رۆژی پێنجشه‌ممه ٥ی مانگی خاكه‌لێوه، سه‌فیری عه‌ره‌بستان له ئا‌مریكا رایگه‌یاند كه له وڵاته‌كه‌ی، عه‌مه‌لیاتی نیزامی له یه‌مه‌ن له‌دژی میلیشیاكانی شیعه‌ی حه‌وسی كه كۆماری ئیسلامی پشتیوانی لێده‌كات، ده‌ستپێكردووه.به پێی راپۆرتی “بی بی سی”، له جه‌ریانی هێرشی شه‌ڕكه‌ره‌كانی ئه‌رته‌شی عه‌ره‌بستانی سعودی له سه‌رله‌به‌یانی رۆژی پێنجشه‌ممه، چه‌ندین ناوچه له سه‌نعا بۆمباران كرا و تا ئێستا ٢٠ كه‌س كوژران و ده‌یان كه‌سیش به توندی بریندار بوون. ناوبراو هه‌روه‌ها رایگه‌یاند، كه عه‌ره‌بستانی سعودی ئه‌م كاركرده‌ی به بۆنه‌ی پشیتوانی له ده‌وڵه‌تی “عه‌بد ره‌به مه‌نسور هادی” سه‌رۆك كۆماری یه‌مه‌ن ئه‌نجام داوه. میلیشیاكانی شیعه‌ی حه‌وسی له‌م مانگانه‌ی دواییدا زۆر به خێرایی پێشڕه‌وییان كردووه و سه‌رۆك وه‌زیری ئه‌م وڵاته‌یان ناچار به هه‌ڵاتن به‌ره‌و “سه‌نعا” پێته‌ختی یه‌مه‌ن كردووه. هه‌ر له‌م حاڵه‌دا راپۆرته‌كان باس له‌وه ده‌كه‌ن كه میلیشیاكان فایله‌كانی مه‌حره‌مانه‌ی ئیتلاعاتی ئا‌مریكا كه باسی عه‌مه‌لیاتی ئیسلامگه‌راكان له یه‌مه‌ن ده‌كات، زه‌وت كردووه.