عێراق لە سەرەتای دەرچون لەم قۆناغەی ئێستا

ماوه‌ی چەندین هه‌فته‌یه‌ كه‌ لە عێراق خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی دەربڕینی جەماوەری درێژەی هەیە. بواری دەستپێکی ئەم ناڕەزایەتیانە بارودۆخی دژواری ژیانی خەڵک، گەندەڵی بەرینی ماڵی و ئیداری دەزگای حاکم، کەم بوونی زۆری خزمەتگوزاری سەرەتایی وەک ئاو و بەرق بوو، ئەویش لە وڵاتێکدا کە لەسەر دەریایەک لە سەروەت رۆنیشتووه‌. بەرپا کردنی ئەم نارەزایەتیانە لەم دەورەیەدا لە عێراق خاوەنی گرینگیەکی سیاسی و کۆمه‌ڵایەتی تایبەتە. لەبەر ئەوەی بۆ یەکەم جار لەم ساڵانەی دواییدا خەڵکی ئەم وڵاتە سەربەخۆ لەوەیکە سەربە چ مەزهەب و عەقیدە و عەشیرەیەکن، لەسەر بنەمای رەنج و ئازارێکی هاوبەش کە لە ئاکامی حاکمیەتێکی کۆنەپەرستانەی سەرتاپا گەندەڵ بەسەریاندا سەپاوە، وەجوڵە کەوتوە.لە ماوەی ساڵەکانی دوای روخانی رژیمی سەدام، ئەحزاب و رەوتە سوننی و شیعەکان بە پەرەدان بە ناکۆکی مەزهەبی و کوشتاری بێڕەحمانە، خەڵکیان ناچار کردبوو کە بۆ پاراستنی ئەمنیەتی خۆشیان بووە، بچنە پشت سەری ئەم جەریاناتە. بزوتنەوەیەکی جەماوەری کە شکڵی گرتووه‌، دەتوانێ یەکەم نیشانەکانی رزگار بوونی خەڵکی عێڕاق بێت لە کابوسێک کە خەڵکی ئەم وڵاتە لە دەورەی حاکمیەتی رژیمی بەعس و حاکمیەتی رەوتە ئیسلامیەکاندا توشی هاتبوون.562
مەرجەعیەتی شیعە لە عێراق و دەوڵەتی حاکم لەم وڵاتەدا بە شگردی فریوکارانەی تایبەتی خۆی، هەوڵ ئەدات کە کۆنترۆڵی ئەم حەرەکەتە بە دەستەوە بگرێت و بە وەعدە و وەعید و ئەنجامدانی ئیسلاحاتی ئیداری نیوە و ناتەواو، خەڵک بنێرێتەوە ماڵەکانیان. هەڵبەت لە هەمانحاڵدا لەوه‌یکە شەوانە مەئمورانی ئەمنیەتی خۆی بە دەموچاوی داپۆشراوەوە بنێرێتە سەر رێبەرانی ناوچەیی ئەم بزوتنەوەیە و تیرۆریان بکات، قوسور ناکات.
ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیە لەگەڵ ئەوەدا کە خاوەنی دروشمی پێشڕەوانە و موتەرەقیە و کەسانی رادیکاڵ و چەپیش تێیدا حزوری چالاکانەیان هەیە، خاوەنی رێبەریەکی سیاسی یەکدەست نییە. هەڵبەت ئەمە لە بارودۆخی ئێستای عێڕاقدا زۆر دوور لە چاوەڕوانی نییە. کۆمەڵگایەکی دیکتاتۆڕ لێدراو کە بۆ ماوەی چەند دەیە لەژێر حاکمیەتی دیکتاتۆڕی هاری رژیمی بەعسدا بوو وە ١٣ ساڵیشە لە ئاگری شەڕە مەزهەبیەکاندا دەسوتێ و شیرازەی کاروباری ژیانی لێک هەڵوەشاوە، نەیدەتوانی موعجزە ئاسا بچێتە مەوقعیەتێکی دیکەوە. بەڵام دەکرێ هیوادار بین و دەکرێ هەوڵبدرێت کە لە جەریانی درێژەی بەرەوپێش چوونی ئەم بزوتنەوەیەدا ئەم رێبەریە شکڵ بگرێت. تا ئێرە ئەم ناڕەزایەتیانە توانیویانە زۆربەی خەڵک لە بێتەفاوەتی سیاسی و لە تەسلیم بوون بە چارەنووسیان دەربێنێ. ئەم بزوتنەوە ناڕەزایەتیە كه‌ش و هه‌وای سیاسی عێڕاقی لە ناوەند و باشوری ئەم وڵاتە خستوەتە ژێر گاریگەری خۆیەوە و خەڵکی لە ناکۆکی مەزهەبی و عەشیرەیی دوور کردۆتەوە. ئەم بزوتنەوەیە ئەگەر ئەمرۆش نەتوانێ داواکاریەکانی دابین بکات، سوننەتی بەنرخی خەباتکارانەی دەیەکانی نێوەڕاستی سەدەی رابردوی لە عێڕاقدا زیندوو کردۆتەوە و رێگایەک کە دەبێ بۆ رزگار بوون لە دەورەی فەلاکەتباری ئێستا تێپه‌ڕ بکرێت، نیشانداوە.
