له‌ خۆڕاگری شکۆداری خەڵکی کوردستانی تورکیە پشتیوانی بكه‌ین

بەپێی راپۆرتەکان، رۆژی ٢ی مانگی رەزبەر هێزەکانی پۆلیسی تورکیە خەڵکی تێکۆشەری شارستانی فارقین لە کوردستانی تورکیەیان دایه‌ به‌ر هێرش. هێرشی هێزەکانی پۆلیس بە ئامانجی تێکشکاندنی خۆڕاگری خەڵکی ئەم شارە و هەوڵدانیان بۆ رێکخستنی ناوەندەکانی حاکمیەتی خەڵکی بەڕێوە چووە.سه‌ره‌ڕای ئەوەیکە هێزە سەرکوتگەرەکان لە گوللەی جەنگی و گازی فرمێسکڕێژ بۆ بەرەنگار بوونەوەی ژنان و پیاوانی مافخواز کەڵکیان وەرگرتووە، بەڵام نەیانتوانیوە خۆڕاگری ئەوان تێکبشکێنن و بە ناچاری لە گەڕەکەکانی شاری فارقین کشانەوە. هێرشی پۆلیس هاوکات لەگەڵ چوونی ئەحمەد داود ئۆغڵو سەرۆک وەزیری تورکیە بۆ شاری ئامێد و سوخەنڕانی ریاکارانەی لە مزگەوتی جامیعەی شار سەبارەت بە ئاشتی لەگەڵ کوردەکان بەڕێوەچوو. سەرۆک وەزیری تورکیە لە حاڵێکدا باسی ئاشتی لەگەڵ خەڵکی کوردستانی تورکیە دەکات کە هێزەکانی ئەڕتەشی ئەم وڵاتە ناوچەکانی دەوروبەری “جولەمێرگ، شرناخ، وان، سرت، چولک، بدلیس، درسیم و ئامێد”یان میلیتاریزە کردوە و له‌ هیچ چه‌شنه‌ هێرش و ده‌ستدرێژییه‌ك بۆسه‌ر خه‌ڵك ده‌ست ناپارێزن. بەپێی ئه‌م راپۆرتانه‌، ژنان و پیاوانی تێکۆشەر لە شار و شارۆچکەکانی ئەم ناوچانەدا بە وشیاریەوە پارێزگاری لە ناوچە هەستیارەکانی شارە جۆراوجۆرەکان دەکەن و لەگەڵ نزیک بوونەوەی هێزە چەکدارەکانی ئەڕتەشی تورکیە بە دروست کردنی زنجیرەی ئینسانی هەوڵ ئەدەن بەر بە ئەنجامدانی عەمەلیاتەکانیان بگرن.542

رێكه‌وتی ٤ی مانگی رەزبەر هێزە چەکدارەکانی تورکیە هەوڵیاندا گۆڕستانی گیانبەختکردوانی خەڵک واتە گەریلاکانی پ. کا. کا، خه‌باتكارانی یەکینەکانی پاراستنی گەل و یەکینەکانی پاراستنی ژنان لە ناحیەی لایس، هەڵکەوتوو لە شاری ئامێد، تێك بده‌ن. به‌ڵام خەڵکی ئازادیخوازی ئه‌م شاره‌ بەشێوەیەکی رێکخراو بە پێکهێنانی زنجیرەی ئینسانی و بە دانی دروشمی “سەرکوت ناتوانێ بمانترسێنێ”، بەریان بە هەوڵی ترسەنۆکانەی هێزە چەکدارەکان گرت. هێزەکانی ئەڕتەشی تورکیە پێشتر بە کەڵک وەرگرتن لە هەموو جۆرە چەکێک لە شارەکانی ئاگری، وارتۆ و گەڕەکی جودی بەشێک لە گۆڕستانی گیانبەختکردوانیان تێکدابوو.
