كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی موعه‌لیمانی ئێخراجی شاری سنه‌

162y
رۆژی سێشه‌ممه‌ ٨ی مانگی گوڵان، ژماره‌یه‌ك له‌و موعه‌لیمانه‌ی كه‌ به‌ هۆكاری سیاسی و عه‌قیده‌تی له‌لایه‌ن ئیداره‌ی ئاموزش و په‌روه‌رشی شاری سنه‌ ساڵی ٥٩ له‌سه‌ركار ئێخراج كرابوون، له‌ به‌رامبه‌ر ئۆستانداری ئه‌م شاره‌ كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیان وه‌ڕێخستبه‌ پێی راپۆرته‌كان، ٥٠ كه‌س له‌ موعه‌لیمانی له‌سه‌ركار ده‌ركراوی ساڵی ٥٩ له‌ ئیداره‌ی ئاموزش و په‌روه‌رشی سنه‌ به‌ بێده‌نگی له‌ به‌رامبه‌ر ئۆستانداری ئه‌م شاره‌، كۆبوونه‌وه‌ و خوازیاری به‌دواداچوونی په‌روه‌نده‌كانیان بوون. شایانی باسه‌ ساڵی ١٣٥٩ی هه‌تاوی ٣٣٤ موعه‌لیمی مه‌دره‌سه‌كانی شاری سنه‌ به‌ هۆكاری عه‌قیده‌تی و سیاسی له‌لایه‌ن ده‌زگا ئه‌منیه‌تییه‌كانی رژیمی كۆماری ئیسلامیه‌وه‌ له‌ ئیداره‌ی ئاموزش و په‌روه‌رشی ئه‌م شاره‌ ئێخراج كران. هه‌روه‌ها سه‌ره‌ڕای چه‌ندین جار كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی ئه‌م موعه‌لیمانه‌ بۆ به‌دواداچوونی په‌روه‌نده‌كانیان، به‌ڵام تا ئێستا له‌لایه‌ن ناوه‌نده‌كانی رژیمه‌وه‌ هیچ وڵامێكیان پێنه‌دراوه‌ته‌وه‌.