قورسبوونه‌وه‌ی هێرشه‌كانی ئه‌رته‌شی توركییه‌ بۆ سه‌ر شاره‌كانی كوردستان

93q
له‌ به‌رامبه‌ر قورسبوونه‌وه‌ی هێرشه‌ نیزامییه‌كانی ده‌وڵه‌تی توركییه‌ بۆ سه‌ر شاره‌كانی كوردستان له‌ ساڵی تازه‌ی زایینیی، خۆڕاگریی جه‌ماوه‌ریی به‌ ئامانجی دیفاع له‌ ده‌ستكه‌وته‌كانیان و خۆ سه‌ریی دێمۆكراتیكیش درێژه‌ی هه‌یه‌.
راپۆرته‌ بڵاوكراوه‌كان باس له‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌ هێزه‌ ئه‌منییه‌تییه‌كان و ئه‌رته‌شی توركییه‌ به‌ مه‌به‌ستی چاوترسێن كردن و ده‌رپه‌ڕاندنی شارۆمه‌ندانی “جه‌زیره‌” ، تانك و تۆپی قورسیان له‌ ده‌ورانده‌وری ئه‌مشاره‌ دامه‌زراندووه‌ و هه‌ندێ له‌ گه‌ڕه‌كه‌كانیش ده‌ده‌نه‌ به‌ر په‌لامار. تا ئێستا زۆرێك له‌ بیناكان به‌ هۆی به‌ركه‌وتنی گولله‌ تۆپه‌كان، رووخاون. هێڵه‌كانی پێوه‌ندیی ئاو و به‌رقی چه‌ند به‌شێكی شار هه‌روا بڕاوه‌. رۆژی شه‌ممه‌ ١٢ی به‌فرانبار، له‌ شاری جه‌زێره‌، مناڵێك به‌ هۆی ته‌قه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌تییه‌كانی توركییه‌وه‌ كوژرا. خۆڕاگریی جه‌ماوه‌ریی له‌ شارستانی “سوور”یش پێی نایه‌ سی و سێهه‌مین رۆژی به‌رده‌وامه‌وه‌. رۆژی جومعه‌ نێزامییانی توركییه‌ به‌ تانك و ئۆتۆمبێلی زرێهی، چه‌ندینجار هێرشیان كرده‌ سه‌ر گه‌ڕه‌ك و ماڵەکانی ئه‌مشاره‌. به‌ڵام خۆڕاگریی یه‌كینه‌كانی پاراستنی سێڤیل، ئه‌وانی ناچار به‌ كشانه‌وه‌ له‌م گه‌ڕه‌كانه‌ كرد. شارستانی “سلۆپی” ماوه‌ی بیست ویه‌ك رۆژە، كه‌ له‌ گه‌مارۆی نیزامیی توركییه‌ دایه‌. خه‌ڵكی ئه‌مشاره‌ش به‌رده‌وام به‌ ئامانجی دیفاع له‌ خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریی و ده‌ستكه‌وته‌كانی هه‌تا ئێستایان خۆڕاگریی ده‌كه‌ن. هێزه‌ ئه‌منییه‌تییه‌كان رۆژی شه‌ممه‌ “ئامینه‌ ئه‌سمه‌ر” هاوسه‌رۆكی شاره‌وانیی ئه‌مشاره‌یان وێڕای رانه‌نده‌كه‌ی ده‌ستبه‌سه‌ر كردووه‌. هاوكات له‌ ئۆپه‌راسێونێكی “یه‌كینه‌كانی پاراستنی سێڤیل”وه‌ له‌دژی هێزه‌ ئه‌منییه‌تییه‌كانی توركییه‌ له‌ شارستانی “نه‌سیبین” كه‌ له‌ ٢٠ رۆژ له‌مه‌وبه‌ره‌وه‌ له‌ گه‌مارۆی نیزامییانی توركییه‌ دایه‌، ئۆتۆمبێلێكیی نیزامیی ته‌قیێندرایه‌وه‌ و چه‌ندین كه‌سیی نیزامیش بریندار بوون.