كورته‌ مێژوویه‌ك له‌سه‌ر ٨ی مارس رۆژی جیهانی ژن

ئا: په‌روین عه‌لی مورادی
رێكه‌وتی ٨ی مارسی ساڵی ١٨٧٥، ژنانی كرێكاری كارگه‌كانی قوماش دووری‌و جل دووری له‌ نیۆیۆركی ئه‌مریكا رژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌كان‌و خوازیاری زیاد كردنی رێژه‌ی حه‌قده‌سته‌كان، كه‌م كردنه‌وه‌ی سه‌عاتی كار‌و باشتر كردنی بارودۆخی زۆر ناله‌باری كارییان بوون. به‌ڵام ئه‌م خۆپیشاندانه‌ به‌ ده‌ستێوه‌ردانی پۆلیس كێشرایه‌ توندوتیژی‌و ژنانیان دایه‌ به‌ر لێدان‌و ئه‌زیه‌ت‌و ئازار‌و بێ‌رێزیان پێكردن.
ساڵی ١٩٠٧ له‌ ده‌وره‌یه‌كدا كه‌ خه‌باتی ژنان بۆ دابین كردنی مافه‌ سیاسی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان په‌ره‌ی سه‌ندبوو، به‌‌بۆنه‌ی په‌نجاهه‌مین ساڵڕۆژی خۆپیشاندانی نیۆیۆرك له‌ ٨ی مارس، ژنان خۆپیشاندانێكیان وه‌ڕێخست.
پێشنیاری هه‌ڵبژاردنی رۆژێك له‌ ساڵ وه‌ك “رۆژی ژن” یه‌كه‌م جار له‌ جه‌ریانی خه‌باتی ژنانی نیۆیۆرك له‌ ژێر دروشمی “مافی ده‌نگدان بۆ ژنان” هاته‌ گۆڕێ.
دوو هه‌زار ژنی خۆپیشانده‌ر له‌ ٢٣ی فێڤریه‌ی ١٩٠٩ پێشنیاریان كرد كه‌ هه‌موو ساڵێك له‌ رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی كۆتایی مانگی فێڤرییه‌دا، خۆپیشاندانێكی سه‌رتاسه‌ری له‌ ئه‌مریكا به‌ بۆنه‌ی “رۆژی ژن” به‌ڕێوه‌بچێت.
له‌ ساڵی ١٩٠١٠ و له‌ “دووهه‌مین كۆنفڕانسی ژنانی سوسیالیست” كه‌ “كلارا زتكین” یه‌كێك له‌ رێبه‌رانی بوو، ئه‌م ژنه‌ كۆمۆنیست و سوسیالیسته‌ پێشنیاری كرد كه‌ “رۆژێكی جیهانی بۆ ژنان” دیاری بكرێت. پێشتر ژنانی سوسیالیستی ئۆتریشی رۆژی “ئه‌وه‌ڵی مانگی مه‌ی”یان پێشنیاز كردبوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ڵی مانگ مه‌ی، تایبه‌تمه‌ندییه‌كی دیكه‌ی هه‌بوو كه‌ ده‌یتوانی گرینگی مه‌سه‌له‌ی ژنان تێدا ون بێت یان بكه‌وێته‌ په‌راوێزه‌وه‌.
ژنانی سوسیالیستی ئاڵمان، رۆژی ١٩ی مانگی “مارس”یان پێشنیار كرد. بۆنه‌ و گرینگی ئه‌م رۆژه‌، خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌ی کۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی ئه‌و وڵاته‌ له‌ ساڵی ١٨٤٨ له‌ دژی رژیمی پاشایه‌تی پرۆس بوو كه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ویست‌و داخوازییه‌كانی ئه‌واندا له‌ ١٩ی مارسی هه‌مان ساڵ، ملی كه‌چ كردو به‌ڵێنی به‌ جه‌ماوه‌ری ئه‌و وڵاته ‌دا كه‌ داخوازییه‌كانیان جێبه‌جێ ده‌كات. یه‌كێك له‌و خواستانه‌ “مافی ده‌نگدان بۆ ژنان” بوو. “دووهه‌مین كۆنفڕانسی ژنانی سوسیالیست”، رۆژی به‌ڕێوه‌بردنی یه‌كه‌م مه‌راسمی “رۆژی ژن”یان ١٩ی مارسی ١٩١١ دیاری كرد. بڕیاری قه‌تعی و نیهایی له‌سه‌ر دیاری كردنی “رۆژی جهانی ژن” بۆ دواتر، دواخرا.

