له‌ یادی پێنجه‌مین ساڵی له‌ سێداره‌دانی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و هاورێیانیدا

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ ١٩ی مانگی گوڵان ساڵڕۆژی له‌سێداره‌دانی فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر و یارانی ئه‌وه‌. ئه‌مڕۆ له‌كاتێكدا یادی ئه‌و ئازیزانه‌ ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ كۆمه‌ڵگای كوردستان جارێكی دیكه‌ كه‌وتووه‌ته‌ به‌رده‌م ئه‌زمونێكی دیكه‌وه‌. جه‌ماوه‌ری شاری مه‌هه‌باد به‌رانبه‌ر به‌ جینایه‌تێك كه‌ رژیمی كۆماری ئیسلامی، به‌پێی ناوه‌روكی دژ به‌ ژن، كه‌ بناغه‌ی بیروباوه‌ری له‌سه‌ری دامه‌زراوه‌، به‌پێی ناوه‌روكی سه‌رمایه‌دارانه‌ی كه‌ هه‌رگێز به‌رژه‌وه‌ندی سه‌رمایه‌دارێك ناخاته‌ به‌ر بێعیداله‌تێك كه‌ دژ به‌ ئینسانێكی سته‌ملیكراو كرا بێت، به‌پێی سیاسه‌ته‌ێك كه‌ بناغه‌كه‌ی له‌سه‌ر دیكتاتوریه‌ت و چاوترسین كردنی خه‌ڵك دامه‌زراوه‌، له‌ هه‌وڵی په‌رده‌پووشكردنی دایه‌، قاره‌مانانه‌ خرۆشان. ئه‌م رۆژانه‌ له‌هه‌مانكاتدا رۆژانی پڕ له‌ ئیش و ئازاری ئیعدامی چه‌ندین رۆله‌ی تیكوشه‌ری خه‌ڵكی كوردستانمان بیر ده‌خه‌نه‌و پێنج ساڵ له‌مه‌وبه‌ر له‌وه‌ها رۆژێكدا، “فه‌رزاد كه‌مانگه‌ر، عه‌لی حه‌یده‌ریان، شیرین عه‌له‌م هولی، فه‌رهاد وه‌كیلی و مهێدی ئیسلامیان سه‌ره‌ڕای ناڕه‌زایه‌تی ده‌ربڕینێكی جه‌ماوه‌ری له‌ئاستی كوردستان و ئێران و جیهان، رژیمی كۆماری ئیسلامی به‌پێی سیاسه‌تێكی له‌پێشدا داڕێژراو بڕیاری ئیعدامی ئه‌م تێكۆشه‌رانه‌ی ده‌ركرد و به‌ڕێوه‌ی برد.له‌ناو ئه‌م گیانبه‌ختكردووانه‌دا فه‌رزادی كه‌مانگه‌ر به‌تایبه‌ت سیمایه‌كی ناسراو و خۆشه‌ویستی جه‌ماوه‌ر بوو.فه‌رزاد كه‌مانگه‌ر له‌ ساڵی ١٣٥٥ له‌ شاری كامیاران له‌ دایك بوو. دوای وه‌رگرتنی دیپلۆم بۆ ماوه‌ی ٤ ساڵ خه‌ریكی كاری وانه‌ وتنه‌وه‌ له‌ دێهاته‌كانی كامیاران بوو. دواتر له‌ بابه‌تی ده‌رونناسی زانكۆی “په‌یام نوور”ی شاری سنه‌ درێژه‌ی به‌ خوێندن دا و دوای ته‌واو كردنی زانكۆ سه‌رله‌نوێ گه‌رایه‌وه‌ بۆ كامیاران و په‌روه‌رده‌ و بارهێنانی ئه‌و منداڵانه‌ی كه‌ ئه‌ویندارانه‌ خۆشیده‌ویستن، درێژه‌پێدا. فه‌رزاد له‌ مانگی پوشپه‌ڕی ساڵی ١٣٨٥ له‌ سه‌فه‌رێكدا بۆ تاران له‌ لایه‌ن مه‌ئمورانی ڕژیمه‌وه‌ گیرا و تا كاتی گیانبه‌خت كردنی به‌رده‌وام له‌ژێر ئه‌شكه‌نجه‌ و ئازاری جه‌سته‌یی و ڕۆحیدا بوو. فه‌رزاد له‌ هه‌موو ده‌ورانی بازجویی و ئه‌شكه‌جه‌دا نمونه‌ی قاره‌مانێكی خۆڕاگر بوو.426

