كوروش به‌خشه‌نده‌ هه‌ڵسووڕاوی سوسیالیستی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری ماڵاوایی له‌ژیان كرد

226q
به‌ پێی هه‌واڵی گه‌یشتوو، سه‌عات ٤ی ئێواره‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ ١٤ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، هه‌ڵسووڕاوی سوسیالیستی بزووتنه‌وه‌ی كرێكاری كوروش به‌خشه‌نده‌ له‌‌ شاری سنه‌ ماڵاوایی له‌ ژیان كرد.
سه‌عات ٤ی ئێواره‌ی رۆژی پێنجشه‌ممه‌ هه‌ڵسووڕاوی كرێكاری كوروش به‌خشه‌نده‌ له‌ نێو بازاڕی ئه‌و شاره‌ تووشی ئیستی قه‌لبی بوو و گیانی له‌ده‌ستدا. ته‌رمی ئه‌م هه‌ڵسووڕاوه‌ كرێكارییه‌ ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ی بێعسه‌تی شاری سنه‌ كرا و ئێستا له‌ ساردخانه‌ی ئه‌م بیمارستانه‌دا راگیراوه‌. ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ هه‌ڵسوڕاوانی كرێكاری و خه‌ڵكی شاری سنه‌ بۆ وه‌رگرتنه‌وه‌ی ته‌رمه‌كه‌ی له‌ به‌رده‌م بیمارستانی بێعسه‌ت كۆبوونه‌وه‌، به‌ڵام به‌ هۆی ئه‌وه‌یكه‌ كات دره‌نگ بوو، بڕیار درا كه‌ ته‌رمه‌كه‌ی سه‌عات ٧ی سه‌رله‌به‌یانی رۆژی جومعه‌ له‌ ساردخانه‌ی وه‌ربگیردرێته‌وه‌ و له‌ به‌هه‌شت محه‌ممه‌دی شاری سنه‌ ئه‌سپه‌رده‌ی خاك بكرێت. شایانی باسه‌ كوروش به‌خشه‌نده‌ له‌ ئه‌ندامانی كومیته‌ی هه‌ماهه‌نگی بۆ یارمه‌تیدان به‌ پێكهێنانی رێكخراوه‌ كرێكارییه‌كان و ئه‌ندامی هه‌یئه‌تی ئیجرایی كومیته‌ی دیفاع له‌ هه‌ڵسووڕاوانی كرێكاری مهاباد له‌ حاڵێكدا تووشی ئیستی قه‌لبی بوو كه‌ پێشتر له‌ نه‌خۆشخانه‌ی ره‌جایی تاران عه‌مه‌لی جه‌ڕاحی بۆكرابوو. ئه‌م هه‌ڵسووڕاوه‌ كرێكارییه‌ له‌ رێكه‌وتی ١٦ی مانگی ره‌شه‌ممه‌ی ٩٣ له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منیه‌تییه‌كانی رژیمه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ر و دوای تێپه‌ڕ كردنی دوو مانگ، به‌ قه‌راری وه‌سیقه‌ ئازاد كرابوو. پاشان له‌ رێكه‌وتی ٢٨ی مانگی ره‌زبه‌ری ئه‌مساڵ، له‌ لایه‌ن ده‌زگای قه‌زایی رژیمه‌وه‌ له‌ شاری سنه‌ به‌ تۆمه‌تی ئه‌ندامیه‌تی له‌ حێزبه‌كانی نه‌یاری رژیم، به‌شداری له‌ مه‌راسم و رێپێوانی ناڕه‌زایه‌تی و هه‌روه‌ها ئه‌ندامیه‌تی له‌ كومیته‌ی هه‌ماهه‌نگی به‌ دوو ساڵ زیندانی ته‌عزیری مه‌حكوم كرا. حوكمی ده‌ركراو له‌دژی ئه‌م هه‌ڵسووڕاوه‌ كرێكارییه‌ دواتر بۆ سێ مانگ و یه‌ك رۆژ زیندانی ته‌عزیری كه‌م كرایه‌وه‌.