كوروش به‌خشه‌نده‌ هه‌ڵسووڕاوی سوسیالیستی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری ماڵاوایی له‌ژیان كرد

737
به‌ پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو، رۆژی پێنجشه‌ممه‌ ١٤ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، هه‌ڵسووڕاوی سوسیالیستی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری كوروش به‌خشه‌نده‌ له‌‌ شاری سنه‌ به‌ هۆی ئیستی قه‌لبی ماڵاوایی له‌ ژیان كرد.
كوروش به‌خشه‌نده‌ هه‌ڵسووڕاوی كرێكاری و له‌ ئه‌ندامانی كومیته‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ یارمه‌تیدان به‌ پێكهێنانی رێكخراوه‌ كرێكارییه‌كان و ئه‌ندامی هه‌یئه‌ت ئیجرایی كومیته‌ی دیفاع له‌ كرێكارانی مهاباد سه‌عات ١ و نیوی دوانیوه‌ڕۆ له‌ نزیك ماڵه‌كه‌ی تووشی سه‌كته‌ی قه‌لبی بوو و گیانی له‌ده‌ستدا. كوروش به‌خشه‌نده‌ هه‌ڵسووڕاوی كرێكاری و له‌ خه‌باتكارانی ماندوویی نه‌ناسی چینی كرێكار له‌ ته‌مه‌نی ٥٦ ساڵیدا له‌ حاڵێكدا گیانی له‌ده‌ستدا كه‌ له‌ لایه‌ن ئۆرگان و ناوه‌نده‌ ئه‌منیه‌تییه‌كانی رژیمی كۆماری ئیسلامی به‌رده‌وام له‌ ژێر گوشاردا بوو. ئه‌م هه‌ڵسوواوه‌ كرێكارییه‌ له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا به‌رده‌وام له‌ژێر گوشار، بازداشت هه‌ڕه‌شه‌ی رژیمدا بوو. هه‌ر له‌م دواییانه‌دا مانگی ره‌شه‌ممه‌ی ساڵی ٩٣ ده‌ستبه‌سه‌ر و دوای تێپه‌ڕ كردنی دوو مانگ، مانگی گوڵانی ئه‌مساڵ به‌ قه‌راری وه‌سیقه‌ی ١٠٠ میلیون تمه‌نی ئازاد كرا. پاشان مانگی ره‌زبه‌ری ئه‌مساڵ دادگای رژیم ناوبراو به‌ تۆمه‌تی “ئه‌ندامیه‌تی له‌ حێزبێكی نه‌یاری رژیم، به‌شداری له‌ مه‌راسم و رێپێوانی ناڕه‌زایه‌تی و هه‌روه‌ها ئه‌ندامیه‌تی له‌ كومیته‌ی هه‌ماهه‌نگی به‌ دوو ساڵ زیندانی ته‌عزیری مه‌حكوم كرا. حوكمی ده‌ركراو له‌دژی ئه‌م هه‌ڵسووڕاوه‌ كرێكارییه‌ دواتر بۆ سێ مانگ و یه‌ك رۆژ زیندانی ته‌عزیری كه‌م كرایه‌وه‌.