كوژران و بریندار بوونی سه‌دان كرێكار

475y
به‌ پێی راپۆرته‌كان، له‌ ماوه‌ی رۆژانی دووشه‌ممه‌ و سێشه‌ممه‌ی‌ ئه‌م هه‌فته‌یه‌، به‌ هۆی رووداوی سه‌رچاوه‌گرتوو له‌ شوێنی كار، دوو كرێكار كوژران و سه‌دان كرێكاری دیكه‌یش بریندار بوون. ئێواره‌ی رۆژی دووشه‌ممه‌ ٤ی مانگی جۆزه‌ردان، به‌ هۆی پێكدادانی مینی بووسێكی هه‌ڵگری ١١ كه‌س له‌ كرێكارانی كارخانه‌ی “فو‌لادی كه‌ویر” له‌گه‌ڵ ئۆتۆمۆبیلێكی ترێلی، كرێكارێك كوژرا و ١٠ كرێكاری دیكه‌ش بریندار بوون و بارودۆخی ٣ كه‌سی دیكه‌ش خراپ راگه‌یه‌ندراوه‌. هه‌روه‌ها رۆژی سێشه‌ممه‌ ٥ی مانگی جۆزه‌ردان، یه‌كێكی دیكه‌ له‌ كرێكارانی برینداری كارخانه‌ی “فولادی خوزستان” كه‌ به‌ هۆی رژانی مه‌وادی موزاب به‌سه‌ریدا بریندار ببوو، گیانی له‌ده‌ستدا و به‌م شێوه‌یه‌ ژماره‌ی قوربانییانی ئه‌م رووداوه‌ گه‌یشته‌ دوو كه‌س. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ ئێواره‌ی رۆژی دووشه‌ممه‌ لانیكه‌م ١٩ كرێكاری شاغڵ له‌ فازی ١٩ی مه‌نته‌قه‌ تایبه‌تی عه‌سه‌لویه‌ به‌ هۆی خواردنی غه‌زای پیس و ناسالم، مه‌سمووم بوون و بۆ نه‌خۆشخانه‌ گواسترانه‌وه‌. شایانی باسه‌، ماوه‌یه‌ك له‌وه‌پێش هه‌واڵنێرییه‌كان له‌ راپۆرتێكی ته‌سویریدا سه‌باره‌ت به‌ بارودۆخی غه‌یره‌ بێهداشتی و ناسالمی ئاشپه‌زخانه‌كانی مه‌نته‌قه‌ی عه‌سه‌لویه‌ هۆشدارییان دابوو.