كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی له‌دژی په‌روه‌نده‌ی مه‌رگی فه‌رخۆنده‌ له‌ ئه‌فغانستان

633
رۆژی سێشه‌ممه‌ ١٩ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، ژماره‌یه‌ك له‌ ژنان و پیاوان له‌وانه‌ هه‌ڵسووڕاوانی مه‌ده‌نی ئه‌فغانستان به‌ به‌ڕێوه‌بردنی كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی له‌ پاركی “شه‌هرێ نه‌و”ی كابۆل، خوازیاری پێڕاگه‌یشتنی جیدی به‌ په‌روه‌نده‌ی قه‌تڵی فه‌رخۆنده‌ بوون.
ناڕازییان به‌ پێداگری له‌سه‌ر سزادانی بكوژانی فه‌رخۆنده‌، ده‌ڵێن: پێڕاگه‌یشتن به‌ په‌روه‌نده‌ی قه‌تڵی ئه‌م ژنه‌ لاوه‌ دره‌نگ چۆته‌ پێش و بێده‌نگ ماوه‌ته‌وه‌. دادگای ئێستینافی كابۆل مانگی پووشپه‌ڕی ئه‌مساڵ حوكمی چوار تۆمه‌تبار قه‌تڵی په‌روه‌نده‌ی “فه‌رخۆنده‌”ی له‌ ئێعدامه‌وه‌ بۆ زیندان كه‌م كرده‌وه‌. ئه‌م حوكمه‌ی دادگا، گه‌لێك ناڕه‌زایه‌تی به‌شوێنه‌وه‌ بوو. ئێستا هه‌ڵسووڕاوانی مه‌ده‌نی ده‌ڵێن دادگای دواتری پێڕاگه‌یشتن به‌م په‌روه‌نده‌یه‌ ده‌بێ به‌ شێوه‌ی ئاشكرا و عه‌له‌نی به‌ڕێوه‌بچێت. جێگای وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ یه‌كه‌م رۆژه‌كانی ئه‌مساڵی هه‌تاوی ژماره‌یه‌ك له‌ ئیسلامگه‌راكانی ئه‌فغانستان له‌ كابۆل “فه‌رخۆه‌نده‌”یان به‌ تۆمه‌تی “سووتاندنی قورئان” به‌ شێوه‌یه‌كی وه‌حشیانه‌ كوشت و پاشان ئاگریان دا. دوابه‌دوای ئه‌م جه‌نایه‌ته‌ ترسناكه‌، هه‌زاران كه‌س له‌ ئه‌فغانستان خۆپیشاندانیان وه‌ڕێخست و خوازیاری دادگایی كردنی سه‌به‌بكارانی قه‌تڵی وه‌حشیانه‌ی فه‌رخۆنده‌ بوون.