11013294_1405138966464251_4051483539535925173_n
دوای بڵاو كردنه‌وه‌ی بڕیارنامه‌ی كۆنفڕانس سه‌باره‌ت به‌ دیاری كردنی “رۆژی جیهانی ژن”، ئه‌نترناسیوناڵی دووهه‌م له‌م بڕیاره‌ پشتیوانی كردو‌ یه‌كه‌م ته‌شیكلاتێك بوو كه‌ ئه‌م رۆژه‌ی به‌ره‌سمی ناسی.
١٩ی مارسی ١٩١١ شه‌قامه‌كانی ئاڵمان، ئۆتریش، سوئیس و دانمارك به‌ مارشی ژنان كه‌وته‌ له‌رزین. ژماره‌ی ژنانی خۆپیشانده‌ر له‌ ئۆتریش گه‌یشته‌ ٣٠ هه‌زار كه‌س. هێزه‌كانی پۆلیس هێرشیان كرده‌ سه‌ر خۆپیشاندانه‌كه‌و ده‌ستیان كرد به‌ لێدانی ژنان و ژماره‌یه‌كیشیان لێ‌ده‌ستبه‌سه‌ر كردن.
ساڵی ١٩١٣ “ده‌بیرخانه‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی ژنان” (یه‌كێك له‌ ناوه‌نده‌كانی سوسیالیستی دووهه‌م)، بۆ رێزگرتن له‌ یادوبیره‌وه‌ری ژنانی كرێكار له‌ ئه‌مریكا، ٨ی مارسی وه‌ك “رۆژی جیهانی ژن” هه‌ڵبژارد. هه‌ر له‌و ساڵه‌دا، ژنانی زه‌حمه‌تكێش و ژنانی روناكبیری شۆڕشگێڕ له‌ روسیه‌ی تێزاری و له‌ سه‌رتاسه‌ری ئه‌وروپا، رێوڕه‌سمی “٨ی مارس”یان به‌ شێوه‌ی خۆپیشاندان و میتینگ به‌ڕێوه‌برد.
له‌ ساڵی ١٩١٤ شه‌ڕی یه‌كه‌می جیهانی ده‌ستی پێكرد. له‌ ئه‌وروپا كه‌ ناوه‌ندی شه‌ڕ بوو، ژنانی شۆڕشگێڕ توانیان خۆپیشاندانی ٨ی مارسی ١٩١٥ و ١٩١٦ له‌ ژێر دروشمی سه‌ره‌كی “دژ به‌ شه‌ڕی ئه‌مپریالیستی”، به‌ڕێوه‌ببه‌ن. له‌ وڵاتانی ده‌رگیری شه‌ڕ، چینه‌ جیاجیاكانی كۆمه‌ڵگا به‌ دوو ده‌سته‌ی “لایه‌نگرانی شه‌ڕ و نه‌یارانی شه‌ڕ” دابه‌ش كرابوون و ئینشقاق و ئینشعاب له‌ ریزی بزووتنه‌وه‌ی ژنان، پێشی له‌ به‌ڕێوه‌چوونی سه‌رتاسه‌ری و به‌ربڵاوی “رۆژی جیهانی ژن” گرت.
له‌ ساڵی ١٩١٧ خۆپیشاندانی ژنانی كرێكار له‌ پێترۆگراد له‌ دژی برسیه‌تی‌و شه‌ڕو تێزاریسم، بانگی ده‌ستپێكی شۆڕشی روسیه‌ بوو. كرێكارانی شار بۆ پشتیوانی له‌م خۆپیشاندانه‌، مانگرتنی گشتیان راگه‌یاند. ٨ی مارسی ١٩١٧ بووه‌ رۆژێكی له‌بیرنه‌كراوه‌و زیندوو له‌ مێژووی شۆڕشی رووسیادا.
