قوربانییانی مێتڕۆی كیانشه‌هر

47
كه‌وتنه‌وه‌ی ڕووداو له‌ وێستگه‌یه‌كی مێتڕۆی نیوه‌ كاره‌ له‌ تاران بووه‌ هۆی گیان له‌ده‌ستدانی ٤ كرێكار و برینداربوونی ١٦ كرێكاری دیكه‌‌.
وته‌بێژی ڕێكخراوی ئاته‌ش نیشانیی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ڕایگه‌یاند كه‌ به‌شێك له‌ تۆنێلی نیوه‌ كاره‌ی مێتڕۆی “كیانشه‌هر” له‌ باشووری رۆژهه‌ڵاتی تاران، داڕووخاوه‌‌ و كرێكاران له‌ژێر دارووپه‌ردوودا ماونه‌ته‌وه‌. تیمه‌كانی فریاكه‌وتن له‌ ئه‌نجامی عه‌مه‌لیاتی ڕزگار كردنی ئه‌م كرێكارانه‌، توانیان ١٦ كه‌س ڕزگار بكه‌ن و ته‌رمی ٤ كرێكاری قوربانیش له‌ ژێر دارووپه‌ردوودا بكێشنه‌ ده‌رێ. كرێكارانی برینداربووش به‌ هۆی سه‌ختیی برینه‌كانیانه‌وه‌ گواستراونه‌ته‌وه‌ بۆ نه‌خۆشخانه‌. جێگه‌ی ئاماژه‌یه‌ له‌ مانگی جۆزه‌ردانی ئه‌مساڵیشدا، هه‌ڵكه‌ندنی مێتڕۆ له‌ غه‌ربی تاران بووه‌ هۆی ته‌قینه‌وه‌ی لووله‌ی گاز و گیان له‌ده‌ستدانی دوو كرێكاری مێتڕۆ. ئه‌م ڕووداوه‌ هه‌روه‌ها پچڕانی به‌ربڵاوی گاز، به‌رق، ئاو و خزمه‌تگوازیی ته‌له‌فوونیشی به‌دواوه‌ بوو.