كرێكاران،كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی زه‌حمه‌تكێشی كوردستان!

1mayk

له‌ ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌یدا له‌و مه‌ڕاسمه‌ ده‌وڵه‌تییانه‌ی كه‌ كۆماری ئیسلامی به‌ ناوی رۆژی كرێكار به‌رپایان ده‌كا، به‌شداری مه‌كه‌ن.
كۆماری ئیسلامی رژیمی نوێنه‌ر و پشت و په‌نای سه‌رمایه‌دارانی چه‌وسێنه‌ر و مفته‌خۆر، رژیمی سه‌به‌بكاری برسیه‌تی و بێ‌به‌شی و هه‌ژاری ئێوه‌، ده‌یهه‌وێ‌ به‌ به‌رپاكردنی مه‌راسمی فه‌رمایشی له‌ رۆژی كرێكاردا، كرێكاران وه‌ك جه‌ماوه‌رێكی بێ‌ده‌نگ و رام و ده‌سته‌مۆ له‌ ژێر چه‌تری سه‌روه‌ری خۆیدا كۆ بكاته‌وه‌ و بیانكاته‌ گوێگری ته‌بلیغاتی ده‌غه‌ڵكارانه‌ی سه‌رمایه‌دارانی خۆێن مژ و ئاخوونده‌كانی به‌سیج، هه‌تا له‌ سه‌ر مینبه‌ری حكوومه‌ته‌وه‌ ئامۆژگاری كرێكاران بكه‌ن بۆ قه‌ناعه‌ت به‌ ژیانی هه‌ژارانه‌تر و رازی بوون به‌ كار و هیلاكی زیاتر و حه‌قده‌ستی كه‌متر.
كرێكاران له‌ رۆژی ئه‌ووه‌ڵی مانگی مه‌ی دا بۆ ئه‌وه‌ كۆنابنه‌وه‌ كه‌ گۆی له‌ ئامۆژگاری و رێنمایی سه‌رمایه‌داران و نوێنه‌ره‌ فریوكارانه‌كانیان بگرن.
كرێكاران له‌و رۆژه‌ دا كۆده‌بنه‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی كه‌ یه‌كگرتوویی و عه‌زمی خۆیان بۆ گۆڕینی نیزامی چه‌وسانه‌وه‌ و فه‌قر و ژان و ئازار رابگه‌یه‌نن و بڵێن كه‌ له‌ ده‌سه‌ڵات و سه‌روه‌ری چه‌وسێنه‌ران بێزارن و ده‌یانهه‌وێ‌ ده‌سه‌ڵاتی خۆیان دامه‌زرێنن.له‌و رۆژه‌دا، نابێ رێگا بدرێ هیچ سه‌رمایه‌دارێكی چه‌وسێنه‌ر و هیچ نوێنه‌ر و قسه‌كه‌رێكی ده‌وله‌ت و سه‌رمایه‌داران خوتبه‌ بۆ كرێكاران بخۆینن.جه‌ماوه‌ری كرێكاران مه‌راسمه‌ فه‌رمایشییه‌كانی ده‌وله‌ت و خاوه‌نكاران ته‌حریم ده‌كه‌ن و به‌شداری تێدا ناكه‌ن. ئه‌و رۆژه‌ رۆژی جه‌ژنی سه‌ربه‌خۆیی ریزه‌كانی كرێكارانه.با كرێكاران له‌و رۆژه‌دا، دوور له‌ ناوچه‌وانی گرژ و نه‌حسی خاوه‌نانی سه‌رمایه‌ و ده‌سه‌ڵات، جه‌ژنی سه‌ربه‌خۆی خۆیان به‌رپا بكه‌ن.به‌ وتار، به‌ شیعر، به‌ بانگه‌واز، به‌ ده‌ركردنی بڕیارنامه‌، به‌شایی وخۆشی و سروود و مۆسیقا، كۆڕی خۆیان گه‌رم كه‌ن و بچنه‌ پێشوازی جیهانی به‌خته‌وه‌ری و كامه‌رانی خۆیان.

بژی ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی!
بۆ پیشه‌وه‌ به‌ره‌و پته‌وتر كردنی ریزی سه‌ربه‌خۆی كرێكاران
كۆمه‌ڵه‌ _ رێكخراوی كوردستانی حیزبی كۆمۆنیستی ئیران