كۆبوونه‌وه‌ی هه‌ڵسووڕاوانی ژینگه‌پارێز بۆ پشتیوانی له‌ كه‌مپه‌ینی سوورمه‌لێ

833
رێوڕەسمی کۆبوونەوەی پشتیوانی لە کێوی سورمەلێ دێهگولان بە بەشداری کۆمەڵێکی بەرچاو لە خەڵکی شارەکانی کوردستان و ژینگەدۆستان لە ناڕەزایەتی بە خستنە مەترسی سرووشتی جوانی کێوی سوورمەلێ و دەوروبەری، لە شاری دێهگولان بەرێوەچوو.
بە پێی ھەواڵەكان، رۆژی جومعه‌ ٢٩ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر کەمپەینی پشتیوانی لە کێوی سورمەلێ دێهگولان بە بەشداری ژماره‌یه‌كی بەرچاو لە خەڵکی دێهگولان، ئاوایی سرنجیانە و گروپ و ئەنجومەنە ژینگە پارێزییەکان لەوانە “کۆمەڵەی شەیدای سەوزی لەیلاخ، ئەنجۆمەنی روفتەگەرانی سرووشت، چالاکانی مەدەنی لەیلاخ و گروپی شاخەوانی سنخناخی سنە و ھەروەھا ژینگەدۆستانێک کە بە شێوەی تاکەکەسی لە شارە جۆراوجۆرەکانه‌وه‌ بەشداری ھەڵمەتەکانی “کەمپەینی رزگار كردنی سورمەلێ” بوون، بەرێوەچوو. جێگای وه‌بیرهێنانه‌وه‌یه‌ رۆژی سێشەممە ٢٧ی مانگی خه‌زه‌ڵوه‌ر، زیاتر لە ٥٠ کەس لە هاوڵاتیانی شاری دێهگولان لە ناڕەزایەتی بە لەناوچوونی ژینگەی کێوی “سورمەلێ” کۆبوونەوە و لە نامەیەکدا کە ھەموویان ئیمزایان کردبوو، داوای دەستراگرتنی لەناوبردنی کێوی سورمەلێ بە بیانووی کانگا و ھەڵتەکاندنی ناوچەکەیان کرد.