قوڵ تر بوونەوەی قەیرانی ئابووری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی

رۆژی ١٢ ی مانگی رەزبەر نامەی هۆشدار ئامێزی عەلی تەیب نیا، محەممەدڕەزا نێعمەت زادە، عەلی ڕەبیعی و حەسەن دێهقان وەزیرانی ئابووری، سەنعەت، کار و دیفاع بۆ حەسەن رۆحانی بەشێوەی ئاشکرا بڵاو کرایەوە. لە هێندێک بەشی نامەکەدا هاتوە: “لە مانگی بەفرانباری ساڵی ١٣٩٢ وە تا ئێستا بازاڕی سەرمایە … شاهیدی رکودێکی کەم وێنە بووە بە شێوەیەک کە لە ماوەی ئەم ١٩ مانگەدا ئەرزشی بازاڕ لەسەر بنەمای شاخسی قیمەت ٤٢ لەسەد کەم بۆتەوە و لەباری ئەرزشی بازاڕدا دابەزینێکی ١٨٠ هەزار ملیارد تمەنی بە خۆیەوە دیوە.” لە نامەکەدا بە ئاماژە کردن بە رکودی توندی ئابووری نووسراوە کە ترسی ئەوە هەیە کە ئەم رکودە ببێتە قەیرانێکی گەورە.
مالک رەحمەتی مودیر عاملی سەرمایەگوزاری سوبحان، کە نامەی وەزیرەکان بە قازانجی کەرتی تایبەت ئەرزیابی و ستایشی کردوە، نووسیەیەتی: “خاڵی جێی سرنج ئەوەیە ئەگەر دابەزینی ئەرزشی ١٨٠ هەزار ملیارد تمەنی ئەرزشی بازار قەیران نییە قەرارە چی ڕووبدات تا بە قەیران بزاندرێت؟!”لە بەشێکی دیکە لە نامەکەدا ئاماژە بە هاتنە خواره‌وه‌ی توانایی کڕینی خەڵک و مانەوەی ١٠٠ هەزار ماشێن لە عەمباری کارخانەکاندا کراوە و نووسراوە کە بارودۆخێکی هاوشێوە لە سەنعەتی فولاد، سەنعەتی مس، مەسکەن، سیمان، کاشی و سیرامیک و مەعدەنەکانیشدا رووی داوە.553

سێ وەزیر لە واژۆكارانی ئەو نامەیە، کە هەرکامە و بە شێوەیەک ده‌خاڵەتگەری بواری ئابووری وڵاتن، خەریکن باس لە راستیەک دەکەن کە چەندین جار لە لایەن کارناسانی ئابووری و سوسیالیسته‌كانه‌وه‌ ئاماژەی پێکراوە. هه‌ندێك لە ئابووری زانانی بورژوا نووسیان ئاوا نامەیەک لە لایەن ٤ وەزیرەوە بۆ سەرۆکی کابینە ئەویش لە قۆناغی دوای تەوافوقاتی هەستەییدا، بە جێگای سەرسوڕمان دەزانن. بەڵام لە وڵاتێکدا کە قوەی موجریەکەی “تەداروکات چی”یە و هەموو بڕیارە سەرەکیەکان لە لایەن فه‌رماندەی سەرەکی سپای پاسداران و پەیڕەوانی بەیتی ڕێبەریەوە دەدرێت و دەزگای گەندەڵ و گیرۆدەی شەڕی توندی جەناحی، توانای ئیجرای بڕیاره‌كانیشی نییە، نووسینی نامەیەکی لەمجۆرە جێگای سەرسوڕمان نییە.