ساڵی ١٩٢١، “كۆنفڕانسی ژنانی ئه‌نترناسیوناڵی سێهه‌می كۆمۆنیستی” له‌ موسكۆ به‌ڕێوه‌چوو. له‌و كۆنفڕنسه‌دا رۆژی ٨ی مارس وه‌ك “رۆژی جیهانی ژن” په‌سه‌ند كرا. كۆنفرانس، ژنانی سه‌رتاسه‌ری جیهانی بۆ‌ خه‌بات له‌ دژی سیستمی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ و بۆ پێڕاگه‌یشتن به‌ خواسته‌كانیان، بانگهێشت كرد.
له‌ نیوه‌كانی ده‌یه‌ی ١٩٣٠ دا، جارێكی دیكه‌ جیهان به‌ره‌و شه‌ڕی جیهانی نوێ هه‌نگاوی هه‌ڵگرت. به‌ڕێوه‌چوونی خۆپیشاندانی “رۆژی جیهانی ژن” له‌ وڵاتانێك كه‌ له‌ ژێر سه‌یتره‌‌و حاكمیه‌تی فاشیزم دا بوون، نایاسایی راگه‌یه‌ندرا. سه‌ره‌ڕای ئه‌م قه‌ده‌غه‌ بوونه‌، له‌ ٨ی مارسی ١٩٣٦ دا، ژنان له‌ “بێرلین”ی ئاڵمان خۆپیشاندانیان وه‌ڕێخست. له‌ هه‌مان رۆژدا، سپانیای فاشیست شاهیدی خۆپیشاندانی ٨ی مارس له‌ “مادرید” بوو. ٣٠ هه‌زار ژنی كۆمۆنیست‌و كۆماریخواز، دروشمی “ئازادی و ئاشتی”یان دووپات ده‌كرده‌وه‌.
دوابه‌دوای شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی، شۆڕشه‌كان‌و بزووتنه‌وه‌ رزگاریخوازه‌كان له‌ چه‌ندین وڵاتی جیاجیادا كه‌وته‌ رێ. ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ژنان‌و پیاوانی “چین”ی له‌ ماوه‌یه‌كی كورتدا هه‌نگاوگه‌لێكی گه‌وره‌یان بۆ رزگار كردنی ژنان، هه‌ڵگرت. له‌و ساڵانه‌دا، زۆرتر ده‌وڵه‌ته‌كان‌و ته‌شكیلاتی پێشكه‌وتنخواز و شۆڕشگێڕ بۆ به‌ڕێوه‌بردنی “رۆژی جیهانی ژن” هه‌وڵیان ده‌دا.
له‌ ده‌یه‌ی ١٩٦٠، له‌ وڵاتانی ئاسیا و ئه‌فریقا و ئه‌مریكای لاتین بزووتنه‌وه‌گه‌لێكی پێشكه‌وتنخواز سه‌ریان هه‌ڵدابوو. له‌ وڵاتانی سه‌رمایه‌داری پێشكه‌وتووش بزووتنه‌وه‌كان‌و خه‌باتی شۆڕشگێڕانه‌ و پێشكه‌وتنخواز چالاكییه‌كانی خۆیان په‌ره‌پێدابوو و بزووتنه‌وه‌ی رزگاریخوازی ژنانیش به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رچاو په‌ره‌ی سه‌ندبوو.