فه‌رزاد ته‌نیا موعه‌لیمێكی شۆرشگێر نه‌بوو، به‌ڵكوو نمونه‌ی ئینساندۆستێك به‌ مانای واقعی ووشه بوو. ئه‌و عاشقی مناڵان، پارێزه‌ری مافی ژنان، هاوخه‌باتی كرێكاران و دووژمه‌نی ستمه‌كاران و چه‌وسێنه‌ران بوو. فه‌رزاد ئه‌دیبێكی خۆش زه‌وق و خاوه‌ن شێوه‌ی تایبه‌ت به‌ خۆی بوو. فه‌رزاد شۆرشگێرێكی سوسیالیست بوو. ئه‌و ئه‌وه‌نده‌ی كه دڵی له‌ لای مناڵانی بێبه‌شی ئاواییه‌كانی دواكه‌وتوو راگیراوی كوردستان بوو، بیری له‌ مناڵانی پاپه‌تی حاشیه‌ی شاره‌كانی ئێران و مناڵانی سه‌رشه‌قام له‌ برزیل و هێندوستان و كێژوله‌كانی قوربانی بانده‌كانی بازه‌رگانی سێكس له‌ تایله‌ند و فیلیپینیش ده‌كرده‌وه‌. فه‌رزاد وه‌كوو موعه‌لیمێكی شۆرشگێری خاوه‌ن بیروباوه‌رێكی ئه‌نترناسیونالیستی، ته‌نیا بیری له‌‌م خوێندكارانه‌ی كه له‌ سه‌ر كلاسه‌كه‌ی خۆی بوون، نه‌ده‌كرده‌وه‌. ئه‌و بیری له‌ هه‌موو ئه‌و مناڵانه‌ی كه ته‌نانه‌ت مه‌دره‌سه‌یه‌كی ژێر كه‌پریشیان ده‌ست ناكه‌وێ، بیری له‌ به‌ سه‌دان ملیۆن مناڵ له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان ده‌كرده‌وه‌ كه له‌ مه‌دره‌سه‌ و له‌ خوێندن بێبه‌شن. ئه‌و شۆرشگێرانه خه‌باتی ده‌كرد و له‌ رێگای بیر و بۆچوون و رێبازێكی ئه‌نترناسیونالیستیدا گیانی به‌ختكرد. ئه‌مانه ئه‌م راستیانه‌ن كه له‌ ره‌فتار و كردار و وته‌كانی فه‌رزاددا ئه‌یانبینین. هه‌ر بوویه كه‌سێك بۆ نییه به‌ ووشه‌گه‌لێكی وه‌كوو “مامۆستای كورد” پێناسه‌یه‌كی به‌رچاوته‌نگی ناسیونالیستی پێی ببخشێت. ئه‌م له‌ چه‌شنی موعه‌لیمگه‌لێكی وه‌ك “سه‌مه‌د بێهره‌نگی و به‌همه‌ن عێزه‌تی و خسرو ره‌شیدیان” و كه‌سانی تری له‌ چه‌شنی ئه‌وان بوو. فه‌رزاد ده‌ستكه‌وتی به‌شه‌ریه‌ت بوو، ده‌ستكه‌وتی هه‌موو ره‌نجده‌رانی جیهان بوو.