رۆحانی لە دەورەی فەعالیەتەکانی هەڵبژارنیدا به‌ڵێنی دا کە بە سازش کردن لەگەڵ دەوڵەتانی رۆژئاوایی، لابردنی تەحریمەکان، هاتنی بەلێشاوی سەرمایەی کەڵان و تێکنولۆژی مۆدێڕن بۆ نێو وڵات، خسوسی سازی ڕاستەقینە، خەبات لەگەڵ تەوەڕوم، گەندەڵی و ڕانت خۆری، رەخساندنی هەلی کاری میلیۆنی و مەنتیقی کردنی حەقدەستەکان کەشتی لە قوڕ چەقیوی ئابووری ئێران رزگار دەکات. بەڵام ئێستا بۆی دەرکەوتوە کە نە تەنیا لە خەبات لەدژی ڕانت خۆری سپا و گەندەڵی نیهادینە بوودا کارێکی لەدەست نایەت بەڵکوو راکێشانی سەرمایەی دەرەکی و تێکنولۆژی مۆدێڕنیش کارێکی ئاسان نییە.
لەهەمان سەرەتاوە دیاربوو کە دەوڵەتی “رۆحانی” بۆ ئیجرا و بەرەوپێش بردنی مۆدێلی تەوسعەی ئابووری جێی سرنجی واتە بەرهەمهێنان بۆ ئیرائەدان لە بازاڕەکانی دنیادا و هێنانی پێداویستیەکان لەم بازاڕانەوە توشی کۆسپی جیدی دێت. لە دەورەی “رەفسەنجانی” بەملاوە لەژێر ناوی خوسوسی سازیدا بەشێکی زۆر لە ناوەند و دامەزراوەکانی بەرهەمهێنان خرانە ژێر دەسەڵاتی سپای پاسداران و ناوەندەکانی سەر بە بەیتی ره‌هبه‌رییه‌وه‌. لە ئێستادا سپا و ئەم ناوەندانە بوونەتە غولێکی ئابووری کە خاوەنی ئیمتیازاتی دەوڵەتین و کەرتی تایبەت توانایی رقابەتی لەگەڵیان نییە. سپا و ئەمجۆرە ناوەندانە لە ساختاری حکومەتی ئیسلامیشدا دەستڕۆیشتو ترن و دەوڵەتی رۆحانی توانایی کۆنترۆڵ کردنیانی نییە. بێجگە لەوەش دەوڵەتی رۆحانی بۆ ئیجرا و بەرەوپێش بردنی مۆدێلی ئابووری جێی سرنجی واتە راکێشانی سەرمایەی دەرەکی، هاندانی سەرمایە نێوخۆییەکان بۆ سەرمایە گوزاری لە مەیدانی بەرهەمهێنان و بەرهەمهێنان بۆ بازارە جیهانیەکان نە تەنیا بەرەوڕووی کۆمەڵێک مەحدودیەتی تێکنولۆژێک و سەنعەتی ژێرخانە ئابووریەکان بۆتەوە، بەڵکو بۆ دروست کردنی پێکهاتەی حقوقی و ئیداری گونجاو لەگەڵ پێداویستیەکانی ئۆلگوی ئابووری جێی سرنجی توشی گەلێک کۆسپی جیدی لە پێکهاتەی سیاسی نیزامی کۆماری ئیسلامیدا هاتوە. کۆنترۆڵی سپای پاسداران بەسەر زیاتر لە ٧٠ لەسەدی ئابووری ئێراندا و کرداری مافیاییانەی و نیزامی حقوقی، ئیداری و فەرهەنگی ئیسلامی حاکم، بەری بە کردار و جوڵانەوەی ئاسایی و موتەعارفی سەرمایەداری ئێران گرتوە.لەمرۆدا و دوای تەوافوقی هەستەیی لەگەڵ دەوڵەتانی رۆژئاوایی ٤ کەس لە مەئمورە ئەمنیەتی و ئیتلاعاتیەکان، کە لیباسی وەزارەتیان لەبەردایە، دەڵێن بارودۆخی ئابووری فەلاکەتبارە. ئەوان بەشێوەی ناڕاستەوخۆ و لە رێگای هێنانی ئیمزای وەزیری دیفاع بۆ ژێر نامەکەیان سەبارەت بە مەترسی ئەگەری ئاخیزە وێرانگەرەکانی خەڵک هۆشداری ئەدەن.