كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی په‌رستارانی نه‌خۆشخانه‌ی سینا له‌ تاران

26
رۆژی دووشه‌ممه‌ ١ی مانگی پۆشپه‌ڕ، ١٠٠ كه‌س له‌ په‌ره‌ستارانی نه‌خۆشخانه‌ی “سینا” له‌ تاران له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌ په‌رداخت نه‌كردنی حه‌قده‌سته‌ دواخراوه‌كانیان، له‌م نه‌خۆشخانه‌یه‌ كۆبوونه‌وه‌.به‌ وته‌ی په‌ره‌ستاران، ماوه‌یه‌ك له‌مه‌وبه‌ر به‌ڕێوبه‌ری نه‌خۆشخانه‌ به‌شێك له‌ حه‌قده‌ستی دواخراوی په‌ره‌ستارانی په‌رداخت كرد، به‌ڵام دوایی روون بۆوه‌ كه‌ رێژه‌ی په‌رداخت كردنه‌كان، هیچ پێوه‌ندیه‌كی به‌ سه‌نه‌واتی په‌ره‌ستارانه‌وه‌ نییه‌ و ئه‌م رێژه‌یه‌ زۆر كه‌مه‌. هه‌ر له‌ ناڕه‌زایه‌تی به‌م بابه‌ته‌، حیسابی سه‌رجه‌م په‌ره‌ستاران راگیرا تا مافی هه‌ڵگرتنی پوڵه‌كانیان نه‌بێت و رایانگه‌یاند، بۆ ئازاد كرانی حیسابه‌كانیان ده‌بێ بڕه‌ پولێك كه‌ وه‌كوو حه‌قده‌ستی دواخراو به‌ حیسابه‌كانیان واریز كراوه‌، بیگه‌ڕێنه‌وه‌. شایانی باسه‌ دوابه‌دوای ئه‌م ناڕه‌زایه‌تیانه‌، به‌ڕێوبه‌ری نه‌خۆشخانه‌، هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ په‌ره‌ستاران كردووه‌ كه‌ ئه‌گه‌ر كۆبوونه‌وه‌كه‌یان ته‌واو نه‌كه‌ن، له‌سه‌ركار ئێخراج ده‌كرێن.