غه‌رق بوونی ژماره‌یه‌ك په‌ناخواز له‌ ئاوه‌كانی نێوان توركیه‌ و یونان

531
رۆژی شه‌ممه‌ ٢٥ی مانگی ره‌زبه‌ر، دوابه‌دوای نوقم بوونی به‌له‌مێكی هه‌ڵگری په‌ناخوازانێك كه‌ له‌ شاری “ئایلوالیك”ی توركیه‌وه‌ به‌ره‌و جه‌زیره‌ی “لیسبووس” ده‌چوون، لانیكه‌م ١٢ په‌ناخواز گیانیان له‌ده‌ستدا.
به‌ پێی راپۆرتی هه‌واڵنێرییه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان، ٢٥ په‌ناخوازیش له‌لایه‌ن هێزه‌كانی فریاكه‌وتنه‌وه‌ رزگار كران. گاردی ساحێلی یونان هه‌روه‌ها رایگه‌یاند كه‌ له‌ رووداوێكی جیادا هه‌ر له‌م رۆژه‌ پێنج په‌ناخوازی دیكه‌ له‌وانه‌ سێ منداڵ له‌ ده‌ریای ئێژه‌ غه‌رق بوون. هاوكات، كاربه‌ده‌ستانی توركیه‌ زیاتر له‌ ٥٠٠ كۆچبه‌ری سوری، ئه‌فغانستانی و فه‌له‌ستینیان له‌ ئۆستانی “چناق قه‌لعه‌”ی توركیه‌ بازداشت كرد. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ده‌وڵه‌تی راستگه‌رای مه‌جارستان له‌درێژه‌ی سیاسه‌تی نامرۆڤانه‌ و دژبه‌ كۆچبه‌رانه‌ی خۆیدا، سنووری وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ كورواسی له‌ یه‌كه‌م سه‌عاته‌كانی رۆژی شه‌ممه‌ ٢٥ی مانگی ره‌زبه‌ر له‌ به‌رامبه‌ر شه‌پۆلی په‌ناخوازان، مه‌سدود كرد. دوابه‌دوای ئه‌م كرده‌وه‌ی مه‌جارستان، په‌ناخوازانێك كه‌ به‌نیازن له‌ رێگای باڵكانه‌وه‌ به‌ره‌و ئوروپا بڕۆن، به‌ره‌و ئێسلۆنی رۆشتوون.