له‌ ئه‌مریكاو ئه‌وروپا، ژنان له‌ دژی داب‌و نه‌ریت‌و یاسا پیاوسالارانه‌كان و یاساكانی كلیسا، راپه‌ڕین. له‌ بزووتنه‌وه‌ی ژنان باسگه‌لێكی وه‌ك: مافی ته‌ڵاق (جیابوونه‌وه‌)، مافی له‌بار بردنی كۆرپه‌له‌، خولقاندنی ده‌رفه‌تی پیشه‌یی، قه‌ده‌غه‌ كردنی ئه‌زیه‌ت‌و ئازاری جنسی، به‌ چاوی سوك سه‌یر كردنی ژنان، كه‌م كردنه‌وه‌ی سه‌عاتی كاری رۆژانه‌ و … هاته‌گۆڕێ. ئه‌م بزووتنه‌وه‌یه‌ توانی له‌ هه‌ندێك له‌م بوارانه‌دا به‌ره‌وپێش بڕوات.
له‌ خۆپیشاندانی ٨ی مارسی ١٩٦٩ ژنان له‌ زانكۆی “بێركلی” ئه‌مریكا كۆبوونه‌وه‌ و له‌ دژی شه‌ڕ له‌ “ویتنام” خۆپیشاندانیان وه‌ڕێخست.
له‌ ساڵی ١٩٧٧، رێكخراوی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان له‌ بڕیارنامه‌یه‌كدا ٨ی مارسی له‌ ژێر ناوی “رۆژی مافه‌كانی ژنان‌و ئاشتی نێونه‌ته‌وه‌یی”، له‌ ساڵنامه‌ی ره‌سمی خۆیدا سه‌بت‌و تۆمار كرد.
دوای كۆتایی هاتنی شه‌ڕی دووهه‌می جیهانی و به‌ تایبه‌ت له‌ كۆتاییه‌كانی ده‌یه‌ی ١٩٧٠، به‌ گه‌شه‌سه‌ندنی سه‌رمایه‌داری له‌ وڵاتانی دواكه‌وتوودا، ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ژنان به‌ كارو خوێندنه‌وه‌ (ته‌حصیل) سه‌رقاڵ بوون. به‌ڵام له‌ هه‌مان حاڵدا، ژنان هه‌روا له‌ كۆمه‌ڵگادا پله‌ی ده‌ره‌جه‌ دوویان هه‌یه‌و له‌ كۆت‌و به‌ندی نیزامی پیاوسالاردا گیریان خواردووه‌.
به‌ سه‌رنجدان به‌ بارودۆخی خراپ‌و ناله‌باری ژنان له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان و به‌ تایبه‌ت ژنانی كرێكار له‌ وڵاتانێك كه‌ له‌سه‌ر بنه‌مای دین حكومه‌ت ده‌كه‌ن، بزووتنه‌وه‌كانی ژنان بۆ به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانیان، تێده‌كۆشن‌و خه‌بات ده‌كه‌ن. ژنانی ئێران له‌ خۆپیشاندان‌و ئه‌و كۆبوونه‌وانه‌ی كه‌ رێكه‌وتی ٨ی مارسی ٢٠٠٣ له‌ تاران و باقی شاره‌كانی ئێران به‌ڕێوه‌یان برد، وێڕای باس كردنی خواسته‌ ئینسانی‌و كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كانی خۆیان، خوازیاری به‌ ره‌سمی ناسینی ٨ی مارس وه‌ك رۆژی جیهانی ژن، له‌ ساڵنامه‌ی ره‌سمی ئه‌و وڵاته‌دا بوون. هه‌رچه‌ند ئه‌م خواسته‌ی ئه‌وان‌ له‌ لایه‌ن حكومه‌تی كۆنه‌په‌ره‌ستی كۆماری ئیسلامیه‌وه‌ په‌سه‌ند نه‌كراو قه‌تیش ناكرێت، چوونكه‌ ئه‌م رژیمه‌ رۆژی له‌دایك بوونی “فاتیمه‌ی زارا” كچی محه‌ممه‌دی وه‌ك رۆژی ژن راگه‌یا‌ندووه‌. كۆماری ئیسلامی ژنی نمونه‌ به‌ ژنێك ده‌ڵێت كه‌ هاوسه‌رێكی باش