رۆژی پێنجشه‌ممه ٢٣ی مانگی رێبه‌ندان جارێكی دیكه خه‌ڵك تووڕه‌ی ئه‌هواز و ئابادان له ناڕه‌زایه‌تی به كه‌مته‌رخه‌می كاربه‌ده‌ستانی رژیم له به‌رانبه‌ر پیس بوونی مه‌ترسیداری كه‌ش و هه‌وا كۆبوونه‌وه.
له‌م رۆژه‌دا به درێژه‌ی بارودۆخی پیس بوونی كه‌ش و هه‌وا له شاری ئه‌هواز، ژماره‌یه‌ك له خه‌ڵك به كۆبوونه‌وه له بلواری ساحێلی به هه‌ڵگرتنی پلاكاردگه‌لێك خوازیاری پیڕاگه‌یشتنی كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی به گرفتی ئالوده‌گی كه‌ش و هه‌وای ئه‌م شاره بوون. ده‌وترێت كه له جه‌ریانی ئه‌م كۆبوونه‌وه، ژماره‌یه‌ك له خه‌ڵكی ناڕازی له لایه‌ن مه‌ئمورانی هێزی ئینتزامی دراونه‌ته به‌ر لێدان و ئه‌زیه‌ت و ئازار. هاوكات سه‌دان كه‌س له خه‌ڵكی ئابادانیش به كۆبوونه‌وه له به‌رده‌م نه‌خۆشخانه‌ی “خومه‌ینی” ئه‌م شاره، خوازیاری كرده‌وه‌ی ده‌ستبه‌جێی كاربه‌ده‌ستانی ده‌وڵه‌تی بۆ چاره‌سه‌ر كردنی كێشه‌ی ئالوده‌گی كه‌ش و هه‌وا بوون.