شاری جزیرە هەڵکەوتوو لە ئوستانی شرناخی کوردستانی تورکیەش کە لە رۆژی ٥ی سیپتامبرەوە بۆ ماوەی ٩ شەوانە رۆژ لە گەمارۆی هێزەکانی ئەڕتەشدا بوو، هەروا لەبەردەم هێرشی هێزەکانی پۆلیس دایە. ژنان و پیاوانی تێکۆشەری ئەم شارە کە لە هێندێک لە گەڕەکەکان لە دروست کردنی ناوەندەکانی “خۆ بەڕیوەبەریدا” پێش هه‌نگاو بوون، بە وشیاریەوە بەر بە هێرشی شەوانەی پۆلیس بۆسەر هەڵسوڕاوانی ڕێکخراوە خۆبەڕێوەبەرکان دەگرن. ژنان و پیاوانی ئازادی خوازی ئەم شارە بە دابه‌ش كردنی کەلوپەلی جێی پێداویستی لەنێو ئەو بنەماڵانەدا کە لە جەریانی گەمارۆ و حکومەتی نیزامی ٩ رۆژەی دەوڵەتی تورکیەدا ماڵەکانیان لەدەستداوە، رۆحیەی یەکێتی و هاوپشتیان لەنێو خەڵکی شارەکەدا بەهێز کردووە.
کوردستانی تورکیە لە حاڵێکدا بۆتە یەکپارچە لە خەبات و خۆراگری، کە ئەڕتەشی تورکیە لە ٢ مانگ لەوەپێشەوە بە بیانوی تۆڵە کردنەوەی عەمەلیاتی هێزەکانی پ. کا. کا و به‌ره‌وڕوو بوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ تیرۆریزم، هێرشێکی بەرینی بۆسەر شار و ناوچە جۆراوجۆرەکانی کوردستانی تورکیە دەست پێکردووە و ئەم ناوچانەی میلیتاریزە کردووە. بەڵام سەرەڕای ئیدیعاکانی دەوڵەتی تورکیە، رەوتی رووداوەکان لەم مانگانەی دواییدا دەرخەری ئەم ڕاستیەن کە سەرانی دەوڵەتی تورکیە و ئاک پارتی بۆ قەرەبوو كردنه‌وه‌ی شکستی هەڵبژاردنی ٧ی ژوئێن ئەم هێرشە بەرینەیان سازمان داوە و سیاسەتە فاشیستیەکانی خۆیان لەدژی بزوتنەوەی رەوای خەڵکی کوردستان توند کردۆتەوە. ڕاستیەکەی ئەوەیە کە مەوقعیەتی حیزبی ئیسلامی “داد و گەشە پێدان” دوای شکست هێنانی سیاسەتە ناوچەییەکانی ئەم حیزبە و پەرەسەندنی ناڕەزایەتی خەڵک لە سەرتاسەری تورکیە و سەرکەوتنی حیزبی یەکێتی دیمکراتیکی گەلان لە هەڵبژاردنی ٧ی ژوئێندا گەلێک لاواز بووە. ئەم بارودۆخە ئاواتەکانی ئۆردوغانی بۆ بوونی بە سەرکۆمارێکی بەهێز و خاوەن ئیقتیدار بەسەر دیکتاتۆڕیەکی پاڕلمانیدا لە گۆڕ ناوە. ئێستا کە باس لە سەر دوبارە کردنەوەی هەڵبژاردنە، حیزبی ئاک پارتی کە لە پاڵ گەندەڵی ئابووریەکەیدا پەروەندەی پشتیوانی لە ئیخوان موسلمین لە میسر، ئەلنێهزە لە تونێس و ڕەوتە ئیسلامیەکانی لیبی و هاوکاری کردن لەگەڵ داعشی له‌ژێر پاڵ دایه‌ و لەنێو خەڵکی کوردستان و توێژی ئازادیخواز و سیکۆلاری دژی داعش لە سەرتاسەری تورکیە بێزراوتر بووە، بە میلیتاریزە کردنی کوردستان و پەرەدان بە دەمارگرژی دواکەوتوانەی ناسیۆنالیستی و شۆوینیستی پان تورکیستی ناتوانێ ئەو هاوسەنگی هێزەی ئێستا تێکبدات و کۆتایی بە بونبەستی سیاسەتەکانی بێنێ.