بەڵام لە هەرێمی کوردستان لەگەڵ بارودۆخێکی جیاوازتر لە بەشەکانی تری ئەم وڵاتە بەرەوڕووین. ئەگەر پێوەندی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی لە عێراق و دەوڵەتانی جیران لەم وتارەدا باس بکەین و چاوێک بە ئابووری و پێکهاتەی حکومەتیی لەم ناوچەیدا بگێڕین دەبینین کە: حکومەتی هەرێمی کوردستان سیاسەتێکی ئابووری نییە و کۆمەڵگا لەژێر ناوی سیاسەتی بازاری ئازاد دا (کە هەڵبەت کاریکاتۆڕەکەی ئیجرا دەکرێت)، وێڵ کراوە و دەوڵەت تەنیا بەسەر دانی حقوقی حقوق بگیراندا چاودێری دەکات و دانی لەکاتی خۆیدای ئەم حقوقانەش بۆ ئەم حکومەتە بۆتە گەورەترین کێشە. کەشاوەرزی کە دەیتوانی لە سەرزەمینێکی بە پیت و پڕ ئاوی وەک کوردستان ببێتە سەرچاوەیەک بۆ کەڵەکە بوونی سەرەتای سەرمایە، بەبێ خاوەن و هیچ جۆرە پڕۆژەیەکی ستراتیژیک و درێژماوە لەم بوارەدا لە ماوەی ٢٥ ساڵی کە بەسەر ئەم حکومەتەدا تێدەپەڕێت، نەخراوەتە بواری جێبەجێ کردنەوە. ئەگەر تەنیا یەک لەدەی سەروەتێک کە لە زەمینەی بیناسازیدا (بۆ پۆڵ شویی) خراوەتە کار، بۆ کەشاورزی بەکار بهاتایە لە کوردستان، لەم بوارەدا ئیسرائیلێكی دیکە دروست دەبوو. پیشەسازی نەوت کە دەیتوانی دەرفەتێک بێت بۆ کردنی کوردستان بە سەرزەویەک بۆ ژیانێکی ئاسودە و ئازاد و یەکسان بۆ دانیشتوانەکەی، بووە بە ئامرازێک بۆ پەرەدان بە گەندەڵی لە نێوخۆدا و گوشاری سیاسی لە دەرەوە و بەنزین و نەوتی رۆژانەی خەڵکیش جیرە بەندیە.