لە بارودۆخی درێژەی قەیرانی ئابووری جیهانی و بەرینتر بوونەوەی بزوتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵکی ناوچەکە و لە بارودۆخی توند بوونەوەی قەیرانەکانی کۆماری ئیسلامیدا ئیتر ناکرێت خەڵک بە سەرکوت و دانی وەعدەی پوچ و بێ ناوەرۆک بێدەنگ بکەیت. کاسەی سەبری کرێکاران و خەڵکی ناڕازی خەریکە پڕ دەبێت.لە بارودۆخێکدا کە ئاسۆی رزگاری بوونی کۆماری ئیسلامی لە چنگاڵی قەیرانە هەمە لایەنەکان تاریک و لێڵە، پێویستە رێبەران و پێشڕەوانی بزوتنەوەی کرێکاری و باقی بزوتنەوە کۆمەڵایەتیەکان ناڕەزایەتەیکانی ئێستا و خەباتی پڕژوبڵاوی کرێکاران، موعەلیمان، ژنان و باقی توێژی بێبەشی کۆمەڵگە بەیەکەوە گرێ بدەن. پەرەسەندن و بەیەکەوە پەیوەست بوونی ئەم خەباتانە تەنیا ئەهرومێکە کە دەتوانێ هێزی سەرکوتی رژیم، زەمینگیر بکات و یارمەتی کرانەوەی فەزای سیاسی کۆمەڵگا بدات و پەروەندی حاکمیەتی سیاسی بە رووی کۆمەڵگادا بکاتەوە.لە ئاوا بارودۆخێکدا هاوکاری هێزەکانی بزوتنەوەی کومونیستی ئێران لە دەوری مەنشوری روخاندنی شۆڕشگێڕانەی رژیمی کۆماری ئیسلامی زەمینەی رەوانی و سیاسیە گونجاوەکان بۆ هاوکاری و ئیتیحاد عەمەلی بەرینی هەڵسوڕاوانی گرایشاتی جۆراوجۆری چەپ لە ناخی کۆمەڵگادا فەراهەم دەکات. مانا کردنەوەی چەمکی روخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی بە ئامانجی بەدەستەوە گرتنی دەسەڵات لە لایەن کرێکاران و ئامادە کردن و راگەیاندنی روونی ئەو ویست و داواکاریانەی ریشەیان لە راستیەکانی نێو کۆمەڵگادایە، ئەو لانیکەمانەن کە هێزەکانی نێو بزوتنەوەی کومونیستی ئێران دەتوانن لە دەوریان بگەنە بۆچونێکی هاوبەش. مەنشورێک کە داواکاریە مێحوەریەکانی بزوتنەوەی کرێکاری و باقی بزوتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتیەکان لە بارودۆخی ئێستادا دەرببڕێت، دەتوانێ ببێتە ئاڵای خەباتی کرێکاران، ژنان و توێژی زۆرلێکراوی کۆمەڵگە لە خەبات لەدژی رژیمی کۆماری ئیسلامی. دەستڕاگەیشتن بە مەنشورێکی متالباتی وەک یەک کە ببێتە بنەمای هاوکاری و فەعالیەتی هاوبەشی هێزەکانی بزوتنەوەی کومونیستی و کاردانەوەی خێرا و لە کاتی خۆیدا لە بەرانبەر ئەو رووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتیانەی کە هەرکام بەجۆرێک پەیوەندیان بە ژیان و خەباتی کرێکاران و توێژی زۆر لێکراوی کۆمەڵگاوە هەیە، ئەو میکانیزمە سیاسیانەن کە یارمەتی پێکهاتنی جەمسەرێکی سیاسی بەهێزی چەپ لە کۆمەڵگادا ئەدەن.