كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تی په‌ره‌ستاران و پزیشكان له‌ شاره‌كانی ئیلام، سه‌حنه‌ و كرماشان

81
به‌ پێی راپۆرته‌كان، له‌ ماوه‌ی رۆژانی رابردوودا، ژماره‌یه‌ك له‌ په‌ره‌ستاران و پزیشكان له‌ شاره‌كانی “ئیلام، سه‌حنه‌ و كرماشان”، له‌ ئێعتراز به‌ دواخرانی حه‌قده‌سته‌كانیان كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیان وه‌ڕێخست. به‌ پێی ئه‌م راپۆرته‌، رۆژی شه‌ممه‌ ١٣ی مانگی پووشپه‌ڕ، ژماره‌یه‌ك له‌ په‌ره‌ستارانی نه‌خۆشخانه‌ی “چه‌مران”ی شاری ئیلام، سه‌باره‌ت به‌ هه‌ڵاوردن و زیاد نه‌كردنی حه‌قده‌سته‌كانیان، كۆبوونه‌وه‌ و خوازیاری جێبه‌جی كردنی داخوازییه‌كانیان بوون. له‌م پێوه‌نده‌دا، ژماره‌یه‌ك له‌ پزیشكانی ئاوایی “گودین”ی سه‌ربه‌ شاری سه‌حنه‌ له‌ ئۆستانی كرماشان، له‌ ئێعتراز به‌ نه‌درانی ٤ مانگ حه‌قده‌ست، كۆبوونه‌وه‌ و خوازیاری په‌رداختی حه‌قده‌سته‌كانیان بوون. هه‌ر له‌م رۆژه‌دا، ژماره‌یه‌ك له‌ كارمه‌ندانی قه‌راردادی دانیشگای زانسته‌ پزیشكییه‌كانی كرماشان كه‌ ماوه‌ی سێ مانگه‌ له‌ وه‌رگرتنی حه‌قده‌سته‌كانیان بێبه‌ش كراون، كۆبوونه‌وه‌ی ناڕه‌زایه‌تیان وه‌ڕێخست.