر تۆپ و تانك و خانووی خهڵكییان رووخاندووه. هاوكات هێزه‌كانی ئه‌رته‌ش له‌درێژه‌ی هێرشه‌كانیان بۆ سه‌ر شاری سلۆپی له پارێزگاری شرنا‌خ، كه‌سێكی دیكه‌ی مه‌ده‌نیان كوشت و ژماره‌ی قوربانییانی غه‌یره نیزامیی ئهمشارەش گه‌یشته ١٤ كه‌س. له‌لایه‌كی دیكه، كۆمه‌ڵێك له خوێندكارانی زانكۆ له ئانتالییا به بۆنه‌ی ساڵیادی قوربانییانی هێرشه ئاسمانییه‌كانی ئه‌رته‌شی توركییه بۆ سه‌ر شرنا‌خ له ساڵی ٢٠١١، رژانه سه‌ر شه‌قامه كان و له‌دژی ده‌وڵه‌تی ئه‌م وڵاته ئیعترازیان كرد. هێزه‌كانی پۆلیسیش په‌لاماریان برده سه‌ر خوێندكارانی زانكۆ و ژماره‌یه‌كیان لێ ده‌ستبه‌سه‌ر كردن. دوایین راپۆرته‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه حیزب و رێكخراوه‌كانی لایه‌نگری خه‌ڵكی كوردستانی توركییه له‌وانه پارتی دێمۆكراتیكی گه‌لان، دێمۆكراتیكی ناوچه‌كان و هه‌روه‌ها كۆنگره‌ی ژنانی ئازاد رایانگه‌یاندووه كه له ناڕه‌زایه‌تیی به هێرشه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركییه بۆ سه‌ر شاره‌كانی كوردستان ده‌ست ده‌ده‌نه خۆپیشاندانێكی هاوبه‌ش له ناوچه‌ی سووری دیاربه‌كر تا پارێزگای شرنا‌خ.