كارزاری دیفاع له‌ كرێكارانی زیندانی و زیندانیانی سیاسی له‌ كانادا

266y
ته‌شكیلاتی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی حێزبی كۆمۆنیستی ئێران واحێدی كانادا له‌ بانگه‌وازێكدا، هه‌واڵی به‌ڕێوه‌بردنی كارزاری دیفاع له‌ كرێكارانی زیندانی و زیندانیانی سیاسی له‌ “كانادا”ی راگه‌یاند.له‌م بانگه‌وازه‌دا راگه‌یه‌ندراوه‌: “ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری و سیاسی له‌ زیندانه‌كانی كۆماری ئیسلامی به‌سه‌ر ده‌به‌ن و گوشاری رژیم بۆسه‌ر باقی هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری و خه‌ڵكی ئازادیخواز هه‌ر رۆژه‌ په‌ره‌ده‌سێنێت. له‌ رووداوه‌كانی ئه‌م دواییانه‌دا له‌ شاری مهاباد و ناڕه‌زایه‌تی گشتی خه‌ڵك و باقی شاره‌كانی كوردستانیش ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ خه‌ڵكی ناڕازی ده‌ستبه‌سه‌ركران و ئه‌گه‌ری ئه‌وه‌ش هه‌یه‌ كه‌ شه‌پۆلی ده‌ستبه‌سه‌ر كردنه‌كان په‌ره‌بسێنێت. به‌مه‌به‌ستی ئاگادار كردنه‌وه‌ی هه‌رچی زیاتری بیروڕای گشتی، كومیته‌ی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی حێزبی كۆمۆنیستی ئێران، بانگه‌وازی كارزارێكی سه‌رتاسه‌ری بۆ دیفاع له‌ كرێكارانی زیندانی و زیندانیانی سیاسی بۆ رۆژی شه‌ممه‌ ٣٠ی مانگی مه‌ی داوه‌.” ته‌شكیلاتی ده‌ره‌وه‌ی وڵاتی حێزبی كۆمۆنیستی ئێران واحێدی كاناداش له‌ سه‌رجه‌م هێزه‌كان و حێزبه‌ چه‌پ و كۆمۆنیست و ئازادیخوازه‌كان ده‌عوه‌تی كردووه‌ تا به‌م حه‌ره‌كه‌ته‌ ناڕه‌زایه‌تییه‌وه‌ په‌یوه‌ست بن.