قبوڵ كردنی به‌رپرسایه‌تی هێرشه‌ تیرۆریستیه‌كه‌ی پاریس له‌لایه‌ن داعش

647
گروپی ئیسلامگه‌رای داعش له‌ راگه‌یاندنێكدا به‌رپرسایه‌تی هێرشه‌ تیرۆریستییه‌كه‌ی شه‌وی جومعه‌ ٢٢ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر له‌ پاریس پێته‌ختی فه‌رانسه‌ی وه‌ئه‌ستۆ گرت.
به‌ پێی به‌یانییه‌كه‌ی داعش، ٨ ئه‌ندامی ئه‌م گروپی ئیسلامییه‌ به‌ كه‌مه‌ربه‌ندی ته‌قینه‌وه‌، چه‌ك و موسه‌لسه‌ل له‌ چه‌ندین ناوچه‌ی ئه‌م شاره‌ عه‌مه‌لیاتیان ئه‌نجام دا. جێگای ئاماژه‌یه‌، به‌ پێی ئاماری ره‌سمی پۆلیسی فه‌رانسه‌، له‌ شه‌ش هێرشی تیرۆریستی له‌ پاریس ١٢٧ كه‌س كوژران و ١٨٠ كه‌سیش بریندار بوون كه‌ بارودۆخی جه‌سته‌یی ٨٠ كه‌س له‌ برینداره‌كان خراپ راگه‌یه‌ندراوه‌. “فه‌رانسوا ئولاند” سه‌رۆك كۆماری فه‌رانسه‌، هێرشه‌كانی داعشی وه‌ك “راگه‌یاندنی شه‌ڕ” ناولێبردووه‌. ناوبراو هه‌روه‌ها له‌ سه‌رتاسه‌ری ئه‌م وڵاته‌ بارودۆخی به‌په‌له‌ی راگه‌یاندووه‌ و بڕیاری داخستنی سه‌رجه‌م سنووره‌كانی فه‌رانسه‌ی داوه‌. هاوكات خه‌ڵكی فه‌رانسه‌ به‌ دانانی گۆڵ له‌ به‌رامبه‌ر سالۆنی “باتاكلان” رێزیان له‌ یادوبیره‌وه‌ری قوربانیانی ئه‌م هێرشه‌ جه‌نایه‌تكارانه‌ی تیرۆریستی ئیسلامی گرت.