دەوڵەتی تورکیە لە ٣ مانگ لەوەپێشەوە تا ئێستا بە توند کردنەوەی كه‌ش و هه‌وای سەرکوت و گرتن و زیندانی کردنی ئینسانە ئازادیخوازەکان لەنێو تورکیەدا، بە توند کردنەوەی میلیتاریسم و بۆمباران کردنی پایەگاکانی پ. کا. کا لە خاکی کورستانی عێڕاق، هەوڵدان بۆ دروست کردنی ناوچەی بۆشایی لە خاکی سوریە و بەرگرتن لە بەیەکەوە پەیوەست بوونی ٣ کانتۆنە خۆ بەڕیوەبەرەکانی جه‌زیره‌، عه‌فرین و كۆبانی له‌ کوردستانی ئەم وڵاتە و سەرئەنجام بە هێرشی بەرین و بەربڵاو کردنە سەر شارەکانی کوردستانی توركیه‌، لە هەوڵدایە تا شکست و ناکامیەکانی قەرەبوو بکاتەوە. دەوڵەتی تورکیە دەیەوێ ڕەوتی وتووێژ لەگەڵ پ. کا. کا و پرۆسەی ناسراو بە ئاشتی لەگەڵ کوردەکان لە بەین بەرێت، چونكه‌ لە هاوسەنگی هێزی ئێستادا و دوای سەرکەوتنی حیزبی دیموکراتیکی گەلان لە هەلبژاردندا و بەرز بوونەوەی رۆحیەی خەباتکارانە لە کوردستانی تورکیە و پێشڕەویە نیزامیەکانی “یەکینەکانی پاراستنی گەل” لە کوردستانی سوریە لەدژی هێزەکانی داعش، درێژەدان بە وتووێژی “ئاشتی” بە زیانی بەرژەوەندیەکانی خۆی دەبینێ. لەم روەوە دەوڵەتی تورکیە دەیەوێ بە توند کردنەوەی فەزای جەنگی لە کوردستان و هەڵخڕاندنی ئەفکاری دواکەوتوانەی ناسیۆنالیستی و شۆوینیستی لە ئاستی سەرتاسەریدا بە ئامانجە شوم و دزێوەکانی بگات.
بەڵام هەر ئەو جۆرەی کە چاوەڕوان دەکرا و خەبات و خۆڕاگری خەڵک نیشانی داوە، ئەم سیاسەتانە نەک هەر خەڵکیان چاوترسێن نەکردووە بەڵکو لەگەڵ سەد و بەربەستی بەرینی بزوتنەوەیەکی جەماوەری و بەرز بوونەوەی ڕۆحیەی خۆڕاگری و تێکۆشان لە کوردستانی تورکیەدا بەرەو روو بۆتەوە. گومانی تێدا نییە کە درێژەی ئەم سیاسەتانە بێجگە لە شکست و ڕێسوایی و سەر شۆڕی زیاتر بۆ سەرانی حکومەتی ئۆدوغان ئاکامێکی دیکەی بەشوێنەوە نابێت. دەوڵەتی ئۆردوغان بەم سیاسەتانەی نەتەنیا ناتوانێ برینی قوڵی ناکامیە ئابووری، سیاسی و شکستە نیزامیەکانی سارێژ بکاته‌وه‌، بەڵکو قوڵ تریشیان دەکاتەوە. خه‌بات و خۆڕاگری شكۆداری خه‌ڵكی كوردستانی توركیه‌ شایسته‌ی هه‌ر جۆره‌ دیفاع و پشتیوانییه‌كه‌.