لە بواری دیموکراسی پارلمانی و ساختاری حکومەتیشدا هەرچەند هه‌رێمی کوردستان لەم بوارەدا کەمێک لە وڵاتانی دەوروبەر و بەتایبەت لە ئێڕان و لە حكومەتی ناوەندی عێڕاق باشترە، بەڵام ئەمە هیچ هونەرێکی تێدا نییە. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان نەیتوانیوە لە پێوانەکانی رایج لە وڵاتانی پێشکەوتوی سەرمایەداری، لە بواری دیموکراسی پارلمانیشدا نزیک بێتەوە. ئەمە راستیەکی گشتیە کە لە نیزامی دیموکراسی پارلمانیدا لە هەمانحاڵدا کە سرشتێکی نادیموراتیکی هەیە، دیموکراسی تا کاتێک قه‌بوڵ دەکرێت کە هێرش نەکراوەتە سەر مالیکیەتی موقەدەسی سەرمایەداری. لەگەڵ بچوک ترین هێرش لەم بوارەدا، لات بازیەکانی لایەنگرانی سەرمایە لەدژی ئەم دیموکراسیەش دەست پێدەکات. بەڵام لە حکومەتی هەرێمی کوردستان مەسەلەکە لەوەش واوەتر چووە. لێرە دەکرێ سەرۆکی پارلمان دەربکەیت، نەهێڵی نوێنەرانی هەڵنژێرداوی خەڵک بێنەوە پارلمان و درگای وەزارەتخانەیەک بە رووی وەزیرەکەیدا دابخەیت. بۆچی؟ لەبەر ئەوەی وا پێده‌چێت لە خۆپیشاندانێکدا حیزبێکی پێوەندیدار لە سنوری خۆی پێی زیاتر راکێشابێت. حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەگەرچی ناوی حکومەتێکی واحید و یەکگرتوی لەخۆی ناوە، بەڵام بەکردەوە لە دوو ئیدارەی کەم و زۆر جیاواز پێکهاتوە و هەر لایەنە و ئەساسەن دیفاع لە بەرژەوەندی ناوچەی ژێر کۆنترۆڵی خۆی دەکات. ئەو سازمانە مەدەنیانەی کە دەیانتوانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی لە کوردستانی عێراق شکڵ پێبدەن، بەکردەوە بوونەتە پاشکۆی بێ ئازاری حیزبەکانیان و قەت نەیانتوانی پێگە و سیمایەکی کۆمەڵایەتی بەدەست بێنن. راگەیاندنی ئازاد سانسۆڕ ناکرێن، بەڵام دەنگیان لەژێر هەراوهوریای ئەو رۆژنامانەی بەخۆڕایی بڵاو دەکرێنەوە و کاناڵە تەلەویزیۆنیە پڕ زەرق بەرق و پڕ هەزینەکاندا کپ دەکرێت. لێرە و لەوێیش ئەگەر کەسێک لە سنوری خۆی ترازا، دەستێکی غەیبی گیانی لێ دەستێنێ.بەم وەسفەشەوە دەکرێ بە داهاتوی هەرێمی کوردستان هیوادار بین. لەبەر ئەوەی خەڵکەکەی بەم بارودۆخە رازی نەبوون و ملیان بۆ نەداوە. تەوەقوع و چاوەڕوانیان لە ژیان نەهاتۆتە خوارێ. ناڕەزایەتیەکانی ئەم هه‌فتانه‌ی دوایی و داواکاریەکی رەوا کە مەتڕەحی دەکەن، نیشانەی زیندوو بوونی ئەم کۆمەڵگایەیە. هەستیاری هاوسەنگی هێزی ئێستای نێوان ئەحزابی سیاسی حاکم دەرەجەیەک لە دیموکراسی بەکردەوە بەدی هێناوە کە هیچ لایەنێک توانایی بەتەواوەتی لەنێوبردنی ئەوەی نییە. دەورەیەکی دور و درێژ لە خۆڕاگری و خەباتیان لەگەڵ رژیمێکی جەنایەتکاری وەک رژیمی بەعس ناوەتە پشت سەر. لەم دەورەیەدا لە بەرانبەر هێزی کۆنەپەرست و دەژی ئینسانی داعشدا خۆڕاگریان کردوە و ئەمەش خۆی ورەی باوەڕبه‌خۆیی و هێزی بەخشیوەتە خەڵک تا لەبەرانبەر هێزە نێوخۆییەکانیشدا تەسلیم نەبن. هێزی مادی و راستەقینە بۆ گۆڕینی ئەم كۆمه‌ڵگایە له‌ئارادایه‌ و پێویستی بە حیزب و جەریانی رێبەری کۆنەندە هەیە. رەوتی گۆڕان کە دەیویست بە دروست کردنی گروپەکانی گوشاری کۆمەڵایەتی دەورێکی ریفۆڕم خوازانە بگێڕێ، بەکردەوە ئەو زەرفیەتانەی کە لەم بوارەدا هەیبوو سوتاند و خۆی بوو بە بەشێک لەو سیستەمە.