واته‌ گوێڕایه‌ڵی مێرده‌كه‌ی بێت و به‌قسه‌ی مێرده‌كه‌ی بكات، جله‌كانی بۆ بشۆرێ، ماڵی بۆ خاوێن كاته‌وه‌، خزمه‌تی دایك‌و باوكی‌و كه‌س‌و كاری مێرده‌كه‌ی بكات و منداڵی بۆ به‌خێو بكات. ژنی باش‌و دایكی باش له‌ روانگه‌ی كۆماری ئیسلامییه‌وه‌ یه‌عنی به‌ هه‌موو شێوازێك خزمه‌تی مێرده‌كه‌ی بكات‌و له‌ به‌رامبه‌ر سه‌ختیه‌كانی ژیاندا ناڕه‌زایه‌تی ده‌رنه‌بڕێت. ئه‌گه‌ر ئه‌مانه‌ی نه‌كرد چیتر ژنێكی باش نییه‌و به‌لاڕێدا چووه. به‌ڵام خۆشبه‌ختانه‌ به‌ سابقه‌و پێشینه‌یه‌ك كه‌ بزووتنه‌وه‌كانی ژنانی ئێرانی هه‌ر له‌ شۆڕشی مه‌شتروته‌وه‌ بگره‌ تا شۆڕشی ٥٧، ئه‌وه‌مان پێی نیشان ده‌دات كه‌ ئه‌وان له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌م هه‌مووه‌ بێ مافی و بێ عه‌داڵه‌تییه‌ بێده‌نگ نابن‌و له‌ هه‌ر ده‌رفه‌تێك كه‌ڵك وه‌رده‌گرن تا ده‌نگی ناڕه‌زایه‌تی و ئێعترازی خۆیان به‌رز بكه‌نه‌وه‌و به‌ گوێی جیهانیان بگه‌یه‌نن. بۆ نمونه‌ خۆپیشاندانه‌كانی ساڵی ١٣٨٨ی ئێرانمان له‌بیره‌ كه‌ ژنان به‌ چ هێزێكی به‌هێزه‌ هاتنه‌ مه‌یدان‌و ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان قۆزته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌یكه‌ له‌ دژی نابه‌رابه‌رییه‌كانی كۆمه‌ڵگا ده‌نگ هه‌ڵبڕن كه‌ له‌ ئاكامی ئه‌م خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌دا، چه‌ندین ژنی بوێرو تێكۆشه‌ر له‌ لایه‌ن هێزه‌ كۆنه‌په‌ره‌سته‌كانی جمهوری ئیسلامییه‌وه‌ كوژران‌و له‌م پێناوه‌دا گیانی ئازیزیان به‌ختكرد.
كۆماری ئیسلامی ترسی لێنیشت هه‌موو هه‌وڵێكی خۆی خسته‌گه‌ڕ كه‌ بزووتنه‌وه‌كانی ژنان له‌ناو ببات. به‌م شێوه‌یه‌ ده‌یان‌و بگره‌ سه‌دان ژنی چالاكیی، قۆڵبه‌ست و راپێچی زیندانه‌كان كرد. ژنان له‌ زیندانه‌كانی كۆماری ئیسلامی ئه‌شكه‌نجه‌‌و ئازار دران، زیندانی درێژ ماوه‌یان بۆ بڕایه‌وه‌، له‌ چالاكییه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان بێبه‌ش كران‌و هه‌وڵی خانه‌نشین كردنیان درا، به‌ڵام سه‌ره‌ڕای ئه‌مانه‌ وره‌ به‌رزتر له‌ جاران له‌سه‌ر ویست‌و داخوازییەکانیان پێداگری ده‌كه‌ن‌و له‌ خه‌بات‌و چالاكییه‌كانیان پاشگه‌ز نه‌بوونه‌ته‌وه‌و نابنه‌وه‌.
رۆژی ٨ی مارس له‌ هه‌موو ژنان‌و پیاوانی ئازادیخوازو به‌رابه‌ریخواز له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان پیرۆز بێت. به‌ هیوای جیهانێكی به‌دوور له‌ هه‌رجۆره‌ زوڵم‌و ستم‌و نابه‌رابه‌رییه‌ك.