فه‌رزاد له‌ كوردستان چاوی به‌ ژین پشكوتبوو و ژیانی خۆیشی نابووه‌ پێناوی بێبه‌ش ترین مناڵانی كوردستان، به‌ڵام ئه‌ندێشه‌ی به‌رزی و ئاواته‌ گه‌وره‌كانی ئه‌و هه‌ر دیارده‌یه‌كی كه ناوی سته‌می به‌ سه‌ره‌وه‌ بێت و له‌ هه‌ر گوشه‌یه‌كی ئه‌م جیهانه به‌رێوه‌بچێت، ده‌گرته‌ به‌ر.  ئه‌و له‌ هه‌مان كاتدا كه موعه‌لیمێكی شۆرشگێر بوو و ئه‌ركی خزمه‌ت كردن به‌ مناڵانی ئاواییه‌كانی دواكه‌وتووی كوردستانی وه‌ئه‌ستۆ گرتبوو، له‌ هه‌مان كاتدا كه له‌ دژی سته‌می نه‌ته‌وایه‌تی له‌ سه‌ر نه‌ته‌وه‌ی كورد خه‌باتی ده‌كرد، بیری له‌ هه‌ر چه‌شنه‌ سته‌مێك له‌ سه‌رتاسه‌ری جیهان ده‌كرده‌وه‌. چاو له‌و نووسراوه‌نه‌ بكه‌ن كه بۆ دیفاع له‌ خۆی له‌ زیندان له‌ ژێر ئه‌شكه‌نجه‌دا نووسیویه‌تی، چاو له‌و نامانه‌ بكه‌ن كه به‌ كه‌لێن و كه‌له‌به‌ری زیندانه‌كه‌یدا رێگای ده‌ره‌وه‌یان دۆزیوه‌ته‌وه‌، تا ئه‌و راستیانه به‌ ئاشكرا ببنین.فه‌رزاد ئه‌دیبێكی به‌توانا و خاوه‌ن سه‌بك بوو. شۆڕشگێڕێكی سوسیالیست بوو. ئه‌و هه‌ر به‌و ڕاده‌یه‌ی كه‌ به‌دڵ ئوینداری منداڵانی بێبه‌شی دێهاته‌ دواكه‌وتوو ڕاگیراوه‌كانی كوردستان بوو، له‌ ناخه‌وه‌ بیری له‌ مناڵانی پێپه‌تی قه‌راخ شاره‌كانی ئێران و مناڵانی سه‌ر شه‌قامی وڵاتانی بریزیل و هێند و كچانی قوربانی بانده‌كانی بازرگانی سێكس له‌ تایله‌ند و فیلیپینیش ده‌كرده‌وه‌.خۆشه‌ویستی فه‌رزاد به‌‌جۆرێك به‌ ناخی خه‌ڵكدا رۆچوه‌ كه‌ هه‌ركه‌سه‌ و ده‌یه‌وێت به‌جۆرێك رێز له‌ یاد و بیره‌وه‌ری ئه‌م تێكۆشه‌ره‌ شێلگیره‌ بگرێت. هه‌ر ئێستا زۆرێك له‌و كه‌سانه‌ی فه‌رزادیان خۆشده‌وێت، منداڵه‌كانیان ناوده‌نێن فه‌رزاد. خه‌ڵكی كامیاران سه‌ره‌كی ترین چوار ڕێیانی شاره‌كه‌یان به‌ ناوی فه‌رزاده‌وه‌ كردوه‌. فه‌رهاد وه‌كیلی، له‌دایك بووی شاری سنه‌ و باوكی ٣ منداڵ و جێگری پێشوی مودیری ئیداره‌ی كه‌شاوه‌رزی ئه‌م شاره‌ بوو. ئه‌و له‌ مانگی گوڵانی ساڵی ١٣٨٦ دا گیرا و چه‌ندین مانگ له‌ زیندانه‌كانی سنه‌، كرماشان و تاراندا كه‌وته‌به‌ر شكه‌نجه‌ و ئه‌زیه‌ت و ئازار. فه‌رهاد وه‌كیلی له‌ نامه‌یه‌كدا كه‌ له‌ زیندانه‌وه‌ نوسیویه‌تی، ده‌ڵێ : “له‌ بێدادگایه‌كی ١٠ ده‌قیقه‌ییدا به‌ ئێعدام مه‌حكوم كرام، به‌ڵام ئه‌گه‌ر رۆژێ ده‌جار ئێعدامم بكه‌ن و دیسان زیندوو بمه‌وه‌ سه‌رله‌نوێ هاوارده‌كه‌م ئازادی.