قوربانیانی هه‌ڵه‌ی پزیشكی له‌ سه‌قز

477
له‌ ماوه‌ی یه‌ك هه‌فته‌ی رابردوودا دوو حاڵه‌تی هه‌ڵه‌ی پزیشكی له ‌شاری سه‌قز روویداوه‌ كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ لاوێك گیانی له‌ده‌ستدا و ژنێكیش بارودۆخێكی ته‌ندروستی تێكچووه‌. چه‌ند رۆژ له‌مه‌وبه‌ر هاوڵاتییه‌كی ته‌مه‌ن ٣٤ ساڵ سه‌ردانی پزیشكی تایبه‌تی نه‌خۆشخانه‌ی سه‌قزی كردووه‌. ئه‌م هاوڵاتییه‌ كه‌ ئازاری دڵی هه‌بووه‌، داوای چاودێری پزیشكی ده‌كات و پزیشكه‌ش له‌ جیاتی خستنه‌ ژێر چاودێری پزیشكیه‌وه‌، ته‌نیا ده‌وا و ده‌رمانی ئارامبه‌خشی بۆ نووسیوه‌. به‌ڵام ئه‌م هاوڵاتییه‌ هه‌ر له‌و ناوه‌نده‌ ده‌رمانییه‌ تووشی راوه‌ستانی دڵ ده‌بێت و گیانی له‌ده‌ست ده‌دات. له‌ لایه‌كی دیكه‌وه‌ هر له‌ ماوه‌ی هه‌فته‌ی رابردوودا ژنێكی دووگیان له‌لایه‌ن كارناس و شاره‌زایه‌كی “مامای”یه‌وه‌ عه‌مه‌ل ده‌كرێت كه‌ ئه‌م عه‌مه‌له‌ به‌ هۆی ناشاره‌زا بوونی ئه‌م كارناسانه‌وه‌ ده‌بێته‌ هۆی كون كردنی ره‌حه‌م و رێخوڵه‌ی ئه‌م نه‌خۆشه‌. ئه‌و ژنه‌ پاش ئه‌وه‌ی عه‌مه‌له‌كه‌ی بۆكراوه‌، بارودۆخی ته‌ندروستی تێكچووه‌ و ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی شاری سه‌قز كراوه‌.