عه‌لی حه‌یده‌ریان له‌دایك بووی شاری سنه‌ بوو. هاوكات له‌گه‌ڵ فه‌رهاد وه‌كیلی گیرا و كه‌وته‌ ژێر توندترین ئه‌شكه‌نجه‌وه‌ و ئه‌ویش له‌ بێدادگایه‌كی ١٠ ده‌قیقه‌ییدا له‌ مانگی سه‌رماوه‌زی ١٣٨٦ به‌ تاوانی ئه‌ندامیه‌تی له‌ حیزبی كرێكارانی كوردستان به‌ ئێعدام مه‌حكوم كرا. شیرین عه‌له‌م هولی ئاته‌شگا، له‌دایك بووی ساڵی ١٣٦٠ له‌ ئاوایی “دێمی قشلاق” هه‌ڵكه‌وتوو له‌ ده‌وروبه‌ری شاری ماكۆ بوو. شیرین له‌ ساڵی ١٣٨٧ له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی ئیتلاعاتی سپاوه‌ گیرا و دوای ٢١ رۆژ گواستیانه‌وه‌‌ بۆ ئه‌شكه‌نجه‌گایه‌ك له‌ تاران. ئه‌و دوای تێپه‌ڕ كردنی ساڵێك و نۆ مانگ زیندان له‌ گرتووخانه‌ی ئێوین له‌ رۆژی هه‌شتی سه‌رماوه‌ز هه‌ر ئه‌و ساڵه‌ به‌ تاوانی ئه‌ندام بوون له‌ رێكخراوی پژاكدا حوكمی ئێعدامی به‌سه‌ردا سه‌پا.مێهدی ئیسلامیان خه‌ڵكی شیراز بوو. ئه‌و له‌ مانگی خاكه‌لێوه‌ی ساڵی ١٣٨٧ دا گیرا بوو. ئه‌و له‌به‌ر ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی كه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا ئاڕاسته‌ی برای گیانبه‌خت كردووی، موحسین ئیسلامیان كرا بوو، ده‌كه‌وێته‌به‌ر غه‌زه‌بی قازی و له‌ بێداگای كۆماری ئیسلامیدا به‌ ئێعدام مه‌حكوم ده‌كرێت.له‌م رۆژه‌دا و له‌ ساڵیاد گیانبه‌ختكردنی فه‌رزاد و هاوڕێیانی هاوبه‌ندی، عه‌لی حه‌یده‌ریان، شیرین عه‌له‌م هولی، فه‌رهاد وه‌كیلی و مهێدی ئیسلامیاندا هه‌زاران سڵاو و دروود ده‌نێرین بۆ گیانی ئازیزیان و بۆ بنه‌ماڵه‌ سه‌ربه‌رزه‌كانیان و نه‌فره‌ت و بێزاری خۆمان له‌و جینایه‌ته‌ی رژیمی كۆماری ئیسلامی ده‌رده‌بڕین. خۆینی ئه‌و ئازیزانه‌ش تیكه‌لاوی خۆینی فه‌رینازی جوانه‌مه‌رگ بوو. ئه‌و فه‌رینازه‌ی كه‌ هێمای سته‌مكیشی ژن بوو. كۆماری جینایه‌ت و سێداره‌ی ئیسلامی سه‌ره‌نجام رۆژێك له‌ رۆژان كه‌ ناتۆانێت زۆریش دوور بێت، تاوانی ئه‌م كرده‌وانه‌ی كه‌ دادگای عه‌داله‌تی جه‌ماوه‌ردا ده‌داته‌وه‌. خرۆشی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی مه‌هه‌باد و پشتیوانی به‌هێزی جه‌ماوه‌ری خه‌ڵكی كوردستان، موژده‌ده‌ری وه‌ها رۆژێكن.